=KTML_Bold=قورعانی پیرۆز=KTML_End=
بەر بانیژەکەی ماڵی کوێخا حەمەڕەزا ئەڵقا و ئەڵق تەنەکەی پڕ لە ڕێحانە و گوڵ و چنور دەوریان گرتبوو. بەهارێکی تێر عومر، هەتاوێکی خۆش مەشرەب بوو کە هێشتا ئینسان مەیلی ئەوەی دەکرد خۆی بدات بەدەم نەرمە گەرماکەیەوە کە لەش حەزی پێ دەکرد.
ورشەورشی کەوا مەخمەڵیەکەی خاتوو پیرۆز لە هەر هات و چوونێکدا بەر بانیژە و مەغز و لوتی هەموومان عەترڕێژی ئەو تەنەکە ڕێحانانە و ئەو قتولە چکۆلانانەی لاولاو و نەسرین و یاسەمین و ساردۆنیای تێدابوو ، دەکرد. تا ئەو ڕۆژەی کوێخا حەمەڕەزا ئەم ڕادیۆیەی نەهێنابووە ئاواییەوە، جگە لە دەنگی تەیر و تیور و زەنگۆڵەی ڕانە مەڕ و چریکەی چەم لە تڵوعی بەیانیدا و دەنگی هەنسکی تەنیا دوو سۆفی جێماوی مزگەوتەکە، کە ئەوانیش دەبوو گوێ بنێیت بە دڵیانەوە تا هەنسکەکان ببیستیت. ورشە و پرشە و قریوەی جارجاری نێو کانی ژنان، هەموو ئەمانە ئەو دەنگانە بوون، کە پێش هێنانی ڕادیۆکەی کوێخا حەمەڕەزا تابلۆی نێو گوێچکە و دڵ و دەرونی ئەم ئاواییە بوو.
وەستا نەزمی لە شارەوە هاتبوو تا ڕادیۆکە کۆک بکات و دایبمەزرێنێت، ڕادیۆی ئەو کاتە پێیان دەوت کەر و جاش، واتە لە دوو پارچە پێکهاتبوو؛ پارچەیەکیان پاتریەکەی بوو بەهۆی سیم و ئانتینەوە لە جێیەکی بەرزی ماڵەکەدا، واتە سەربانەکە دادەنرا و سیمێکی پێوە ڕایەڵ دەکرا و دەهێنرایە ماڵەکەوە و لە ڕادیۆکە دەبەسترا.
ڕادیۆکەی ماڵی کوێخا حەمەڕەزا بوو بە باس و سەردێڕ و قسەی نێو تەواوی خەڵکی ئاوایی، هەمیشە لەبەر مزگەوت و نێو مەزرا و دیوەخانی ئاواییدا کوێخا حەمەڕەزا سەرچاوەی ئەوەڵ و ئاخیری هەواڵەکانی دنیا بوو بۆ خەڵکی.
کاک نەسروڵڵا کە پێیان دەوت نەسە جیکەنە، بە کوێخای ساحێب ڕادیۆی وت:
بۆ خاتری ئەو خودایە حاڵیم بکە ئەوە چۆن ئەو هەموو قسە و غەڵبە غەڵب و گۆرانی و بەزم و سمڕ و تەمسیل و لۆترەوانیە لە نێو ئەو سندوقە چکۆلەیەدا جێی دەبێتەوە؟ باشە کوێخا خۆت باش دەزانیت یەکجار بە دڵی خۆم و بە دەنگی بەرز بایەکم لێ بەربوەوە لە گایەلە ڕێگەکەدا، ئەو تڕە بوو بە بەڵای سەرم و هەموو ئاوایی پێی زانی، لەو ڕۆژەوە ناویان لێنام نەسە جیکەنە. یەک ئاوایی گەورە و گران جێگەی جیکەیەکی منی تیا نەبوەوە، ئەدی ئەو سندوقە نەحلەتیە چۆن جێگەی ئەو هەموو دەنگەی تێدا دەبێتەوە؟! میلەکەی بادەدەیت، کزی دەکەیت و دەتوانیت زیادی بکەیت لە گەرمەی گرنگترین هەواڵ یان خۆشترین گۆرانی دەتوانیت دەم و دەست بێدەنگی بکەیت و پێی ببڕیت بێ ئەوەی هیچ ڕووبدات.
هەموو دایانە قاقای پێکەنین لە بەردەم مزگەوتەکەدا و کوێخا حەمەڕەزا دای بە شانی نەسە جیکەنەدا و پێی وت:
نەسرەدین گیان لەو قسانە بگەڕێ تۆ کاڵەک خۆریت یان بێستان ڕن؟ تۆ سوعبەتچی و قسەخۆشی. هەمیشە کاتی تەمسیلکردنەکان هات لە ڕادیۆکەوە ئەنێرم بە شوێنتا و وەرە، بۆخۆت گوێبگرە و خەم بدە بەبا.
