ناونیشانی بابەت: کیسی بەیکەر (baker cyst) یاخود کیسی پشت ئەژنۆ چییە؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
بریتییە لە کۆبوونەوەی شلەمەنی لە کیسێکدا لە پشتی ئەژنۆ، بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی ساڵی«1800»ە کاندا دکتۆر ویلیام مۆرانت بەیکەر باسی لەم کیسە کرد، بۆیە ناوەکەشی هەر لەوەوە هاتووە کە پێی دەوترێت کیسی بەیکەر.
=KTML_Bold=هۆکارەکانی:=KTML_End=
ئەم کیسە بەهۆی کێشەی جومگەی ئەژنۆ و برینداربوونی و تێکشکاندنی جومگەی ئەژنۆ وە دەبێت ، کە لەوانەیە ئەم هۆکارانە بن:
، - داخوران و سەوەفانی جومگەکە یاخوود نەخۆش ڕۆماتیزمی جومگەکە.
- تەقینی کرکڕاگەکان بێت، کە دەبنە هۆی درووستبوونی شلەی زیادە و کۆبوونەوەی لە کیسی پشتی ئەژنۆدا.
- لەکاتی نەخۆشی دەردەشاهانەدا.
=KTML_Bold=نیشانەکانی:=KTML_End=
زۆر جار نیشانەی نییە ، بەڵام کاتێک بە ڕێژەیەکی زۆر گەورە دەبێت دەبێتە هۆی درووستبوونی ئازار و هەندێک جاریش کە دەتەقێت ئازار لە لاق و پوزدا درووستدەکات ، بە گشتی نیشانەکانی بریتییە لە:
- هەستکردن بە بوونی تەنێکی وەک هەڵمات یاخوود گرێیەک لە پشتی ئەژنۆدا.
- ئازار و هەڵئاوسانی جومگەکە.
- ڕەقبوونی ئەژنۆکە و لەدەستدانی توانای ڕێککردنەوە یاخوود چەمانەوەی جومگەکە.
- هەندێک جار دەبێتە هۆی سڕی قاچەکان و ئازار و سووربوونەوە و هەڵئاوسان لە پوزدا.
=KTML_Bold=دەستنیشانکردنی:=KTML_End=
لەڕێگای نیشانەکانی و پشکنینی سەریری پزیشکەکە، لەگەڵیدا لە ڕێگای ئەنجامدانی سۆنەر یاخوود تیشکی تەنووری جومگەکە. ئەم کیسە لە ڕێگای تیشکی ئێکس ڕەی واتە تیشکی ڕەش و سپی جومگەکە دەرناکەوێت ، تەنیا کاتێک کلس درووست بێت لەناو کیسەکەدا دەردەکەوێت.
=KTML_Bold=چارەسەرکردنی:=KTML_End=
زۆربەی جار چارەسەری ئەم کیسە نەشتەرگەری ناوێت و لەڕێگای دەرمان و چارەسەری سرووشتی و دەرزی لێدان چارەسەر دەبێت .
1- پشوودان بە جومگەکە و بەرزکردنەوە و بەستنی بە باندج و بەکارهێنانی پاکی سارد بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی جومگەکە.
باشترە لەکاتی بوونی کیسدا ئەو وەرزشانە ئەنجام نەدرێت کە فشار دەخەنە سەر جومگەکە و هەوڵبدرێت نەخۆشەکە کێشی لەشی دابەزێت و لەکاتی ڕۆیشتندا گۆچان بەکاربهێنێت.
2- بەکارهێنانی دژە هەوکردنە ناستیرۆیدەکان بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی جومگەکە.
3- لابردنی شلەی ناو کیسەکە و پاککردنەوەی جومگەکە و ئەنجامدانی دەرزی ستیرۆید بۆ ناو کیسەکە و جومگەکە کە ئەمەش دەبێت لەژێر چاودێری ئامێری سۆنەردا بێت بۆ ڕێگری کردن لە درووستبوونەوەی کیسەکە .
4- هەندێکجار پێویست دەکات نازووری ئەژنۆ ئەنجامبدرێت بۆ لابردنی کڕکڕاگەی تەقیوو کە دەبێتە هۆی درووستکردنی کیسەکە و هەندێک جاریش کە پێکهاتەی ناو کیسەکە بوو بە کلس پێویست دەکات بە نەشتەرگەری لاببرێت.
تێبینی: ڤیدێۆکە لابردن و پاکردنەوە و کونکردنی کیسی بەیکەر و ئەنجامدانی دەرزی ستیرۆید بۆ چارەخوازێکی ئازیزمان، کە خۆشحاڵانە دوای مانگێک بەهیچ جۆرێک کیسەکەی نەمابوو. [1]