=KTML_Bold=کتێب و قاوە=KTML_End=
بەس نەبوو ئەم هەموو کتێبەی وام لەناویاندا پەڕەکانیان سپیی سادە نین؟!
کتێبخانەیەکی هەتا بڵێی گەورە، رۆژ تا ئێوارە و شەو تا دەمەو بەیان دێم و دەڕۆم بەناویاندا. رێکیان دەخەم و سەفتە و ریز ریزیان دەکەم.
لە رەفەکەی سەری سەرەوە کتێبێک کەوتە خوارەوە و دای بە کوپە قاوەکەی سەر مێزەکەمدا. قاوە رژا بە مێزەکەدا و کتێبەکەش تەڕ تەڕ بوو بە قاوە. لە بەرگی کتێبەکەوە تا شان و مل و سەروسیمای زۆربەی پەڕەی کتێبەکە بە قاوە تەڕبوو.
جگە لەوەی کەوتنە خوارەوەی کتێبەکە رایچڵەکاندم، فڕێیدامە نێو ترس و دڵەتەپێیەکی زۆرەوە، بگرە یەکەم جاریشم بوو بەو رادەیە بترسم. زۆر جار کە ترس و تەنیایی ناو رەشە خەڵک ئەو دنیا زل و زەبەلاحەی لێدەکردمە چەرمی چۆلەکە و هەناسەم تیایدا توند دەبوو..
لەو دەمانەدا رامدەکردەوە بۆ کتێبخانەکەم، تەنیا شوێنێک لە تاعونی دنیا دەیپاراستم، کتێبخانەکەم بوو. تەنیا شوێنێک لە ترسی ڕاستەقینەی دنیای درۆزنەکان قوتاری دەکردم، گەڕانەوەم بوو بۆ ئەم کتێبخانەیە.
کەچی ئێستا کەوتنەخوارەوەی ئەم کتێبە لەو رەفە بەرزەوە بەڕاستی ترساندمی.
بێ ئاگا لە دنیا سەرقاڵی رێکخستن و سەفتەکردنی کتێبەکان بووم، بە تەواوی داڵغەم رۆشتبوو، هەروەها سەرم بەسەر کتێبەکاندا شۆڕکردبوەوە. هەر بەڕاستی نەمبینی، بەڵام ئێستا لە مێشکی خۆمدا بیری لێدەکەمەوە و دەڵێم:
ئاخۆ دیمەنی کتێبێک چۆن بێت، کە لە ئاسمانەوە باڵدەگرێت و دەکەوێتە خوارەوە...؟
بڵێی هەموو پەڕەکانی بوبن بە باڵ بۆی؟
ئاخر کتێب زۆر قورسە باوەڕناکەم وەک باڵندە بتوانێ تەنیا بە دوو باڵ بفڕێت! رەنگە ئەو هەموو پەڕەیە نەیانتوانیبێت لەش و لاری ئەو هەموو حیکایەتە هەڵبگرن کە بەسەر پشتی برینداری پیتەکانەوە بوون. هەر بۆیە کتێبەکە هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە و بەو خێراییە و بەو ترسناکیە، خۆی کێشا بە مێزی کتێبخانەکەمدا و خۆی خەڵتانی خوێنی قاوەیەکی ساردەوەبوو کرد.
قاوەیەک بیرمچووبوەوە و نازانم لە کەیەوە تەمایەری ئەوەبووم هەڵیقوڕێنم.
پێش کەوتنە خوارەوەی کتێبەکە، پرسیارێکی تر شپرزەی کردبووم؛ ئەو کات بیرم لەوە دەکردەوە دەشتی لاپەڕەی سپی بەوە نییە ساف و بلوری و رۆشنە، لە دۆڵی تاریکی ئەنگوستەچاو تاریکترە، کەس ناپرسێ چۆن؟
بەس خۆم وەڵام ئەدەمەوە؛ چەندین سەعات هەڵکورماوم بەدیار لاپەڕەیەکی سپی کافوریەوە، قەڵەمەکە لە نێوان پەنجەکانمدا وەک پشیلەی تازەزاو چاوەکانی نەپشکوتوە و نەیتوانیوە و نەیوێراوە پێ هەڵگڕێت بۆ نێو کۆڵانی تەنیا پیتێکیش.
