وردەوردە پەردە لەسەر ئەو هەنگاوانە لادەچێت، کە ماوەیەکە #لاهور شێخ جەنگی#، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتمانی دەینێت بۆ درووستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق.
ئەو هاوپەیمانییەی لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت درووستی بکات، خۆی لە لیستێک دەبینێتەوە و دەیەوێت بەو لیستە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات، کە لە مانگی 12ی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
هەڵبژاردنەکە لە 15 پارێزگای ئێراق بێ پارێزگاکانی هەرێم بەڕێوەدەچێت و فۆکسی لاهور شێخ جەنگیش لەو هەنگاوەی پارێزگای کەرکووکە، کە یەکێتی نیشتمانی تێیدا زۆرینەیە.
لاهور شێخ جەنگی بەم هەنگاوەی دەیەوێت دوو ئامانج بپێکێت، یەکەم بیکاتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی خۆی، دووەم ئەوەیە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراق و هەرێم سەنگ و قوورسایی خۆی نیشانی دۆست و نەیارەکانی بدات، بۆیە ئەم هەڵبژاردن و ئەزموونەی لاهور شێخ جەنگی دەبێتە یەکەم و کۆتا دەرفەتی بۆ گەڕانەوە.
لە پڕۆژەکەی لاهور شێخ جەنگی هاتووە، ئامانجی درووستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی وەک هاوپەیمانێتییەک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، ناجێگیری ڕەوشی سیاسی و ئابووری لەسەر ئاستی جیهان و پەرەسەندنی کێشە و ململانێ نێودەوڵەتییەکان، زاڵبوونی ئینتیمای تەسکی حزبایەتی و گواستنەوەی ناکۆکی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێمی کوردستان کە ڕەوشی کەرکووکی گەیاندە ئەو دۆخەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری لێبکەوێتەوە، بێهیوایی خەڵکی ئەو ناوچانە بە گشتی گەیشتووەتە ئاستێک پێویستی بە مۆدێلێکی تر لە حوکمڕانی هەیە.
=KTML_Bold=لاهور شێخ جەنگی ئامانجی پڕۆژەکەی بە چەند خاڵێک دەستنیشاتکردووە، کە گرنگترینیان بریتین لە:=KTML_End=
درووستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان.
بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بەیەک لیستی کوردستانی.
جەختکردنەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای پەنابردن بۆ ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان.
هەر لە پڕۆژەکەیدا لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنەکان کردووە و نووسیویەتی: ئەگەر پڕۆژەکە لەلای ئێوە پەسەندکرا بەرنامەرێژی و میکانیزمی کارکردن دابڕێژرێت (ناو و ئامانج و درووشم لۆگۆی لیستێک) ئامادەبکرێت بە مەبەستی تۆمارکردنی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە شارەکانی (کەرکووک، موسڵ، سەڵاحەدین، دیالە). [1]