پاژنەی پێ
1
ناو لەپی خۆم هەڵکەند..
جامێکی سڵساڵم تێدا دۆزیەوە
تژی لەشەراب؛
-هی سەردەمی دابارینی ترێ بوو.
2
قۆڵی خۆم هەڵکۆڵی..
قاپێکی بەردینم دیتەوە
چەند ئێسکێکی کار ئاسکێکی تێدا بوو؛
-هی سەردەمی ڕاوەشکار بوو.
3
ڕانی خۆم هەڵکەند..
کووپەیەکی قوڕینم تیا دۆزیەوە
تژی لە لیرەی زەردەخەنە؛
-هی سەردەمی ژنسالاری بوو.
4
سینگی خۆم هەڵکۆڵی..
سندوقێکی دارینی تیا بوو
شانەیەکی ئاڵتوون و ئاوێنەیەکی زیوین؛
-هی ژنە پاشایەتی ماد بوو.
5
وردە وردە سەری خۆم هەڵکەند..
خەنجەرێکی خوێناویم دیتەوە؛
هی سەروەختی برا کوژی بوو.
6
ئێستا خەریکی هەڵکۆڵینی پاژنەی پێم..
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]