شەهید
کاتێ زانیان
دڵت پاپۆڕی ئەوینە و
بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی
دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی!
کاتێ زانیان
دڵت پردێکە پان و پۆڕ
بەرەو ناخی مێژووی جیهان
دەستی کوێستانت گرتووە و
لەقووڵایی مەرگ و خوێنا
ئەیبەی بەرەو کۆشکی ژیان
پەردەی وەرزی زریان ئەدڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی!
کاتێ زانیان
بورکانە دامرکاوەکان ئەخرۆشێنی
بوومەلەرزە خنکاوەکان
لەناو خوێنتا ئەجوێنەوە
نەخشەی جیهان ئەشێوێنی
سنوورەکان لەژێر پێتا ئەتوێنەوە
وەک بڵێسەی کڵپەی ئاگر
لەناو شەوەزەنگا ئەگڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی
کاتێ زانیان
ناوت بووە بە جوانترین وشەی ئەوین
دڵدارەکان ئەبزوێنی
دەنگت بووە بە چەپکە تیشک
شەوی چڵکن ئەشڵەقێنی
شانت داوە بە ژێر خەمی نیشتمانا و
فرمێسک لەچاو هەژار ئەسڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی
کاتێ زانیان،
کوێستانت کردووە بە هێلانە
بە شمشاڵی لوولەی تفەنگ
دڵدارەکان بۆ جێژوانی چیا ئەچڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 57 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!