=KTML_Bold=خلە لە دوو دەنگ=KTML_End=
دوو کێل بەرامبەر یەکتر و هێندەی یەکدی هەڵگژابون بە ئاسمانا. بڵێی سەرما و سۆڵە توانیبێتی ئاوا بە میزان ئەو دوو کێلە کون کون بکات؟ یان رەشەبای سامداری ئەم مەرز و بوومە ئەم کێلانەی کردبێتە شمشاڵ؟
وێنسە خێلی رێحانە قووچ دەیوت:
- وەختێ رەشەبا هەڵیدەکرد، ئەو دوو کێلە دەنگ و ئاوازی سەیریان لێ بەرز دەبوەوە.
یونسە خێل بەڵایە، بەڵا. هیچی لە ژێردەست دەرناچێ، منیش بۆچونم هەر وەک ئەو وایە و دەڵێم; مادام کە رەشەبا هەڵدەکات دەنگ و ئاواز لەم دوو کێلەوە بەرز دەبێتەوە و پەڕەی دڵ دەسمێت، ئەوا هەر رەشەبا ئەم دوو کێلەی بە میزان کون کون کردووە و کردویەتیە ئەم شمشاڵە سەیر و سەرنجبەرە.
تۆفە لارە ئاوای دەوت.
لە بانگی خەوتنان بەدواوە، بە جۆرێک دەیچریکاند و گۆرانی دەوت، کشوماتیەکی سەیری دەڕژاند بەم ئاواییەدا. نەخۆش هەبووە گل و ژان چووەتە چاوی، چاوئێشە و چاوەقوڵکەی گرتووە، سواڵ و سەنا و ستایشی لەو خودایە کردوە تاوێ هەدادان بدات و نمێ وەنەوز ،دابداتە چاویەوە، کەچی کە لە دوای بانگی خەوتنانەوە تێیدەچریکاند، نەک هەر نەخۆش و مەراقزەدە و بگرە منداڵە بەرمەمکانەکانیش دەچونە خەوی قوڵەوە. چریکەی ئەو دەنگە دڵبەر و رۆحنشینە ئاوایی دەکردە خەو.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگەڵ بانگی بەیانی ئەدا و درز دەکەوتە تاریکیەوە، ئەم دەنگە ئەفسونگەرە ،وەک ئاشی ئاولێبڕاو بێدەنگەی لێدەکرد. نەک هەر بێدەنگ دەبوو، هەموو دنیا نەک ئەم ئاواییە، نەیاندەتوانی تەنیا پیتێک نەک قسەیەک لەم کابرایە ببیستن.
شەو بووبوو ، بە دەشتێکی تا ئەژنۆ پڕ لە ئاو، دەنگی ئەم بەندەی خودایەش وەک جوانترین و سەوزترین مەرەزە لە دەشتی تا ئەژنۆ ئاوی شەودا دەشنایەوە.
خلە دوودەنگ هەر بەتەنیا خۆی دەیبینی کە چۆن شەو دەستی ناوەتە کەمەری قورگە ئەفسونگەرەکەی، کەچی لەدوای بانگی بەیانیەوە، خلە دوودەنگ متەقی لێوە نەدەهات.
یەکجار تەنیا یەکجار، لە گایەلە رێگەکەدا بە منی وت:
عەبەنەسیم هەر بە تۆ دەڵێم، ئەمەش لەبەر خۆت نا، لەبەر دایکە سەنگینەکەت کە بەقەدەر تۆ شیری مەمکەکانیم مژیوە.
عەبە، پێش ئەوەی ئەوەت پێبڵێم بەشێکی ئەو چریکانەی لە شەودا لە رۆحمەوە چەخماخەی ئەدا، ئیلهام و وزەکەی لە ناوی نەسیمی دایکی هەردوکمانەوە وەرمدەگرت. بەهەرحاڵ کە رۆژ دەبێتەوە، هەموو ئەو کازیوە و رۆشناییەی رۆژ ئەڵێی وردەزیخی چوار چوکڵە و سێ چوکڵەیە، ئەچەقنە قوڕگمەوە و گەرووم ئەڵێی تۆفانی گڕ تیایدا هەڵیکردووە و دەمم دەچێتە کلیلە.