دەشتی کفنپۆشی پەڕە، ترسناک و بێ رێگەیە وەک دۆڵی تاریکی ئەو شەوانەی لەسەر قاچێک دەوەستاین و رێبەرە قاچاخچیەکە پێی دەوتین:
لە جیگای خۆتان نەبزون، ئەو دۆڵە تاریکە لەبەر ئەڵغام دەرزی هەڵبدەیت ناکەوێتە عەرز.
ئەو شەوە ئەنگوستە چاوە چەند ترساوم، لە لاپەڕەی ساف و سپی هەزار هێندە ترساوم.
هەر خایلە و ختورەی ئەوەم لێدەدا؛ بڵێی دەستم بە قەڵەمەکەوە وشک بووبێت، یان قەڵەمەکە لە ترسانا لەناو پەنجەکانمدا وشک بووبێت...؟ بە دیار ئەم پەڕە سپیەوە خەریکە رۆحم دەرەچێت.
یەک پیت چییە، لە قەڵەمەکەمەوە ناتکێتە سەر ئەم دەشتە ترسناکەی ناوی لاپەڕەیە. من تێناگەم ئەدی بۆ دەڵێن:
کە مەراق لە رۆحەوە نمە دەکات، لە قەڵەمەوە دائەداتە سەر لاپەڕە؟!
ڕەنگە چارەنووسی من ئەوە بێت؛ دەشتی سپی لاپەڕە بمکوژێت بەبێ ئەوەی بتوانم ئەم کوژرانە بنوسمەوە.
لە نێو کتێبخانەکەمدا، پەڕەی کتێبەکانم ئەمدیواو دیو دەکرد، تۆزێک دڵی خۆم دایەوە و. وتم:
ئەوەندەش گلەیی لە بەختی خۆت مەکە، ئەی نابینی ئەو هەزاران هەزار تەیر و تیور و باڵندەی پیتانە چۆن لە شەقەی باڵ دەدەن...؟ ئەی ئەو هەموو تەپ و تۆز و غوباری مەراقە نابینیت لە باڵی پیتەکانەوە دەڕژێن و چاو چاو نابینێت....؟
ڕۆشنایی ئەو هەموو نائومێدیە راستەقینانە نەبونایە، کە لە باڵی تەیرە قەترانیەکانەوە و لە درز و قڵشتی پیتەکانەوە دێنە دەرێ، ئەوانە نەبونایە، سپێتی لاپەڕەکان هەر ئێستا چاویان دەرهێنابوو. تۆ بڕوانە کتێب لەو سەری سەرەوە و لە تاریکترین گۆشەی رەفەیەکەوە، نازانم بەربوەوە یان فڕی یان خستیانە خوارەوە یان تەیرە قەترانیەکانی پیتەکانی نێو کتێبەکە لە کاتی هەڵفڕینا هاوسەنگیان لەدەستدا و خۆیان کێشا بە مێزی کتێب خوێندنەوەکەمدا و تا دواتر بە باشی تێنەگەشتم کتێبەکە رژا بە قاوەکەدا یان قاوەکە رژا بە کتێبەکەدا.... ؟
باشە لەنێو ئەم هەموو کتێبەدا بۆ ئەم کتێبە بەربووە؟ قەیناکە ئەوا وتمان رێکەوتە و ئەو کتێبە کەوتە خوارەوە، ئاو قاوەیە بە جۆرێک رژا بە لاپەڕەکانیدا، زۆر بە ئەستەم هەندێ وشە و رستەی نێو کتێبەکە دەخوێندرایەوە.
ئەوەی بەلامەوە سەیرە و هەتا ئێستاش پرسیارێکی بێوەڵامە ئەمەیە:
لەبەرگی یەکەمی کتێبەکەوە بۆ یەک بە یەکی لاپەڕەکان تا دەگاتە بەرگی دواوەی کتێبەکە، تەنیا یەک دێڕ بە ساغڵەمی دەرچوبوو. تەنیا دێڕێک بەبێ کێشە دەخوێندرایەوە و قاوە نەیتوانیبوو زەفەری پێبەرێت، قاوە نەیتوانیبوو وابکات ئەو دێڕە نەخوێندرێتەوە.
دێڕێک بە سەلامەتی لەو کتێبەدا دەرچوبوو، نوسرابوو:
ئەمە رێگاکە نییە. [1]
نوسینی: #عەلی پێنجوێنی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=