هێواش هێواش ئەم سندوقە سحریە جگە لەوەی ناوە شاریەکەی ڕادیۆ بوو بەڵام خەڵکی ئاوایی پێیان دەوت کەر و جاش. وەک سندوقێکی سحری دەبگی چەم و سروشت و باڕە باڕی بەرغەل و قریوە و سرتە و ورتەی کانی ژنان و هەموو ئەو دەنگە سەیر و سەمەرانەی نێو سروشتی ئاوایی هەبوو، هەموو ئەمانەی هەڵلوشی. ئەم سنوقە سحریە ئەفسون و جادووی لە گوێ و بیستنی هەموو کەس کرد و هەموو خەڵکی ئەڵقا و ئەڵق مۆڵدا لە دەوری خۆی.
دوای نوێژی بەیانی هەتا کوێخا لە مزگەوت دەگەڕایەوە، خاتوو پیرۆز پشکۆی مقەڵیە بچوکەکەی دەگەشاندەوە و هێلکەوڕۆن و سیرێژ و کەرە و چای نێو قۆریە چینیەکەی دەمدەکرد و ڕەنگی خەنەیی و سپی قۆریەکە بەسەر مقەڵیە بچکۆلەکەوە سەیر دڵ و دەرونی پڕدەکرد لە سەعادەت. کوێخا دەهاتەوە بەسەر ماڵی پڕ لە ژیاندا، خاتوو پیرۆز و کتری و قۆری چینی و سفرەی پڕ لە بۆن و بەرایی سپیایی و بۆنی ئەو چەپکە ڕێحانەیەی لاجانگ و ژێر لاگیرەکانی خاتوو پیرۆز کە لە تەنەکە ڕێحانەکانی بەر بانیژەکە چنیبوی دیمەنێک بوو مەگەر لەو شیعرانەدا ببینرێ و ببیسترێ و هەستی پێبکرێ کە هەندێک بەیانی لە ڕادیۆکەوە بە دەنگی شوکروڵڵای بابان دەخوێنرایەوە.
کوێخا وەژور ماڵکەوت و دانیشت و یەکەوڕاست میلی ڕادیۆکەی بادا و حەسەن زیرەک تێیچریکاند.
کیژان دەچنە مێرگۆڵان
تێکڕا دەچنە هەڵاڵان
ئارەق لە هەنیەی دەتکێ
تەڕدەکەن وردەخاڵان
دەزانی پیرۆز شتێک کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە ئەو قسەیەی شێخ ژنە، واتە ڕەعنای شێخ جومعە.
کورە کوێخا ئەوە تۆ باسی چیدەکەیت؟ سوێند و قەسەمی دنیام بۆ خواردوە، پیر و پێغەمبەری دنیام کردووە بە گژدا تا باوەڕم پێبکات کەچی هەر باوەڕ ناکات.
لەو ئێوارەیەوەی ڕادیۆکەیان بۆ دامەزراندین، خەڵکی ئاوایی بە پیر و جوان و ژن و پیاو و گەورە و بچوکەوە، ئەڵقاو ئەڵق دەوریان دابووم تا وەستا نەزمی کەر و جاشەکەی بۆ کۆک دەکردنین. لەو ئێوارەوە لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامەکانی ڕادیۆ، یەکەم دێڕکە لە ڕادیۆکەوە دەرچوو بە دەنگی پیاوێک کە لە دەنگی هیچ یەکێک لە پیاوەکانی ئاوایی نەدەچوو، هەموومان سەرسام و گوێ قوڵاخ شتێک لە ترس و ڕارایی و جۆرێک لە دڵخۆشی ئەو بەر بانیژە، هەموو خەڵکی ئاوایی گرتبوو. دەنگێکی گڕ و سامدار و پڕ هەیبەت و لە هەمان کاتدا میهرەبان، هەموو ئاوایی بێدەنگ کرد وەختێک وتی:
گوێگرانی خۆشەویست بفەرمون لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامەکانمان بە چەند ئایەتێک لە قورعانی پیرۆز.
لە کۆتایی و تەواوبوونی ڕیشتاشینەکەی باوەگەورەمدا بووم لەگەڵ ناوی پیرۆز لە دەمی داکەوت، دوو دڵۆپ فرمێسکی گەرم لە چاویەوە ڕژا و کەوتە سەر دەست و پەنجەی من.
دەزانی کامەران نەنکت خوا لێی خۆشبێت دەیوت؛ بە هیچ شێوەیەک نەمتوانی قەناعەت بە شێخ ژن بێنم کە ئەوە مەبەستی قورئانی موقەدەس و گەورە و پیرۆزە. هەروەها منیش بەو ناوەوە ناونراوم بەڵام شێخ ژن دەیوت و قاوی دەدا بەنێو ئاواییدا؛ بەخوا کوێخا حەمەڕەزا سنوقێکی لە شارەوە هێناوە، بە هەردوو گوێی خۆما چووە خوارەوە کە ناوی خاتوو پیرۆزی هێنا... بۆ خاتری خوا ئاخر ئەو چوزانێ ژنی کوێخا ناوی پیرۆزە؟
هەموو هەفتەیەک جارێک، سەر و ڕیشی باوەگەورەم دەتاشی و پاک و پوختەم دەکرد. بەدەم ڕیشتاشینەوە هەر جارەی حیکایەتێکی بۆ دەگێڕامەوە، بەڵام بەڕاستی هیچیان هێندەی ئەم قورعانی پیرۆزە لەلام نەماوەتەوە و جێگەی سەرنجم نەبووە. [1]
نووسینی: #عەلی پێنجوێنی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=