ناونیشانی بابەت: پڕۆسەی هەڵبژاردن لەڕووی پراکتیکییەوە
ئامادەکردن: #دڵشاد نامیق#
نەبوون یان لاوازی هەر یەکێک لەو بنەمایانە دەبێتە مایەی ئەوەی هەڵبژاردنەکان بکەونە ژێر پرسیارەوە، بەشێکی گرنگی ئەو بنەمایانە بریتییە لەبابەتە کرداریەکانی هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن هەر لەدەستپێکەوە هەتا کۆتاییەکەی، لەم ڕوانگەیەوە لەم بابەتەدا بەشێوەیەکی پوخت باسی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێن و پێویستییەکانی دەکەین لەدەستپێکەوە هەتا کۆتایی.
=KTML_Bold=قۆناغەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن:=KTML_End=
یەکەم: چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردن:
هەبوونی چوارچێوەی یاسایی بۆهەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن وەک نەخشەڕێگای پڕۆسەکە وایە، بریتییە لە چەند یاسایەک کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانەوە وبەشێوەیەک بەشێوەکان کاریگەریان لەسەر پڕۆسەکە هەیە، ئەمانیش بەگشتی لە چەند یاسایەک پێکدێت وەک (دەستووری وڵات، یاساکانی هەڵبژاردن، یاسای حیزبەکان) هەروەها یاساو ڕێسا و ڕێوشوێنە ڕێککاریەکانیش دەگرێتەوە کە دەزگای بەڕێوەبەری هەڵبژاردن دەریدەکات وەک ڕێسا ڕێککاریەکان و پەیمان نامەی شەرەف.
بەنیسبەت هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەم یاسایانە پەیوەست وبەرکارن بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان: یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (1992) هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانی هەموارکراو، وە یاسای ژمارەی (17) ی ساڵی 1993 کە بەسایای حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ناسراوە، وە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وڕاپرسی هەرێمی کوردستان ژمارە (4) ی ساڵی (2010) ، لەگەڵ هەردوو پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی ژمارە (1) ی ساڵی (2015) و پەیڕەوی ناوخۆی کارگێڕی هەڵبژاردن ژمارە (2) ی ساڵی (2015) ، کە لەلایەن ئەنجومەتی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستانەوە دەرکراون، لەگەڵ پەیڕەوی ژمارە (1) ی ساڵی 2018ی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان تایبەت بە (پەیڕەوی ئامادەکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و خستنەڕوی تانەکان، بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان) .
لەگەڵ هەر پەیڕە و وڕێکارێکی تر کەلەوبارەیەوە دەربچێت لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، لەوانە ڕێسای ڕەفتاری قەوارەسیاسییەکان و یەیڕەوی ڕۆژی دەنگدان و ڕێککاری جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان.
دووەم: بەڕیوەبردنی هەڵبژاردن:
بریتییە لەو دەزگایەی کە بەرپرسە لە ئەنجامدان وبەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان وسەرپەرشتیکردنی هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆسەکە، ئەم دەزگایەش لەهەر وڵاتێک بە جۆرێک ڕێکدەخرێت وچەندین ناوی جیاوازی هەیە، وەک (لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەکان، لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، فەرمانگەی کاروباری هەڵبژاردنەکان، کۆمیسۆنی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنەکان….) لە هەرێمی کوردستان ناوی ئەو دەزگایە (کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) یە و لەپێی یاساکەی بەتەواوی لەڕوی ئیداری و داراییەوە سەربەخۆیە.
شێوازی جیاوازیش هەیە بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان، لەهەندێک دەوڵەت حکومەت خۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبات، لەهەندێ وڵاتیش دەزگای سەربەخۆ بەڕێوەی دەبەن ولەهەندێ وڵاتی تریش تێکەڵەیەکە لەهەردوو شێوازەکە.
پێویستە ئەوە بڵێین کە کاری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن زۆر گرنگ وپڕ بایەخە، چونکە بۆ بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد پێویستە ئەو دەزگایەی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات یاسا وڕێسای تایبەت و ڕۆشن وگشتگیری هەبێت بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی پڕۆسەکە، کە گەرەنتی چاودێریەکی تۆکمە و شەفافیەتێکی گشتگیر بکات.
