لەو ڕۆژەی یانەیەک لە دایکبوو بە ناوی پێشمەرگە، لەو ڕۆژەی هەمووان بەحەسرەتەوە چاومان لە داهاتوو بوو، داهاتوویەک پڕ بێت لە هیوا، داهاتوویەک پڕ بێت لە گەیشتن بە ئامانج و خەونە بەدی نەهاتووەکان.
دوێنێ و ئەمڕۆ ئەو ڕۆژانە بوون کە پێیان وتین ئیتر لێرەوە ڕێڕەوی سەرکەوتنەکان بەدی دێن، بەدی هاتنێک کە هەمووان بە چەپڵە و چاوی پڕ فرمێسکی خۆشی و شادییەوە پیرۆزبایی بکەین.
تیمەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە پاڵپشت بە فێرگەکەیان گەیشتنیان بە خەونەکان هێنایە دی، سەرەتا و لە کاتژمێر 3:00ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی #12-04-2024#، تیمی تازەپێگەیشتووانی یانەی پێشمەرگە لە شاری #دهۆک#ی ڕەنگینەوە و لەسەر یاریگەی #یانەی وەرزشی دهۆک# ڕووبەڕووی تیمێک بوونەوە کە مێژوویەکی پڕ دەست کەوت و خەرمانیان لە یارییەکە هەیە و قوتابخانەیەکن لەو بوارەدا کە خۆشبەختانە و دوای 90 خولەک لە کاتی یاسای یارییەکەیان بە ئەنجامی (1 -2) گۆڵ توانیان سەرکەوتنێکی گرنگ بەدەست بهێنن و بگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی هیواکان بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتووی خولی پیشەگەرانی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەکانی ئێراق.
ئەمە و ڕۆژی شەممە #13-04-2024# جیاواز لە جیاوازەکان بوو بۆ تیمەکانی بێچووە شێرانی قوتابخانەی تۆپی پێی یانەکە کە بۆ یەکەم جارە لە خولێکی پڕ ڕکابەردا و لەسەر ئاستی ئێراق بەشدارە و ئەو تیمەش توانی بە ئەنجامێکی مێژووی و بە 10 گۆڵی بێ وەڵام لە بێچووە شێرانی یانەی دهۆک بباتەوە.
هەرچی لە کاتژمێر 3:30 خولەکی پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ 13-04-2024 بوو هەردوو تیمەکانی لاوان و پێشکەوتوان چونە نێو دوو ڕکابەری بەهێز، لاوەکان میوانداریان لە دهۆکی ڕەنگین کردوو پێشکەوتووە پاڵەوانەکان لە شاری #بەغدا# بوونە میوانی یانەی (الحسین).
وەک هەمیشە و نەریتە بەردەوامەکانیان و لە دوای ڕکابەرییەکی بەهێز لاوانی پێشمەرگە بە گۆڵێکی بێ وەڵام سەرکەوتنیان لە بەرانبەر لاوانی دهۆک نووسییەوە و هەرچی تیمەکەی پێشکەوتوان بوو پێشمەرگە ئاسا لەسەر یاریگەی 5000 هەزار هاندەرەوە توانیان بە 2 گۆڵی خاوێن سێ خاڵی گرنگ لە بەرانبەر (الحسین) بەدەست بهێنن.
دواجار ئەو دەست کەوت و ئەنجامانەش پێمان دەڵێن کە یانەی پێشمەرگە خزمەت بە چینی وەرزشکاران و لاوان دەکات، پێمان دەڵێن کە تەنیا وەرزشە ڕێگەی ئێمە، پێمان دەڵێت کە یانەی پێشمەرگە ئەو قوتابخانەیەیە کە بۆ داهاتوو دەبێتە مایەی گەیشتن بە خەونە بەدی نەهاتووەکان و گەیشتن بە ئامانج و دەست کەوتەکان. [1]