ناونیشانی بابەت: گرنگترین هۆکارەکانی ئازاری قوولەپێ و ڕێگا چارەکانی
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
هەر پێکانێک یاخوود برینداریەک یاخوود نەخۆشییەک لە بەشەکانی قوولەپێدا ئازار و ناڕەحەتی درووستدەکات. کە ئەویش پێکهاتووە لە ئێسکەکانی قاچ و پێ ، بەستەرەکان ، ماسوولکە و ژێی ماسوولکەکان، و شانە نەرمەکانی دەورووبەریا.
=KTML_Bold=گرنگترین ئەو هۆکارانەی ئازاری قوولەپێ درووستدەکەن ئەمانەن:=KTML_End=
- لەجێچوون و ئازارگەیشتن بە قوولەپێ بەهۆی بادانی قوولەپێ لەکاتی وەرزش یاخوود کەوتن یاخوود جووڵەیەکی هەڵە.
- پێکان و شکانی یەکێک یان زیاتر لە یەکێک لە ئێسکەکانی قوولەپێ.
- هەوکردنی ژێی ماسوولکەکانی دەوری قوولەپێ.
- هەوکردنی کیسی بێرسای دەوریزێی ماسوولکەکانی قوولەپێ و تێزانی ئاو تیایاندا و هەڵئاوسان.
- داخورانی جومگەی قوولەپێ کە ئەمیش بەهۆی خراپ بەکارهێنان و ئەزێتدانی جومگەکەوە بەتایبەت لەکەسی سەروو شەست وپێنج ساڵدا یاخوود بەهۆی نەخۆشی ڕۆماتیزمەکانەوە.
- فلات فووت یاخوود ئەو کەسانەی بنی پێیان تەختە و قەوسی تەواویان نییە.
- نەخۆشی دەردەشاهانە و دەردەشاهانەی درۆزن داء الملوک.
- نەخۆشی لوپەس کە حاڵەتێکی دەگمەنە و ئازاری جومگەکان درووستدەکات.
- هەوکردن و سووربوونەوەی خانەی پێستی قوولەپێ یاخوود هەوکردنی ئێسکەکان بەهۆی بەکتیریاوە.
=KTML_Bold=دەستنیشانکردن:=KTML_End=
لەڕێگای پشکنینی سەریری لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە و هەروەها هەندێکجار لەهەندێک نەخۆشیدا پێویستی بە ئەنجامدانی هەندێک پشکنینی خوێن هەیە وەک لە حاڵەتی دەردەشاهانە و ڕۆماتیزم ، ئەنجامدانی سۆنەر و تیشکی ئێکس ڕەی بۆ زانینی هەر هەوکردن و شکانێک لە بەستەر و ئێسکەکاندا، ئەگەر بەم پشکنینانە نەتوانرا دەستنیشانبکرێن ئەوا دەبێت ئەشیعەی تەنووری بگیرێت.
=KTML_Bold=چارەسەرکردن:=KTML_End=
- پشوو: هەر کاتێک تووشی پێکان بوویت دەبێت پشووی پێبدەیت و هەوڵ بدەیت قاچ و پێیەکانت بە بەرزی ڕاگریت.
- دانانی سەهۆڵ یاخوود پاکی سارد بۆ ماوەی پانزە خوولەک لەشوێنی ئازارەکە، نابێت لە بیست خوولەک زیاتر بێت کاتەکەی.
- بەستنی باندج یاخوود کیفی قوولەپێ بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکە، بەڵام ئاگاداربە نابێت زۆر بە تووندی ببەسترێت.
- بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردنە ناستیرۆیدەکان کە هەوکردن کەمدەکەنەوەو ئازاریش ناهێڵن، بەڵام نابێت بێ ڕای پزیشکی پسپۆڕ بخورێت چونکە زیانی هەیە لە هەندێک کەسدا بەتایبەت ئەوانەی کێشەی دڵ و گورچیلەیان هەیە.
- لەهەندێک حاڵەتدا کە هەوکردن و ئاوتێزان ڕوودەدات لە جومگەکەدا پێویستی بە ڕاکێشانی ئاو دەکات لە جومگەکە و هەروەها ئەنجامدانی دەرزی دژە هەوکردن بۆ جومگەکە.
- ئەنجامدانی دەرزی پلازما لەکاتی برینداربوونی بەستەر و ژێی ماسوولکەکانی دەوری قوولەپێ کە ئەمیش لەوانەیە سێ جەلسەی بوێت.
- چارەسەرکردن بە ئامێری شۆک وەیڤ بۆ جومگەکە و بەستەر و ژێی ماسوولکەکانی دەوروبەری کە هەوکردن و کلسی زیادە و داخوران ناهێڵێت، ئەمیش پێویستی بە چەند جەلسەیەک هەیە.
- چارەسەری سرووشتی و ئەنجامدانی وەرزشی تایبەت بۆ بەهێزکردنی ماسوولکە و بەستەری دەوری قوولەپێ.
- نەشتەرگەری کە لەهەندێک حاڵەتی شکان و پچڕانی بەستەر و ژێی ماسوولکەکان پێویست دەکات.
=KTML_Bold=ئەو کەسانە کێن کە ئازاری قوولەپێیان زیاتر بۆ درووست دەبێت؟=KTML_End=
- ئەو کەسانەی کە هەندێک وەرزش دەکەن کە ڕێژەی پێکان زۆرە تیایاندا وەک فوتبۆڵێن و ئەو وەرزشانەی بازهەڵدان و ڕاکردنی زۆری تیادایە.
- ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو پەنجا ساڵە.
- ئەو کەسانەی کێشی جەستەیان زۆرە و فشارێکی زۆر دەخەنە سەر قولەپێیان.
- ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەپێوە دەوەستن. [1]