سێ یەم: دەستنیشانکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن:
ئەم پڕۆسەیە بەوە دەبێت کە هەموو وڵات دابەش دەکرێت بۆ چەند بەش و بازنەیەکی هەڵبژاردن، ئەمەش بە مەبەستی ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان، جاری واهەیە هەموو وڵات بەیەک بازنەی هەڵبژاردن هەژارمار دەکرێت، هەندێ جاریش بەپێی دابەشکردنە ئیداریەکان ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن دیاریدەکرێن.
هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان ئەو نموونەیەی وەرگرتووە کە سەرجەم هەرێم یەک بازنەی هەڵبژاردنە و تەواوی دەنگەکان لەسەر ئاستی هەرێم هەژماردەکرێت، بەڵام دەوڵەتی ئێراق بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق وڵاتەکەی دابەشکردووە بۆ سەر هەژدە بازنەی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی پارێزگاکانی ئێراق، کە دەنگەکانی هەر بازنەیەک لە سنووری خۆیدا هەژماردەکرێت و کاندیدەکانیش لە سنووری یەک بازنەدا کێبەرکێ دەکەن.
چوارەم: تۆماری دەنگدەران:
ئەم بەشە گرنگی خۆی هەیە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا و چەند ڕویەک لەخۆی دەگرێت:
1- لیستی دەنگدان (سجل الناخبین) : ئەم تۆمارە بریتییە لە لیستی ناو وزانیاری ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە لەهەڵبژاردنەکاندا و لەڕوی یاساییەوە لەو مافە بێ بەش نەکراون و لەم لیستەدا تۆمارکراون.
2- تۆمارکردنی دەنگدەران (تسجیل الناخبین) : ئەمەش بریتییە لە قۆناغی تۆمارکردن وداخڵکردنی زانیاریەکانی دەنگدەران لە تۆماری دەنگدەراندا، کە بەشێوەکی ڕێکوپێک ڕێکدەخرێن بەپێیناوچەی نیشتەجێبوون وبنکە و ناوەندەکانی دەنگدان.
3- بەڵگەنامەی دەنگدان: بریتییە لەو بەڵگەنامەیەی کە دەدرێت بەدەنگدەر بۆ دڵنیابوونی ناوەکەی لەتۆمارەکەدا و لە ڕێگەی ئەو بەڵگەنامەیەوە دەنگی خۆی دەدات لە ڕۆژی دەنگدان، ئەمەش بەپێی یاسای هەڵبژاردن لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، بۆ نموونە لەهەندێ وڵان کارتی دەنگدان لەلایەن دەزگای سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانەوە دەدرێتە ئەو دەنگدەرانەی ناویان لەتۆماردا هەیە، وەک ئەوەی لە ئێراقدا کرا لەپێدانی کارتی بایۆمەتری دەنگدان، بەڵام بەنیسبەت هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانی 2018 کارتی دەنگدان بۆ دەنگدەر درووستنەکراوە و نەیشکراوەتە مەرجی دەنگدان، بەڵکوو دەنگدەر ئەگەر ناوی لەتۆمارەکەدا هەبوو ئەوا ڕۆژی دەنگدان بە یەکێک لەم سێ بەڵگەنامە یاساییە دەتوانێت دەنگی خۆی بدات (ڕەگەزنامەی ئێراقی، کارتی نیشتمانی، پاسپۆرتی ئێراقی کە بەروارەکەی بەسەر نەچوبێت) .
4- بڵاوکردنەوەی لیستی دەنگدەران: بۆ ئەوەی دەنگدەران و ئەوانەی خۆیان تۆمارکردووە دڵنیاببنەوە لە هەبوونی ناویان لە لیستی دەنگدەراندا، دەبێت لیستی دەنگدەران ماوەیەکی دیاریکراو پێش هەڵبژاردن لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە بڵاوبکرێتەوە ومافی دەنگدەرانە بەدواداچوون بۆ ناو و زانیاری خۆیان بکەن، ئەمەش لە ڕێگەی لیستێکی سەرەتاییەوە دەبێت کە پێوسیتە بەماوەی نوێکردنەوەدا تێپەڕببێت بۆ ئەوەی شێوازی کۆتایی خۆی وەرگرێت.
5- نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران: واتە نوێکردنەوەی زانیاریەکانی ناو تۆماری دەنگدەران بەشێوەیەکی خولی، مەرج نییە.هەموو خولیێکی هەڵبژاردن سەرلەنوێ تۆمارێکی تازە ڕێکبخرێتەوە، بەڵکوو هەر ئەو تۆمارە بنەڕەتییەی دەنگدەران کەهەیە هەموو خولێکی هەڵبژاردن پێوسیتە نوێ بکرێتەوە، ئەویش بەوەی پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت بەشێوەیەکی ورد لەپێناو نوێکردنەوەی زانیاریەکانی دەنگدەرانی ناو تۆمارەکەدا، وەک لابردنی ناوی ئەوانەی کە مردوون، زیادکردنی ناوی ئەوانەی کە دەبنە خاوەنی مافی دەنگدان، ئەپدەیتکردنەوەی زانیاری ئەوکەسانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان گۆڕیوە، پێداچوونەوە بە ئینتیشاری هەڵبژاردن و ڕێکخستنەوەی ناوەند و بنکەکانی دەنگدان بەپێی پێوسیت، هەموو نوێکردنەوەیەکیش ئەمانە لەخۆی دەگرێت:
أ- کوژاندنەوەی ناوی ئەو کەسانەی کە مردوون. ب- ناوی ئەو کەسانە زیاد دەکرێت کە تەمەنیان گەیشتووتە ئاستی یاسایی دەنگدان. ج- ئەو کەسانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕاوە شوێنی نیشتەجێی نوێیان دەنووسرێت. د- هەرکەسێک هەڵە لە زانیاریەکانی هەبێت بۆی ڕاست دەکرێتەوە. ھ- ئینتیشاری بنکە و ناوەندەکان بەپێی تۆماری نوێ دادەڕێژرێتەوە.
پێنجەم: ئەوانەی مافی دنگدانیان هەیە:
بۆ پێدانی مافی دەنگدان پشت بە بنەما یاساییەکانی ئەو وڵاتە دەبەسترێت کە هەڵبژاردنی تیادا ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەکی گشتی هەموو وڵاتان مافی دەنگدان تەنیا بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خۆیان دەدەن، واتە ئەوانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەن، ئیدی لەناوخۆی وڵات بن یان لەدرەوەی وڵات بن، لەگەڵ ئەوەش هەندێ جار ڕیزپەڕ لەمەدا هەیە، لەبارەی تەمەنی دەنگدەریشەوە جیاوازی هەیە لەنێوان وڵاتاندا، لەهەندێ وڵات ئەو کەسانە مافی دەنگدانیان هەیە کە 18 ساڵیان تەواوکردووە، ژمارەیەک وڵاتیش 21 ساڵی دەکەنە پێوەری مافی دەنگدان.
لە بواری جیاکاری ڕەگەزیشەوە، پێوەری دیموکراسی وبێگەردی هەڵبژاردن ئەوەیە کە جیاکاری نەکرێت لەسەر بنەمای ئایین و ڕەگەز و نەتەوە و مەزهەب و… لەپێدانی مافی دەنگداندا، بەڵکوو تەنیا بنەمای هاووڵاتیبوون بکرێتە پێوەر، بەڵام لەهەندێ وڵاتی دواکەوتوو تا ئێستاش مافی دەنگدان بە ئافرەت نەدراوە.
شەشەم: چاودێریکردنی هەڵبژاردن:
پڕۆسەی هەڵبژاردن پێویستی بە چاودێریکردن هەیە، ئەویش خۆی پڕۆسەیەکە لەڕیگەیەوە چاودێران هەڵدەستن بە چاودێری وئاگابوون لە هەڵبژاردنەکان و سەرجەم ڕێ وشوێنەکانی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی پێویست لەبارەیەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەگونجێتلەگەڵ چوارچێوەی یاسایی و پێوەرە نێودەوڵەتی وجیهانییە.انی هەڵبژاردن یاخود نا، ئەم چاودێریکردنەیش لە ڕێگەی دەزگا تایبەتمەندەکانەوە دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی ئەنجامدەری هەڵبژاردن، لە هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن دەکرێت، لایەنەکانی چاودێریکردنیش دەکرێت ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی بن، ئامانجیش لە چاودێریکردنی هەڵبژاردن بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی (ئازاد و بێگەرد) ئەنجامدراون، بەپێی ئەم پێوەرانە:
1- هەڵبژاردنەکە گشتی بێت: واتە دەنگدان و خۆکاندیدکردن مسۆگەر و دەستەبەرکرابێت بۆ هەموو ئەوانەی کە بەپێی سایا مافیان هەبووە، وەیاساکە دادپەروەری ڕەچاوکردبێت.
