هاوارنامەیەک لە (حەمید بەدرخان) و (سالار عەبدولڕەحمان)ەوە، دەربارەی کتێبخانەکەی ڕەوانشاد عەزیز گەردی.
٭ بۆ ڕای گشتیی
٭ بۆ بنەماڵەی پڕۆفیسۆر عەزیز گەردی
٭ بۆ بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری ولاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سڵاوێکی ڕوناکبیرییانە؛
گەلانی هۆشیار، شانازیی بە زانا و دانا و نووسەر و روناکبیر و هونەرمەند و رۆژنامەنووسانیانەوە دەکەن هەر بۆیە، هەموو کتێبخانە کەسییەکانیان بۆتە مۆزەخانە و ماڵی تایبەتی ئەو نووسەرانە...
ڕەوانشاد دکتۆر عەزیز گەردی لە ساتی نەخۆشکەوتنی و دوای نەشتەرگەریی لە وڵاتی تورکیا، بەهۆی زۆر بۆ هێنانی ئازار وبێئاگایی خۆی لە کتێبخانە تایبەتییەکەی لە شارۆچکەی بەحرکە، سەرپەرشتیی کتێبخانە و تایپکردنی بەرهەمەکانی و ناردنی بۆ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە تاوەکو چاپبکرێن، بە بەڕێز (چەپەر کوردۆ)ی برازای سپارد.
مخابن، پاش ژیانئاوایی دکتۆر عەزیز گەردی (شۆڕەسواری وەرگێڕان، قەڵەمێکی سەنگین و بوێر، قەڵەمێکی ڕچەشکێن، ڕێبەری وەرگێڕان و زمان ... هتد). لێرەو لەوێ دەبیستینەوە، وا سەروەت و سامان و خانوو و ئۆتۆمبێل و کتێبخانە تایبەتییە نایابەکەی بۆتە کێشەی ئەندامانی نێو بنەماڵەکەی، بەتایبەتیی هەرسێ براکەی (بەکر گەردی، کوردۆ گەردی، قەهار گەردی) ، ئەمەش کارەکەی بەم ئاستە گەیاند و کێشەی لێکەوتەوە، بەداخەوەین وا ئێستا کێشەکە لەدادگایە و ڕۆژی (11/07/2023) و بەئەگەری زۆریشەوە دادوەر بڕیار دەدات، کتێبخانە نازدارەکەی ڕەوانشاد عەزیز گەردی تەخشان و پەخشان بکرێت، بۆیە ئێمە داواکارین لە روناکبیرانی کورد فریای کتێبخانەکە بکەون، چونکە کەس لاری لەوە نییە (خانوو و زەوی و هەر ماڵێکی دیکەی دونیای عەزیز گەردی مەزن هەیەتی، با خۆبەخۆ و دادوەرانە لە نێوان خۆیاندا دابەشی بکەن) تەنیا بەو مەرجەی کتێبخانەکە بپارێزرێت، چونکە دەستنووس و سەرچاوە و چەندین دیکۆمێنت لە نێو کتێبخانەکەدا هەیە، پێویستە بپارێزرێت. ئێمە هیوادارین، هەروەها ئەوەش دەخوازین بڵێین:- با بە هەموو لایەکمان فشار لەسەر هەر سێ براکەی و میراتگرانی دیکە دروست بکەین، تاوەکو کتێبخانەکەی ڕەوانشاد پڕۆفیسۆر عەزیز گەردی وەکو خۆی وهەر لەهەمان شوێنی ئێستاکەی بمێنێتەوە.
چونکە ئاشکرایە چەندین کاری نەخواستراوی وەکو ئەو کەیسە ڕوویداوە، کارەسات و پەشیمان بوونەوەی بەدواداهاتووە، مێژووش بەزەیی بە کەس نایەت و نەفرەتی لێدەکات...
بۆیێ داوا لەهەر سێ براکەی گەردی دەکەین، با بچنەوە نێو کتێبخانەکە و پێکەوە وێنەیەک بگرن و مۆڵەتی ماڵی روناکبیری عەزیز گەردی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کە بۆی وەرگیراوە چالاک بکەن، دەتوانن هەرچی زووە تابڵۆیەکی جوان بنووسن و لە بەردەم کتێبخانەکەی هەڵیبواسن، لانیکەم هەفتەی ڕۆژێک بەڕووی هەوادارانی مامۆستا، گەشتیاران، مامۆسایانی زانکۆ، خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بکرێتەوە.
ئەوە داوا و خۆزگەی هەردوو نووسەری دۆستی کتێب و کوردستانە، ئەوانیش:[1]
٭حەمید ئەبوبەکر بەدرخان (ڕۆژنامەنووس)
٭سالار عەبدولڕەحمان (چیرۆکنووس و وەرگێڕ)
28/06/2023
تێبینی . . .
بۆ پشتگیریی ئەو هاوارنامەیە، نووسەران و روناکبیران، دەتوانن ناوی خۆیان بنووسن و بڵاویبکەنەوە.
بەشداریکردنی خەمخورانەتان دەبێتە هۆکاری فشارێکی دڵسۆزانەی زیاتر، تاوەکو بەهیممەتی هەموو لایەک، شتێک بکرێت و کتێبخانەکە لەفەوتان ڕزگاربکرێت.
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!