ترسی پۆستەبەر
هۆزانەوان: محەمەد ماغوت
لە عەرەبییەوە: #قوبادی جەلیزادە#
ئەی زیندانینە، لە هەر کوێیەک هەن..
هەموو شتێکتانم بۆ بنێرن؛
لە ترس و لەلوورە و لە بێزاریی
ئەی ڕاوکارینە، لەهەر قەراخێکدا هەن..
هەموو شتێکی خۆتانم بۆ بنێرن؛
لە تۆڕی بەتاڵ و
لە سەرەگێژەی دەریا
ئەی جوتیارینە، لەهەر شوێنێکی زەوی هەن،
هەرچی هەتانە بۆمی بنێرن
لەگوڵ و لە جلە ڕزیوەکان
هەموو ئەو مەمکانەی هەڵدڕاون
هەموو هەناوە بەتاڵەکان
هەموو نینۆکە هەڵکێشراوەکان
بۆمی بنێرن،
بۆ ناونیشانەکەم
لە هەر کافێیەک
لە هەرشەقامێک لە جیهانا.
فایلێکی گەورە پێک دێنم
لە ئازاری بەشەریەت،
تا بەرزی کەمەوە بۆ خوا
دەستبەجێ کە مۆرم کرد، بەلێوی برسیەکان و
بە پێڵۆی ئەوانەی چاوەڕێن.
بەڵام ئەی بەدبەختەکانی دنیا،
ئەوەی بەتەواوی لێی دەترسم ؛
خودا نەخوێندەوار بێت! [1]