2- هەبوونی یەکسانی لە هەڵبژاردنەکەدا: واتە یەکسانی لە دەنگدان و یەکسانی لە دابەشکردنی کورسییەکان، بەشێوەیەک کە بەپێی توانا ڕێژەی دانیشتووان بەپێی بازنەکانی هەڵبژاردن یەکسان بێت، هەموو کەسێک تەنیا یەک جار مافی دەنگدانی هەبێت، هەموو کەسێک دەرفەتی یەکسانی هەبێت کە بەئاسانی دەنگی خۆی بدات.
3- هەڵبژاردنێکی ئازادبێت: ئەمەش واتە مسۆگەرکردنی ئازادی تەواو بۆ دەنگدەر کە بەویستی خۆی دەنگبدات بەپێی بیروبۆچوونی خۆی بەدور لە چاودێری و فشار بە و قەوارە سیاسیەی کە خۆی مەبەستییەتی.
حەوتەم: خشتەی کاتی بۆ هەڵبژاردنەکان:
واتە دانانی خشتەیەکی کاتی ڕوون کە تیایدا بەوردی ئەرکەکانی هاوبەشەکانی هەڵبژاردن دیاریکرابێت، ئەرکی کۆمیسیۆن وقەوارە سیاسییەکان وڕێکخراوەکان وچاودێرەکان ودەزگاڕاگەیاندنەکان…، هەروەها وادەکانی پەیوەست بەهەڵبژاردن ڕوونکرابێتەوە بەپێی بەروار وەک ماوەی خۆتۆمارکردن، ماوەی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان، ڕۆژی دەنگدان، شێوازی دەنگدان، ماوەی تانە و سکاڵاکان، وادەی گەیشتن و دابەشکردنی کەلوپەلەکان، وادەی کردنەوە وداخستنی بنکەکان… .
هەشتەم: کاندیدکردن:
کاندید ئەو کەسەیە کە کە بەشێوەی فەرمیتۆماردەکرێت و دەپاڵێورێت بۆ بەشداری لە کێبەرکێی هەڵبژاردن، ئیتر ئەمە بەشیوەی تاکە کەسی بێت وەک پاڵێوراوێکی سەربەخۆ، یاخود لە ڕێگەی حیزبێکی بەشداری پڕۆسەکەوە بێت وەک پاڵێوراوێکی حیزبی، بەنیسبەت هەرێمی کوردستانەوە کاندیدەکان لە ڕێگەی لیستی قەوارەسیاسییەکانەوە دەچنە کێبەرکێی هەڵبژاردنەوە، واتە کاندیدی سەربەخۆ بوونی نییە. بەڵکوو لە ڕێگەی لیستی نیمچەکراوەیە وهەر لیستێکیش لە 3کەس کەمتر نییە. پڕۆسەی کاندیدابوونیش ئەم قۆناغانە دەگرێتەوە:
1- ناونانی پاڵێوراوەکان: بریتییە لەو هەنگاوەی کە تیایدا حیزب و قەوارە سیاسییەکان لیستەکانیان و تاکەکانیش داواکاری خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکان پێشکەش دەکەن، ئەمەش دەبێت بەپێی ئەو مەرجانە بێت کەیاسا بۆ پاڵێوراوەکانی دیاری دەکات، بەپێی پۆستە جیاوازەکان کە هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت.
2- کشانەوەی پاڵاوتن: بریتییە لە کشانەوەی کاندید یاخود پاڵێوراو لە هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن کە خۆی بۆ کاندیدکردووە یاخود کاندیدکراوە بۆی لەلایەن قەوارەیەکی سیاسیەوە.
