#عەلی مەحمود محەمەد#
زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەکان لەسەر ئەم خاکە جینۆساید دەکرێن، هەموو ئەو تاوانانەی داعش ئەمڕۆ ئەنجامی داوە، بە درێژایی ئەو مێژووە بەردەوام بووە، زیاتر لە 127 جار بە زیاترەوە کۆمەڵکوژییەکانیان دووبارە بووەتەوە
خيري شنکالی: تعریف الديانة الايزيدية للالمان.
لە ماوەی دوانزە سەدەی ڕابردوودا ئێزیدییەکان بەردەوام جینۆساید و تاڵان کراون و کچان و ژنانیان کراوە بە کەنیزەک و لە بازاڕی گەرمی کۆیلەی شارەکان فرۆشراون یان بەخشراون و وەک دەستکەوتی تاڵانی جەنگ دابەشکراون، پیاوان و منداڵانیشیان کراون بە کۆیلە و لە زۆربەی جارەکانیش بۆ خۆڕزگارکردن بە زۆر ئایینیان پێ گۆڕراوە، یاخود باج و سەرانەی زۆریان بەسەردا سەپێنراوە سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ملیۆنێک و نیوێک ئێزیدی لە ماوەی نێوان شەڕی چاڵدیران لە ساڵی 1514ی زایینی بۆ کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1919ی زایینی لەلایەن عوسمانی و سەفەوی و ئێراق و هەندێک میر و شێخی کوردەوە کوژراون- خیري شنکالی: تعریف الديانة الايزيدية للالمان.
تەواوی ئەو تاوانانەش کە کراون بەرگی پیرۆزییان بەبەردا کراوە و بە جیهاد و غەزا لە مێژوودا ناوزەد کراون، لەو 73 فەرمانەی پێشوو وەک ئاماژەی پێ دەدەین، پیاوانی موسڵمانی کورد لەژێر پەرچەمی ئاییندا بەشدارییان لە زۆربەی تاوانەکاندا کردووە و شانازیشیان پێوەی کردووە، بەشدارییەکەیان چ بە شێوەی سەربەخۆ ئەنجامدراون، یاخود لەژێر ئاڵای سوپای عوسمانی و سەفەوی و ئێراقی و ئیتحاد و تەرەقی و... ، هەندێک جاریش خۆیان سەرکردایەتی فەرمانەکانیان کردووە و تاکە بکەر و فەرماندەری تاوانەکان بوونە، تەنانەت تاوانەکانیان وەحشانەترینیان بووە لە مێژوودا، ئەم تاوانبارە مەزنانە لە مێژوودا هەندێکیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە هەژمار کراون و ئێستاش شانازییان پێوە دەکرێت، وەلێ لە دوا فەرماندا، فەرمانی ڕۆژی چوارشەممە ڕەشەی#03-08- 2014# ەدا، کە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لەژێر ناوی داعش، بە بەرچاوی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی جیهانەوە تاوانەکان ڕابردوویان دووبارە کردەوە، عەقڵی تاکی کوردی دوای سەدەیەک لە گۆڕانکاری سیاسی و ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئیتر ئێستا زۆرینەی پیاوانی کورد نەک بەشێک نین لە پڕۆسەکە و ئەکتەری چالاک نین لە تاوانەکە و شانازیکەر نین بە جینۆسایدەوە و تاڵان کەر نین بە ماڵ و ژنی ئێزیدیەکانەوە، ئەو مێژووەی ڕابردووش بە مێژووی شانازی خۆیان نازانن، بگرە بە پێچەوانەوە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێکی نوێ دێتە پێشەوە، بۆ یەکەمجار ئێزیدی بوون دەبێتە شانازی بۆ دەستە بژێرێکی گەل، ئەو چوارشەممە ڕەشەی 3-8 لە تاوانەکانی داعشدا، بە بەردەم ڕاگەیاندنەکانەوە چەندە ڕەشە قێزەونترە بێت، دوا فەرمانی 3-8 دەبێتە دوا کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و کۆی73 فەرمانەکەی پێشوو و کۆی پەلامارەکانی دیکە، لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندوو دەکاتەوە و لە گەڵیدا مێژووش دادگایی دەکاتەوە، دەیانکات بە بەشێکی بێزلێکراوو ڕەش لە خۆی و مێژوو.
مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە، مێژوو قێزەون دەبێت بە درۆ و تاوان، 3ی ئاب لە شانازییەوە دەگۆرێت بۆ دادگاییکردنی مێژووی تاوانە هاوچەشنەکانی ڕابردوو، 74 دەبێتە پڕۆسەی دادگاییکردنی 73 فەرمانەکەی پێشوو، داعش دەبێتە ئاوێنەی سیمای پیاوە پیرۆزەکانی ڕابردوو لە تاوانەکانی ئەودا دادگایی دەکرێنەوە.
لێرەدا هەست بە گۆڕانکارییەکی هێمنانە دەکەین لە عەقڵی تاکی کورددا بە تایبەت بەشە پیاوەکەی، هەرچەندە بەشێکیشی لەژێر کاریگەریی ئیسلامی سیاسیدان، کەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەرۆکدا لەگەڵ داعش، بگرە لە دەنگدانەکەی پەڕڵەمانی کوردستاندا زیاتر لە 25% دەنگیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان نەدا، کەمایەتییەکی زۆر بچوکی کۆمەڵگەی کوردی نەبێت، بە ئاشکرا ئەوی دی هەموو ڕەتی تاوانەکەیان کردەوە، ئیتر ئێزیدییەکان مرۆڤی پێش چواری هەشت ڕەش نین، ئیتر شەمەی#03-08-2019# ، هەموو بەبێدەنگ چرکەیەک ڕادەوەستن و ڕێز لە قوربانیان دەگرن، ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێک نەفرەتلە هەموو فەرمانەکان دەکەینەوە، ئیتر فەرمان لە بنەچەدا وشەیەکی فارسییە بە واتای بڕیار “فەرمانێک، حوکمێک، یان دەستوورێک کە سوڵتانی عوسمانی واژۆی لەسەر کردبێت دێت.” فەرمانی عوسمانی یاسایەکە کە خودی سوڵتانی عوسمانی فەرمانی پێکردووە و لەلایەن ئەوەوە واژۆ کراوە و کاریگەرە و ناگەڕێتەوە و جێگای ڕەتکردنەوە نییە، لە پیرۆزییەوە دەبێتە قێزەون.
دەستەواژەی فەرمانبەرگی پیرۆزی لەبەر دادەکەنرێت و ناشرین و بێزلێکراوە، ئیتر هەموو ڕقمان لە وشەی فەرمانە، ئیتر فەرمان وەک وشەی ئەنفال قێز لێکەرەوەیە، بە ڕێزگرتن لە قوربانیان ڕەتی مێژووە ڕەشەکانی هاوشێوەی ڕابردوو دەکەینەوە ئیتر فەتوادەرانی فەرمانەکانیش لە پیرۆزی دەخەین و لە تاوانەکانی داعشەوە دادگاییان دەکەین، هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییکردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی ڕابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەکانی چوارشەممە ڕەشەکە، ئیتر هەموو 3-8 ێک بووە بە بەشێک لە یاداوەری گەلێک، بووە بە دابڕان لەگەڵ مێژووی 1200 ساڵەی ڕابردوو و هەر 73 فەرمانەکەی پێشوتر، بووە بە دابڕان لە کلتورو تاوانی داعشیانە.
لە فتواکانی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل (780-855م)ەوە، تا فەتواکانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبوو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئایینییەوە (خطیب المفسرین شیخ الإسلام، مفتی القسطنطینییة) کە ئێزیدییەکانی بە لە کافر کافتر ناوزەد کردووە، فەتوای کوشتنی پیاوان و بە کەنیزەک کردنی ژنانیانی دەردەکرد، هەموو ئەوانەی بە فەتوا و فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەکانیان لە مێژوودا کرد، جارێکی دیکە لە بەردەم ئاوێنەی تاوانەکانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژووەوە، ئیتر لێرەوە عەمادی شێخولئیسلامی ئومەیەک نییە لای ئێمە، بەڵکوو فەتوادەری تاوانێکی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە و تاوانباری جینۆسایدە، کە سەدان فەرمان لە بەر ڕۆشنایی فەتواکەیدا دەردە چێت و پێکهاتەیەکی ڕەسەنی سەرەکی گرنگ کە ناوی ئێزیدییە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت، وەک ئەوەی ئێستا داعش کردی، عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریکرد بەرانبەر بە ئێزیدییەکان، بە پیرۆزیش زانراو کەسیش بە یەک دێر دژی نەوەستایەوە.
