کاریگەریی ژنێکی پسپۆڕی کورد لەسەر درووستکردنی مێشکی ڕۆبۆتی لە ئیتاڵیا
ڤیان خیشکار
پسپۆڕێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیتاڵیا، یەکێکە لەو توێژەرانەی کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، کار لەسەر پەرەپێدانی مێشکی ڕۆبۆتی یان مێشکی دیجیتاڵی دەکات.
د. #پاوان فارس دزەیی# ساڵی 1985 لە شاری #هەولێر# لە باشووری کوردستان لەدایک بووە. دوکتۆرای لە فیزیۆلۆژیای خوێن لە #زانکۆی سەڵاحەدین# لە هەولێر تەواوکردووە و وەک توێژەرێکی کورد لە زانکۆی پاڤیا لە ئیتاڵیا لەسەر مێشکی ڕۆبۆتی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە.
د. پاوان نزیکەی دە ساڵە لەسەر درووستکردنی مێشکی ڕۆبۆتی لێکۆڵینەوە دەکات. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، پڕۆژەکەیان درووستکردنی مێشکێکی ڕۆبۆتی هاوشێوەی مێشکی مرۆڤە، بە مەبەستی دابینکردنی خێراترین و وردترین زانیاری بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.
د. پاوان دەڵێت کە چەند وڵاتێکی جیاواز لەو پڕۆژەیەدا بەشدارن، بۆ ئەوەی پڕۆژەکە پێشکەشی زۆرێک لە وڵاتان لەوانە هەرێمی کوردستان بکەن و لە داهاتووشدا پزیشکان دەتوانن لە جیاتی پشکنینی کاریگەریی دەرمانەکان لەسەر نەخۆشەکان، پشت بە ژیریی دەستکرد ببەستن.
د. پاوان دزەیی لەو چاوپێکەوتنە میدیاییەدا ڕایگەیاند: خۆشحاڵم وەکوو پسپۆڕێکی کورد شانبەشانی پسپۆڕانی بیانی لە نوێترین و وردترین پڕۆژەی جیهانیی ژیریی دەستکرد بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندرووستی بەشدارم. ناوبراو لەسەر ئەوەش جەخت دەکاتەوە کە پسپۆڕانی کورد بە بەراورد لەگەڵ پسپۆڕانی بیانی، بەرگرییان زیاترە و لەسەر کارەکانیان سوورترن، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە لەنێو هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتیی داراییی توێژەران بکرێت و ئامێری پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
$مێشکی ڕۆبۆتی چییە کە هەر شتێک فێری ڕۆبۆتەکان دەکات؟$
مێشکی ڕۆبۆتی جۆرێکی نوێی سیستەمی کۆمپیوتەرە بە ناوی (Robo Brain) کە زۆر سەرچاوە لە ئینتەرنێتەوە دادەبەزێنێت و پرۆسێسیان دەکات و کاتێک کە ڕۆبۆتەکانی تر پێویستیان بە زانیاری هەیە، دەیخاتە خزمەتیانەوە.
زانایانی زانکۆکانی کۆرنێل، ستانفۆرد، براون و کالیفۆرنیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی مێشکی ڕۆبۆتی بۆ ناسینی شتەکان، وێنەکان لەنێو خۆیدا پرۆسێس دەکات و بە گرێدانی وێنە و ڤیدیۆکان بە دەقەوە، فێری ئەو شتانە و بەکارهێنانیان و هەروەها فێری زمان و ڕەفتاری مرۆڤەکان دەبێت.
توێژەرانی ئەو بوارە دەیانەوێت ئێستا لە زۆر بواردا مێشکی ڕۆبۆتی بەکار بهێنن. بۆ نموونە لە کەرتی دەرمانسازی، چارەسەریی پزیشکی، ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێر، توێژینەوەی زانستی و چەندین کەرتی تر.
لە ئێستادا 2023 کۆمپانیای تێسلا سەرقاڵی درووستکردنی ڕۆبۆتە و دوو ساڵ لەمەوبەر ئیلان ماسکیش لەمبارەوە ڕایگەیاند کە تێسلا سەرقاڵی درووستکردنی ڕۆبۆتە. لە سەرەتای ساڵی 2023 ئەم کۆمپانیایە ڕۆبۆتێکی نوێی بە ناوی ئۆپتیموس نمایش کرد کە توانای سەرسووڕهێنەری هەبوو، دوای نزیکەی 10 مانگ، بەرەی دووەمی ڕۆبۆتی ئۆپتیموس ناسێندرا کە بە شێوەیەکی زیرەکانە و وەک مرۆڤ ڕەفتار دەکات. [1]