3- بڵاوکردنەوەی زانیاری کاندیدەکان: دوای پڕۆسەی وردبینی کردن، پاڵاوتن قۆناغی کۆتایی وەردەگرێت وناوەکان پەسەند دەکرێن لەلایەن دامەزراوەی هەڵبژاردنەوە، پێویستە ئەو دەزگایەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبان هەستێت بەبڵاوکردنەوەی زانیاریەکانی هەموو کاندیدەکان بۆ ڕای گشتی.
4- تانەدان: ئەمە بریتییە لەپڕۆسەی چاوخشاندنەوە بەشێوەیەکی یاسایی بە شایستەیی وشیاوی کاندیدەکان بۆ پاڵاوتنیان، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەشێوەی ڕەسمی و یاسایی دەگاتە کۆمیسیۆن و لایەنی پەیوەندیدار دەربارەی کاندیدەکان، لێرەدا ئەگەر بەپێی یاسا پەیوەندیدارەکان سەرپێچییەک هەبێت چاو بە پاڵاوتنیدا دەخشێنرێتەوە و ڕێککاری یاسایی لەبەرانبەردا دەگیرێتە بەر.
5- بڵاوکردنەوەی کۆتایی لیستی پاڵێوراوان وزانیاریەکانیان: ئەمەیان بریتییە لە بڵاوکردنەوە وڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی پاڵێوراوەکان، دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان وهەڵسەنگاندنی کۆتایی، کە ئیتر هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای ئەو لیستانە ئەنجامدەدرێت.
نۆیەم: هەڵمەتی هەڵبژاردن:
هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە بەشێکی دانەبڕاو لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دادەنرێت، هیچ پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن بە تەواو دانانرێت ئەگەر ڕێگە بەوە نەدرێت هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی ڕێکوپێک وڕوون وئاشکرای تیاداهەبێت، هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بریتییە لە چەندین چالاکی سیاسی وجەماوەری، کە تیایدا قەوارە سیاسییەکانی بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕاوسەرنج وبەرنامە وپرۆگرامی خۆیان دەگەیەننە دەنگدەران، لەنموونەی چالاکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بریتین لە چاوپێکەوتن وکۆبوونەوەی جەماوەری وکۆنفرانس و وتارخوێندنەوە وبەرنامەی تەلەڤزیۆنی وچالاکی تری میدیایی وگفتۆگۆ وڕووبەڕووبوونەوەی نێوان کاندیدەکان…، ئەمەش لەپێناوی گەیاندنی بەرنامەی هەڵبژاردنی پاڵێوراوەکان وقەوارە سیاسییەکانە بە دەنگدەرەکان وکۆکردنەوەی پشتیووانییە.بۆ بەرنامەکانیان، هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکرێت هەرجۆرە میکانیزمێک لەمیکانیزمەکانی دیموکراسی تیادا بەکاربهێنرێت، بەڵام لایەتی ڕێکخەری هەڵبژاردن (کۆمیسیۆن) بە پشت بەستن بەیاسا پەیڕە و و ڕێککاری پێویست لەبارەی بانگەشەوە دەردەکات وتیایدا سزای جۆراوجۆر بۆئەو لایەن وکەسانە دیاریدەکات کە پێشێلی بنەما دیموکراسییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەن، یاخود پەنا وەبەر میکانیزمی توندوتیژ وناشارستانی دەبەن، یانیش ڕێککارە یاساییە بەرکارەکان پێشێل دەکەن کە بۆ ئەو بابەتە دانراوە، سزاکان لە غەرامەی داراییەوە دەستپێدەکات وهەندێ لەو سزایان دەگاتە ئاستی دورخستنەوەی کاندید یان قەوارە سیاسیەکە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن.
وەک نەریتیش هەڵمەتی هەڵبژاردن لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە زانیاری کاندیدەکان بەتەواوی یەکلایی دەکرێتەوە و لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسەند دەکرێن، وە بەماوەیەک پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن کۆتایی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەهێنرێت.