قڕکردنی ئێزیدییەکان لە ساڵی 224ی کۆچییەوە، لە سەردەمی خەلیفە (موعتەسەمی عەباسیی)ەوە دەستی پێ کردووە، وەلێ فەتوای ئەبوو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 ڕەوایەتی ئایینی پێ بەخشی و پیرۆزی دا بە قڕکردنەکە لە پۆششی ئاییندا، ئەم فەتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ، چڕترینیان فەرمانەکانی قڕکردنەکانی سەدەی نۆزدە بوو ، سەدەیەکی پڕ نەهامەتی و تاوان بوو بۆ ئێزیدییەکان، ئەم فەرمانانە تەنیا خەلیفە و پاشا تورک و فارس و عەرەبەکان پێی هەڵنەستان، لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای کۆرەی ڕەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 لەناو فەرمانە زۆر و زەبەنەکاندان، بۆیە لە بەر ڕۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەکانی داعشدا، دەبێت بە پێگەی کەسایەتی ئەو کەسایەتییانەدا بچینەوە و لە دادگای مێژوودا دادگایی بکرێنەوە، ئەگەر کوردیشن ئەوا دوو جار تاوانبارن، ڕاستە هەر مرۆڤێک لە مێژوودا مرۆڤەکان بە شێوازێک دەیخوێننەوە، بۆیە پاشای کۆرە ئیتر پاڵەوانە مێژووەکە نابێت ببێت، ئەو بکەری تاوانی گەورەیە و دەبێت دادگایی بکرێت، ئەو لە مێژوودا تاوانباری جینۆسایدە.
داعش و پاشای کۆرە، کامیان تاوانبارترن؟
داعش 6417 کەسی لە ئێزیدییەکان ڕفاند لەوانە نزیک 3600 کەسیان تاکوو ئێستا گەڕاونەتەوە، واتا 2783 کەسیان ماون و شوێنبزرن، 1397 کەسیشی کوشتووە، بەڵام پاشای کۆرەی ڕەواندز کە بە ویقارەوە پەیکەرەکەی لە ڕەواندزە، زیاتر لە 95%ی ئێزیدییەکانی کوشتووە و بە کەنیزەک کردووە، لە کۆیەوە بۆ سەر زێی گەورە یەک کەسیانی لەسەر ئەو جوگرافیایە نەهێشتووە. (ایاد جلال بابان یعید افتراوات المندوب السامی البریطاني-صباح کنجی.
هێنری لایارد (شوێنەوارناس #05-03-1817# پاریس. بۆ#05-07-1984# )، کە ڕۆڵی هەبووە لە وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکە لە ئاستانە پایتەختی عوسمانی، باسی لەوە کردووە کە نزیکەی سێ لەسەر چواری دانیشتووانی ئێزیدی شاخ کوژراون.
لە پەلامارەکەی پاشای کۆرە تالان و کوشت و بڕ ناوچەکانی شێخان و قوش و ئاکرێ و دەشتی موسڵ و کەڵەک و حەریر و چیای مەقلوب .. گرتەوە، بەشێوەیەک دوو ئیمارەی ئێزیدی کوشت و بڕ کران و لەناوبران، باس لە کوشتنی 135000 کەس و بە دیل و سەبایە کردنی 10000 کەس دەکرێت کە عەلی بەگ سەرۆکی ئێزیددییەکان لەناو دیلەکان بوو دواتر بەدیلی کوشتی، لەو پڕۆسەیە پاشای کۆرەی ڕەواندز 500 کچی جوانی ئێزیدی پێشکەش بە ئەمیرەکانی بابان و پشدەر و کۆیە.... کرد و ئەوانی دیکەی بەسەر موجاهدینەکاندا دابەش کرد.
ئەگەر چەندە زێدەڕۆیی لە ئامارەکاندا کرابێت، وەلێ هەر ئەوە ڕاستە تاوانەکانی پاشای کۆرە چەند جاری داعش بووە، بهێننە پێش چاوی خۆتان پەیکەر بۆ ئەبوو بەکر بەغدای درووست بکرێت؟
چەندە بە ئازار دەبێت، ئەگەر دەمانەوێت ئێزیدییەکان ئاشت بکەینەوە و ئەوا پێویستە لە پەیکەرەکەی پاشای کۆرەوە دەست پێ بکەین و داوای لێبوردنیان لێ بکەین، ناوچەکانیان لە گۆڕینی دیموگرافی بپارێزین و چەند کورسییەکی کۆتاشیان لە پەڕڵەمانی کوردستاندا بۆ تەرخان کرێت وەک دەستپێک.[1]