وڵاتی کافران
ئەی با،
هەڵمگرەو لەگەڵ خوتا بمبە بۆ وڵاتی کافران..
1
کە لە کڵێسا دێنە دەر- ژنەکان،
ڕوو دەکەنە کارگەی دروست کردنی دەرمان و
شەوانەش دانس لەباوەش پیاوێکی سەرخۆشا.
2
پیاوەکانیان دەستێکیان بە قاپی شەرابەوەیە، بەوەی دی
فڕۆکەو
شەمەندەفەر دەخولقێنن.
3
لە قەراخی دەریادا بە دەستێک گۆشتی بەراز دەبرژێنن،
بەوەی دی خەریکی دروست کردنی پاپۆڕ و کەشتین.
4
بمبە بۆ وڵاتی کافران..
تا بەملی کچانەوە خاچ ببینم.
گەردنی هەموو کچێ،
بۆنی گەردنی مریەمی لێ دێت.
4
بمبە بۆ وڵاتی کافران،
تا فێر بم؛
لەبەردەم خەستەخانەیەکدا،ڕیز ببەستم و قاپێک خوێن،
بە سەگێکی بریندار ببەخشم.
5
ئەی با،
بۆ وڵاتی کافرانم بەرە
تا فێر بم،
دەستی پشیلەیەکی کوێر بگرم و
لەشەقامێکی قەوغادا بیپەڕێنمەوە.
6
بمبە بەردەم سەکۆیەکی مانگی دەستکرد، کاتێ بەرەو قوڵایی ئاسمانا باڵ لێکدەدا و سەر لەماڵی ئەستێرەکان دەدات.
7
بۆ کۆنسێرتێکی مایکل جاکسنم بەرە،
تا؛
لەوە حاڵی بم سەماو موزیک و گۆرانی،
سێ کچی دایکێکن.
8
بمڕفێنە و
بەرامبەر باڵکۆنەکەی مۆنالیزا ،
شوقەیەکم بۆ بگرە، تا پڕۆڤە لەسەر زەردەخەنە بکەم.
9
ڕێم بە بچمە نێوان قەسیدەیەکی ئاراگۆن و چاوە شینەکانی ئێڵزا و وێنەیەک بگرم .
10
دیدارێکم بۆ ڕێکخە، تا لە کافێیەکا و لەگەڵ مۆزارتا،
قاوەیەک بخۆمەوە و گوێ لە تازەترین سمفۆنیا بگرم.
11
لەوێ بە یەکەوە جلەکانیان دەداکەنن؛
پایز و ژن.
12
بمبە سەر گۆڕی ئەدیسۆن، تا بۆ شارو لادێ کوێرەکانمان،
قەرتالەیەک پڕکەم لە نوور
13
بەسەر پشتی گوێدرێژێکەوە بمبە بۆ جەڕمەن،
تا بەسەر باڵی فڕۆکەیەکەوە،
فیکرو فەلسەفە بهێنمەوە.
14
ئەی با،
بۆ وڵاتی کافرانم هەڵگرە، نەرم و نیانترین خودا، لەوێ دەژی.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]