دەیەم: دەنگدان:
پڕۆسەی دەنگدان دوا کردارە کە دەنگدەر ئەنجامی دەدات لەپڕۆسەی هەڵبژاردندا، خودی دەنگدانیش لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە دەنگدەرەکان دەچنە ناو شوێنی دیاریکراو بۆ دەنگدان ودەنگەکانیان لە ڕێگەی کارت یان وەرەقەی دەنگدانەوە دەدەن وسەرجەم ڕێوشوێنەکان جێبەجێ دەکەن، ئەو شوێنەیش کە دەنگی لێدەدرێت وخودی دەنگدانەکەیش چەند هەنگاو و ڕێوشوێنێکە بەم شێوەیە:
1- بنکەی دەنگدان (مرکز الاقتراع) : ئەو شوێنەیە کە دانراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی دەنگدان تیایدا ودەنگدەر ڕوی تێدەکات بە مەبەستی بەئەنجام گەیاندنی کرداری دەنگدان، ئەم بنکەیەش بەسەرپەرشتی کارمەندێکی ئەو دەزگایە دەبێت کە پڕۆسەی دەنگدان بەڕیوەدەبات (کۆمیسیۆن) ، بنکەی دەنگدانیش ڕەنگە پێکبێت لە یەک وێستگەی دەنگدان یان چەند وێستگەیەکی دەنگدان، لەهەندی وڵاتیش هاووڵاتی هەر لەخودی بنکەکەدا دەنگ دەدات و وێستگەی دەنگدان بوونی نییە. لە هەرێمی کوردستان سیستەمی بنکە و وێستگە کاری پێدەکرێت، کە هەر بنکەیەک لە چەند وێستگەیەک پێکدێت.
2- وێستگەی دەنگدان (مرکز الاقتراع) : بریتییە لە یەک ژووی تایبەت بەدەنگدان، کە بەڕێوەبەرێک وچەند فەرمانبەرێکی هەیە ودەکەوێتە ناو بنکەی دەنگدانەوە وکرداری دەنگدانەکەی تیادا ئەنجامدەدرێت لەلایەن دەنگدەرەوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ماوەی دەنگدانەکەوە بەڕوی دەنگدەراندا دەکرێتەوە.
3- کارمەندی دەنگدان: یەکێکە لە فەرمانبەرەکانی کارگێڕی هەڵبژاردن کە بەشداری دەکات لە بەڕێوەبردنی کارەکانی وێستگە یان بنکەی دەنگداندا لە ڕۆژی دەنگدان، هەر وێستگەیەکی دەنگدان پێنج کارمەند یان زیاتری پێویستە.
4- شوێنی نهێنی دەنگدان: بریتییە لە کابینەیەکی بچوک لەناو وێستگەی دەنگداندا کە لەناویدا دەنگدەر بەوپەڕی نهێنییە.ە دەنگەکەی خۆی دەدات بەدور لەهیچ چاودێری وفشارێک، ئیتر زۆرجار ئەم شوێنە بەپەردە یان تەختە یان ژوری کارتۆن وپلاستیک درووستدەکرێت، بە مەرجێک نەتوانرێت لەدەرەوە دەنگدەرەکەی ناوی ببینرێت لەکاتی دەنگدانەکەیدا و دەنگەکەی ئاشکرا نەبێت.
5- سندوقی دەنگدان: ئەمەیان سندوقێکە بەقەبارەیەکی دیاریکراو کە دەنگدەر دوای دیاریکردنی لیست و کاندیدی دڵخوازی خۆی، کارتی دەنگدانەکەی تێدەکات لە ڕێگەی دەرچەیەکەوە کە لەسەرەوەی سندوقەکەدایە، ئەم سندوقە بە یەکێک لە ئامرازە هەستیارەکانی هەڵبژاردن دادەنرێت، لەسەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانەکەدا پێش ئەوەی یەکەم کەس دەنگ بدات، لەلایەن کارمەندانی هەڵبژاردنی وێستگەکەوە بەتاڵی سندوقەکە دەسەلمێنرێت بۆهەموو ئەوانەی کە لەوێ ئامادەن وەک نوێنەری قەوارە سیاسییەکان وچاودێرانی هەڵبژارنەکە، بەبەتاڵی پیشانیان دەدرێت، ئەم سندوقە لە ڕێگەی کڵۆم (قفڵ) ی تایبەتەوە کە کۆدی لەسەرە، سەرەکەی دادەخرێت، تەنیا دەرچەی سەرەوەی دەهێڵدرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگدەر کارتەکەی لێوە بخاتەناوی، دوای تەواو بوونی کاتی دەنگدان ئەو دەرچەیەش بەکڵۆمێکی هاوشێوەی کڵۆمەکانی تر دادەخرێت و کۆدی سەرجەم کڵۆمەکان لە فۆڕمێکی تایبەت دەنووسرێت لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدانەوە.
