ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی؛ بەشی 02
نووسەر: کەیهان محەمەدی نەژاد
لە هەڵپەڕکێی کوردیدا سەرچۆپی مانای تایبەتیی خۆی هەیە، واتە کەیف خۆشیی کورد نیشان دەدات و هەروەها پێ کوتان لەسەر زەوی لە هەڵپەڕکێی کوردیدا بە واتای خۆشەویستیی نیشتمانە و فەلسەفەی دەستگرتنی کچان و کوڕانیش بە نیشانەی مافی بەرابەری و یەکسانیی نێوان ژن و پیاوە.
=KTML_Bold=دەستگرتنی کچان و کوڕان=KTML_End=
گەلی کورد بە هەڵپەڕکێ، یەکڕیزی و یەکسانیی ژن و پیاو نیشان دەدات. جێگا و پێگەی ژن لە کۆنەوە لە هزری تاکی کورددا هەمیشە بوونی هەبووە و ڕێزێکی تایبەت بۆ مافی ژن و پێگەی ژن گیراوە و ئەو شتە لەنێو هەڵپەڕکێی کوردیدا بەڕوونی خۆی نیشان دەدات و لە ڕاستیدا دەستگرتنی ژن و پیاو لە هەڵپەڕکێدا فەلسەفەی تایبەتیی خۆی هەیە.
=KTML_Bold=هاوارکردن و قیڕاندن=KTML_End=
ئەم هاوار و قیڕاندنە زۆر مانادارە کە لە هەڵپەڕکێی کوردیدا بەکار دێت. زانراوە لە ڕابردوودا شەڕکەرە کوردەکان لە بەرەی شەڕدا دەستی یەکیان دەگرت و بە هاوارکردنەوە دەچوونە پێشەوە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی دەخستە دڵی دوژمنەوە. ئێستاش ئەم هاوارکردنە لەنێو هەڵپەڕکێ و گۆرانیی کوردیدا دەردەبڕدرێت.
=KTML_Bold=سەرچۆپی و بن چۆپی=KTML_End=
دەزانرێت کە کەسی سەرچۆپی، ڕۆڵی فەرماندەیەک دەبینێت، وەک ئەوە وایە کە گرووپێک لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بێت، ڕێکیان دەخات و ڕێگە نادات شپرزەییەک لە گرووپەکەدا بێتە ئاراوە. بەشێک لە شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی دەڵێن، سەرچۆپی و بن چۆپی فەلسەفەیەکی تری هەیە کە ئەویش نیشانەی بەرابەری و یەکسانیی هەر دەستەیەکە، چونکە لە هەڵپەڕکێی کوردیدا ناوەندێک نییە کە کەسێک لە سەرووی هەمووانەوە بێت و هەموویان پێکەوە لە یەک ئاستدا دەردەکەون.
وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، هەڵپەڕکێی کوردی پڕە لە مانا و هەر یەکێکیان فەلسەفەی تایبەتیی خۆی هەیە، یەکێکیان هەڵپەڕکێی عەرەبانێیە. هەڵپەڕکێی عەرەبانێ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێرشی عەرەب بۆ سەر کوردستان لە سەردەمی ئیسلامدا؛ دەڵێن ویستوویانە کورد ناچار بکەن ببنە موسڵمان؛ هەروەها لە هۆنراوەیەکەیشیدا بەڕوونی دەربڕدراوە و لەسەری نووسراوە: (ئەرەبان قر کن قر کن خوینا وان بێدینان فر کن فر کن و هەول بدن نەیاران ژ وار دەرکن.) بۆیە دەبینین لەو شەڕەدا عەرەب هێرشی کردە سەر کورد و کورد سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. وەک لە هەڵپەڕکێکەیدا دەبینرێت کە سێ هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کورد سێ هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و هەنگاوێک بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەو مانایە نییە کە شکستی هێناوە، ڕەنگە خۆیان بشارنەوە و خۆیان حەشار بدەن بۆ ئەوەی دوژمن نەیانبینێت. بۆیە مێژووی ئەو هەڵپەڕکێیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێرشی عەرەب بۆ سەر کوردان.
یان فەلسەفەی هەڵپەڕکێی جاندرمە؛ ئەمەش لە هێرشی دەوڵەتی عوسمانییەوە هاتووە. زانراوە لەو کاتەدا دانووستان لەنێوان کورد و عوسمانیدا هەبووە و عوسمانییەکان بەڵێن بە کورد دەدەن کە هێرش نەکەنە سەر کوردستان و دواتر بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن و هێرش دەکەنە سەر کورد.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەهرام حەمید زادە، شارەزای هەڵپەڕکێی کوردی، لەم بارەیەوە پرسیارم لێ کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە: بە هەڵپەڕکێی جاندرمە، هەڵپەڕکێی (سەر ئەلباک)یش دەڵێن کە لەنێوان شارەکانی #ئاگری# و #ماکوو# سەری هەڵداوە؛ زانراوە کە لە کاتی هێرشی عوسمانی بۆ سەر کوردستان ڕوویداوە، جاندرمە چەمکێکی سەربازییە کە بۆ سەربازانی تورکیا بەکار دەهێنرێت. جاندرمە کە هاتە خاکی کوردستان و ویستیان ماڵی کورد داگیر بکەن و ستەمیان لێ بکەن، ئاغا و سەرۆک خێڵەکان لەو کاتەدا پێشیان پێ دەگرتن و بە تورکی پێیان دەوتن: (جاندرمە جاندرمە بیر سۆز بەنە قاندرمە)، واتە (بەڵێن بدە کە تۆ میللەتی من ناکوژی). ئاوا بوو کە جاندرمە هیچ بەڵێنێکی نەدا و وتی: ئەمە خاکی ئێمەیە و ئێوە هیچ دەسەڵاتێکتان نییە. ئەو ئاغا و سەرۆک خێڵانەش بە گەلەکەیان وت، ئێستا ستەم و داگیرکاری گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ناچارین بەرگری لە خاکەکەمان بکەین و ئەوانیش لە هۆنراوەدا وتیان (جاندرمە جلێ وان شینە، کومسۆر و ئەفەندینە)، واتە هەر کەسێکی بەو شێوەیەتان بینی بیانکوژن و نەهێڵن لە وڵاتی ئێمە جێگیر بن. مێژووی هەڵپەڕکێی جاندرمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.[1]