'تاکێک پوتی خوێناوی' (1)
ئازارێکی قووڵ مەرج نییە چیرۆکێکی قووڵ بێت
هەموو کەس پێنج پەنچەی هەیە لە هەر دەست و قاچێکیدا، قاچی چەپم بیرمنایەت لە کەیەوە چوار پەنجەیە.
دایکم دەڵێت: لە بەفرە زۆرەکەدا، غافڵگیربووم لێت و لەنێو بەفرەکەدا زۆر بەجێمایت. کە هێنامانیتەوە، بەپەلە گەیاندمانیتە لای پورە زەریف، ڕاستتر بڵێم، زەریفەی دەردودوویان پێدەوت.
دەستبەجێ، چەند دەرمانێکی گیایی تێکەڵکردبوو، بە دەستی خۆی دەستێکی باش لەو دەرمانانەی دابوو لە پەنجەی ناوەڕاستی قاچی چەپت.
با تا بەیانی پێوەی بێت، ڕەحمی خوا پشتیوان بێت، بەیانی خام و داوودەرمان و پەنجەکە هەڵدەوەرێت و ڕزگاری دەبێت.
واتە پەنجەکەشی هەڵدەوەرێ؟
شوکرانەبژێری خوا بکە، ڕەشبوونەوەی پەنجەکەی قاچی، سیرایەتی نەسەندووە بۆ هەموو لەشولاری.
گەنجێکی بەجێماوی نێو بەفروبۆرانێکی زۆر دڵتەنگم، قاچەکانم خەریکن هەڵدەوەرن، بەجێماوم لە شەوێکی ئەنگوستەچاوی پڕ زووقم و زەلالەت و سەرمای گوێزانئاسادا. سەرما لە قاچمەوە وەک گورگ هاشاوڵ دەهێنێت لە زلەبەردێکی ژێر بەفر هەڵنووتام و بە سەرەوە ڕۆیشتم، شتێک گرتمیەوە.
کە دەستم کوتا جەنازە بوو، لە شانییەوە دەستم کوتا... ئاخر سەری پەڕیبوو، بۆیە لە شانییەوە دەستم کوتا! گەیشتم بە قاچەکانی، تاکێک پوتی نەرم و پڕ خوری بەر دەستم کەوت، خێرا لە قاچیم داکەند و کردمە پێم.
وای.... چەنە گەرم و خۆشبوو، قاچە چوارپەنجەکەم هەدادانیدا. دەستم کوتا بۆ قاچەکەی تری، قەویایی ڕانی کەوتە بەردەستم. ئیتر زانیم ئەم قاچەیشی پەڕیوە..
گەرمایی قاچە چوارپەنجەکەم هێواش هێواش تەڕ دەهاتە بەر قاچم و جڵقەی دەهات، تەنیا تاکە پوتێک وەچنگم کەوت، پڕبوو لە خوێن، بەگەرمایی خوێنی نێو ئەو پوتە شەوم لێ گوزەرا.
تاکەکەی ترم بۆ نەدۆزرایەوە وەک چۆن هەرگیز پەنجە سەرمابردووەکەی منداڵیشم بۆ نەدۆزرایەوە.[1]