6- کارتی دەنگدان (ورقة الاقتراع) : کارتێکی تایبەتە وبەپێی تایبەتمەندی پڕۆسەی دەنگدانەکە دیزاینکراوە وڕێکخراوە، ناوی کاندید یان قەوارەسیاسییەکانی بەشدار لەهەڵبژاردنەکەی لەسەرە لەگەڵ لۆگۆکانیان، ڕۆژی دەنگدان دەدرێتە دەنگدەر بۆ ئەوەی چاوی پیابخشێنێت وبەویستی خۆی ئەوکەس یان لایەنە هەڵبژێرێت کە خۆی دەیەوێت، ئەویش لەڕیگەی دانانی نیشانەیەک لەسەر ئەو (سیمبول، لۆگۆ، وێنە، لیست…) ەی کە خۆی دەیەوێت ولەسەر کارتەکە هەیە.
بۆ ڕاپرسییەکانیش نیشانەکە لەلایەن دەنگدەرەوە لە بەردەم بەڵێ یان نەخێر دادەنرێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی لەسەر کارتەکە هەیە وئاڕاستەی دەنگدەر کراوە.
یازدەیەم: داخستنی بنکە و وێستگە وسندوقی دەنگدان:
ئەم قۆناغە یەکەم هەنگاوی کاتی تەواوبوونی ماوەی دەنگدانە، لەدوای ئەوەی ئەو ماوەیە تەواو دەبێت کە بۆ پڕۆسەی دەنگدان دانراوە، سەرەتا ئەو دەنگدەرانەی لە ڕیزدا وەستاون لە بەردەم بنکەی دەنگدان دەکرێنە ناو بنکەکەوە ودەرگای بنکەی دەنگدان دادەخرێت کە چەند وێستگەیەک لەخۆی دەگرێت، ئیتر ڕێگە بە دەنگدەری تر نادرێت بچنە ژورەوە، دوای ئەوەی ئەو دەنگدەرانەی هاتوونەتە ژوورەوە هەر یەکە و لەوێشتگەی خۆی دەنگ دەدات ئیتر وێستگەی دەنگدانیش دادەخرێت، پاشان دوای دەنگدانی کۆتا دەنگدەر سندوقی دەنگدانی هەر وێستگەیەکیش بەکڵۆمێکی تایبەت دادەخرێت بەبەرچاوی بریکاری قەوارەسیاسییەکان وچاودێرانی هەڵبژاردنەکەوە، کە بۆیان هەیە کۆدی کڵۆمەکانی سندوقەکە لای خۆیان تۆماربکەن، دوای ئەوە پڕۆسەیەک دەستپێدەکات کەژماردن وجیاکردنەوەی دەنگەکانە لەهەروێستگەیەکدا.
بەنیسبەت هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانەوە، کاتژمێر 6ی ئێوارە سەرجەم بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دادەخرێن ودەنگدان وپڕۆسەی دەنگدان کۆتایی دێت.
دوازدەیەم: ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان:
ئەمە کۆتا قۆناغی پڕۆسەی دەنگدانە، کە دوای داخستنی وێسگەکە دەست دەکرێت بەژماردن وپاشان جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەمەش زۆرجار بەدەست دەکرێت وهەندێ جاریش بەئامێری ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا هەربەدەست ئەنجامدراوە، بەڵام لە ئێراق لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران پشت بە هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی بەسترا، بەڵام ناڕەزاییەکی توندی لێکەوتەوە و بووبەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی ئێراق لەکاربخرێت وئەنجامی هەژماری ئەلیکترۆنی هەڵبوەشێتەوە، شوێن وکاتی ژماردن وجیاکردنەوەش بەوپێیەی کە یاساکانی هەڵبژاردن دیاریکردووە دەگۆڕێت، لەهەندێ وڵات وەک ئێراق ئەمە لە وێستگەکاندا دەکرێت ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، لەهەندێ وڵاتیش لە ناوەندێکی تایبەت ئەنجامدەدرێت، ئەوەی گرنگە پێویستە ژماردن وجیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەیەکی ڕوون وئاشکرابێت وپڕۆسەی چاودێریکردن ڕێگەی پێ بدرێت، وە میکانیزمی پێویست بۆ ئەم مەبەستە بگیرێتە بەر.
