ئامانە بایداوە
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
ئەوێ ساران گەڕەکەکانی شاری #هەولێر# زۆربەیان لەناو بازاڕەوە نێزیک بوون، تەبعەن بازاڕی قەیسەری بازاڕی مەرکەزی شار بوو، گەڕەکە کەونەکانیش وەکی (#تەعجیل# و #عارەبان# و #خانەقا# و #تەیراوە# و #سەعدوناوە# و #سەیداوە# و #سێتاقان# ) لەناو بازاڕەوە نێزیک بوون، هێشتا هەولێریش وەها گەورە نەبوو. لۆیە خەرکی بەعام بەپێیان شۆڕ دەبوونە ناو بازاڕ و ئێوارانیش خەرکی بەعام دەکشانەوە مارەکانیان و بازاڕ چۆل و هۆل دەبوو.
لە سارانی شێستەکان هەندەک گەڕەکی تازە هاتنە درووستبوون وەکی #ئازادی# کە خانی لۆ مۆزەفان درووستکران و دوایی خەرکیش ڕوویان تێکرد. لەبیرمە ئەمن مندار بووم مام عارەبی شەربەتفرۆشم دەدیت لەناو بازاڕی دەگەڕا و هاواری دەکرد گوریسی عەرد لە ئازادی بە 65 فلس، ئێستاش نەمزانی گوریس چەند مەترە، بەس تێدەگەم کەوا پارەکە زۆر کەم بوو بەو حیسابەی گەڕەکەکە لەناو شارەوە دوور بوو..
لە دواییشدا گەڕەکی #کوران# و #ئیسکان# و #شۆڕش# و سەبعە نیسان و #کانی#ش، هاتنە درووستبوون، ئەوجا خەرکی پێویستیان بە هاتوچۆی ئامانە بوو.. ئامانە کە جیلی ئێستا نەیاندیتییە هەر وەکی پاسی گەورەی گواستنەوەی بەینی شارانە، بەس لەناو شار زیاتر پاسی مارسدیس بەکار دەهات لۆ گواستنەوەی ناو شار بەتایبەتیش لۆ ئەو گەڕەکە تازانەی باسم کردن.. ئەوجا ئامانەش دوو بەش بوون، پێشەوەی کورسییەکانی ئیسفەنج بوون بیتاقەی بە پازدە فلس بوو، پشتەوەشی کورسییەکانی دار بوون بە دە فلس. ئەوجا کە سواری ئامانەی دەبووی دەبایە بیتاقەی ببڕی، کابرایەک هەبوو پێیان دەگۆت (جابی) لەناو پاس دەگەڕا و بیتاقەی دەفرۆشتە خەرکەکە.. ئەوجا دەبایە هەتا دێیە خوارێ ئەو بیتاقەیەت لەدەست بگرتبایە و وەکی بیلبیلەی چاوت بتپاراستبایە، چونکی دەم نادەم زەلامەک بەسەر دەکەت کە پێیان دەگۆت (موفەتیش) ئەویش قرتەیەکی ئاسنی بەدەستەوە بوو، بیتاقەکەی لێت وەردەگرت بە قرتەکە کونی دەکرد، هەندەکجاریش ئەو قرتەیە نەبوو، کابرای موفەتیش لایەکی بیتاقەکەی لێ دەکردەوە ئەوەش مەعنای وایە کەوا ئامانەکە تەتفتیشات کرایە..
لە بەرامبەر دەرکەی نادی مۆزەفین کابینەیەک هەبوو جابییەکان دەهاتن لەوێ لەکن مام خەلیلی بابی سەرداری دەستە بیتاقەیان وەردەگرت و بەخەرکیان دەفرۆشت لەناو ئامانەکاندا.. ئەمن ئەو زەمان وامدەزانی ئەو موفەتیشە لۆ ئەوەیە نەوەکا کابرای جابی بیتاقەی نەدابیتە برادەر یان خزمەکانی خۆی و بە بەلاش سواری ئامانەیان بکاتن، دواییش هەر وابوو، چونکی ئەو موفەتیشانە لۆ موراقەبەی جابییەکان دامەزرا بوون.. ئەوجا بزانن حوکمەت چەندە پەرۆشی سامانی وراتەکەی خۆى بووە. محاسیبی دائیرەکان لەهیکرا لجنەیەک دەهاتە سەریان جەردی قاسەیان دەکرد، موعەلیم لە مەکتەب موفەتیشی لۆ داندرابوو، شەوان زابتی پۆلیس لەناو بازاڕەکانی قەیسەریدا دەسووڕانەوە لۆ متابەعەی حەرەس لەیلییەکان، دەوڵەت ئەوندە حەریس بوو لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکانی بەرێکوپێکی، ئێستا ئەو شتانە مەگەر لە خەوندا بیانبینینەوە.. ئێستا مۆزەف دزی لە مارى حوکمەت دەکا، دختۆر لەگەر ساحیب سەیدەلی شەریکە، موزەمید نازانی کانیولا دابنێ دەستی مندار دەبڕنەوە، تاجیر بەنزینی ژەهراوی دەینی کەس محاسەبەی ناکا، خواردنی ئێکسپایەر لە مەتعەمان دەدەنە خەرکی وەزارەتی تەندرووستی گونیشی پێنەچووە، کەتینە ڕۆژەکی ئەوەندە ڕەش و قەمتەران هەزار ڕەحمەت لۆ ئەو زەمانی بنێرین کە حوکمەت حوکمەت بوو پیاوم دەویست بەرامبەر پۆلیسەکی برێتن ئحم!.
تخوا وازم لێبهێنن با بچمەوە سەر خەون و خەیاڵی ئەو ڕۆژانەی کە وەکی ئینسان دەژیام.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!