با شتێکت پێ بڵێم; من خۆم گوێم لە دەنگی خۆم بووە وەختێ بە دزییەوە لەسەر حەوزی مزگەوتەکە دانیشتم و هەر بۆ تاقیکردنەوە وتم; ئەرێ بابزانم هەر بەڕاستی زمانم شکاوە و توانای قسەکردنم نەماوە؟! روانیمە نێو حەوزی مزگەوتەکە و بە خۆمم وت; ئادەی خلە چۆڕێ ئاو بکە بە دەممەوە، ئەی هاوار ئەی هاوار چ دەنگێکی ترسناک و ناخۆشی خۆم هاتە گوێم.
عەبە نەسیم پێی بڕیم و وتی:
خلە دەنگت لەمە ناخۆشتر و ترسناکتر دەهاتە گوێ وەک ئەوەی ئێستە من دەیبیستم؟
باوەڕم وایە عەبە گیان دەیان چەو و زیخ و بەردی چەنچوکڵانەم لە قوڕگما لابردووە، تا وەک رۆژی سەر حەوزی مزگەوتەکە دەنگم ترسناک نەیەتە دەر لە دەمم.
خلە دوودەنگ لە بنیادەمی دەرچووبو، بووبووە وێردی سەر زمانی خەڵکی ئەم مەرز و بوومە. تا دەهات، چریکە و سەدا و ئاوازەکانی لە شەودا زیاتری دەکرد.
هەبوو دەیوت لە کانی ژنانەوە دەچریکێنێت
هەبوو دەیوت لە قوڵی شێریەوە وەک لاسامەی بەهار دادەکات.
لەبیر خەڵک چووبوەوە، زیاتر وەک دەنگێکی پڕ سیحر دەبووە گەرمترین باسی شەوانەی خەڵکی. هەر کە رۆژ دەبووەوە و بانگی بەیانی دەدا، کەس نەیدەوێرا باسی خلە دوودەنگ بکات.
لە بەینی هەردوو کێلە بەرز و باریک و شمشاڵیەکەیدا کزۆڵەی کردبوو. سرکەییەکی لە ناوچاوانی بەستبوو. پێموت:
خلە بۆ خاتری خوا بۆچی جگە لە من کەس تۆ نابینێ لە نێوان ئەم دوو کێلەدا؟ نایشوێرم بە کەس بڵێم کە من تۆ دەبینم، دەتبینم بە خۆت و سرکەییەکەی ناوچاوتەوە لە نێوان ئەم دوو کێلەدا، دەترسم وابڵێم. دڵنیام ئەگەر وابڵێم، سوێندت بۆ ئەخۆم بە هەرچی پیر و پێغەمبەرە پارچە پارچەم دەکەن.
عەبەی نەسیم با پێت بڵێم؛ جا چ پێویستە بڵێی من خلە دوودەنگ دەبینم و ئەوە کێلی سەر گۆڕی ئەو نییە؟ من گۆرانیم زۆر ماوە بۆ ئەم ئاواییە بیڵێم، من مەراقم زۆر ماوە شەوانە باخەڵی پڕ لە مەمکی کچە کوژراوەکانی پێ بلاوێنم. چریکەی گۆرانیەکانی من نەبێت، ئەم هەموو جوتیارە دەست و پێ قڵیشاوە چۆن دەتوانن سەروەنەوزێ بشکێنن؟ عەبەی نەسیم گوێگرە، ئەو دەمەو بەیانیەی دایکم بە ژانی لەدایکبوونی منەوە و بەسەر منەوە گیانی دەرچوو، هیچ ژنێک منداڵێکی ئاوا ناشرین و ترسناکی وەک منی لەخۆنەدەگرت، تەنانەت باوکیشم کە من نۆبەرەی ئەو بووم. سەری خۆی هەڵگرت و من و ئەم ئاواییەی بەجێهێشت. عەبە گیان تەنیا دایە نەسیم، واتە دایکی راستەقینەی تۆ منی هەڵگرتەوە. چەندی شیر بە تۆ داوە، ئەوەندەش منی پێ بەخێو کردووە. لەبەر رۆحیانەتی پاک و پڕ نووری دایە نەسیم نەبوایە، تۆش منت نەدەبینی. کەواتە ئەم یەکتربینینە لە نێوانی ئەم دوو کێلەدا هەر با گرێ و نهێنی نێوان من و تۆ بێت. [1]
نوسینی: #عەلی پێنجوێنی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=