بەنیسبەت هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە 2018 دا، هەژماردن و جیاکردنەوە بەدەست و لەوێشتگەی دەنگداندا دەکرێت وجارێکی تر لەسەر ئاستی پارێزگا هەژمار ناکرێتەوە مەگەر سکاڵا هەبێت.
سیازدەیەم: چارەسەرکردنی ناکۆکی وناڕەزاییەکان:
تانە وناڕەزایی وپەڵپ وسکاڵاکانی هەرپڕۆسەیەکی هەڵبژاردن بابەتێکە پێویستی بەچارەسەرکردن هەیە، کە تیایدا تەماشای هەموو ئەو سکڵاو تانانە دەکرێت کە لەلایەن لایەنی ڕێگە پێدراوەوە تۆمارکراون سەبارەت بەپڕۆسەکە ولەناوەرۆکەکانیان دەکۆڵرێتەوە، ئیتر سکاڵاکە پەیوەست بێت بەهەر قۆناغێکەوە جیاوازی نییە.وهەموویان یەکلایی دەکرێنەوە بەپێی یاسای هەڵبژاردن ویاساکارپێکراوەکانی تر کەپەیوەستن بەپڕۆسەکەوە.
چواردەیەم: گواستنەوەی ئەنجامەکان:
ئەم بابەتە لە وڵاتێک بۆ وڵاتیکی تر دەگۆڕێت، ئەمەش پڕۆسەیەکە بریتییە لە گواستنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دوای ژماردن وجیاکردنەوەیان، ئەمەش دوای ئەوە دەبێت کە فۆڕمی ئەنجامەکان ئیمزا دەکرێت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە (کەبریتین لە بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگدان یان بەڕێوەبەری وێستگە دەنگدان، کارمەندانی هەڵبژاردن، چاودێرەکان، بریکاری قەوارەسیاسییەکان، کاندیدەکان…) ، ئەم گواستنەوەیەش بۆ ناوەندێکی سەرەکی دەبێت کە دەزگای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن (کۆمیسیۆن) دیاریدەکات، ئەم پڕۆسەی گواستنەوەیە بۆ ئەوەیە کەئەنجامەکان بەفەرمیڕابگەیەنرێن لەلایەن ئەو دەزگایەی کە یاسا ڕێگەی پێداوە، کە ئەویش دامەزراوەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانە (کۆمیسیۆن) ، لە هەرێمی کوردستان فۆڕمی دەرەنجامی هەر وێستگەیەکی دەنگدان لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگەکەوە ڕادەستی بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان دەکرێت وفۆڕمی ئەنجامی سەرجەم بنکەکەیش لە ڕێگەی ڕێکخەری بنکەکەوە ڕادەستی فەرمانگەی پارێزگای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وڕاپرسی دەکرێت، کە دەبێت بەڕێوەبەری وێستگەکانی هەر بنکەیەک ئامادەی ئەم ڕادەستکردنە بن.
پازدەیەم: ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان:
بریتییە لەڕاگەیاندنی فەرمیئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە، تیایدا ئەوەڕادەگەیەنرێت کە کۆی ئەو دەنگانە چەندن کە پاڵێوراوێک یان حیزبێکی سیاسی بەشدار لەهەڵبژاردنەکەدا بەدەستی هێناون، هەروەها ناوی براوەکانی هەڵبژاردنەکان وژمارەی کورسییەکانی هەرقەوارەیەکی سیاسی ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش بەپشت بەستن بەیاسای هەڵبژاردنەکان، هەروەها لە پڕۆسەی ڕاپرسیدا ڕێژەی ئەودەنگانە دیاریدەکرێت کەهەریەک لە (بەڵێ) و (نەخێر) بەدەستیان هێناوه.
پڕۆسەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن زۆرجار دووقۆناغ لەخۆی دەگرێت، لەسەرەتادا ئەنجامە بەراییەکان ڕادەگەیەنرێت ودوای یەکاڵاکردنەوەی سکاڵا وتانەکان ئەنجامی کۆتاییش ڕادەگەیەنرێت، کە زۆربەی جار جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەنجامە بەراییەکان وئەنجامە کۆتاییەکاندا نییە. [1]