لە زمانی خۆیەوە:
ساڵی 1962 لە شارەدێی (#گوێڕ#)ی سەر بەپارێزگای (#هەولێر#) هاتوومەتەژیان. بەهاری 1963 لەکاتی هێرشی عەرەبەکان (هێرشی پاسەوانانی نەتەوەیی / حەرەس قەومی) کەبەهەرای عەرەبان ناودێر کراوەلەزێدی خۆمان ڕاونراوین و ئاوارەکراوین. ساڵی 1968 چوومەتە فێرگە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییم لە هەولێر خوێندووەو دواتر لەکۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی #سلێمانی# وەرگیراوم، لەگەڵ گوێزرانەوەی زانکۆی سلێمانی هاتوومەتەوە هەولێر و ئاکام لەزانکۆی سەڵاحەدین بڕوانامەی (بەکالۆریۆس)م لەئەندازەی کارەبای گشتی وەرگرتووە.
ساڵی 1977 لەریزی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستاندا هەنگاوی یەکەمی تێکۆشانی سیاسیم هەڵێناوەتەوە. دوای تەواوکردنی زانکۆ چوومەتە شاخ و چەکی پێشمەگایەتیم کردۆتە شان و سەرەتا لەریزی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و دواتریش لەریزی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستاندا تێکۆشاوم و لەراپەڕینی بەهاری 1991 دا بەزێد و شارەکەم شاد بوومەتەوە. تاکەئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی یەکگرتنی کوردستان بووم کەساڵی 1993 لەگەڵ دەستەیەک کادیری حزبی یەکگرتن ماوینەتەوە و حزبی ڕزگاریی کوردستانمان ڕاگەیاندووە. هەرچۆن ساڵی 1977 دەستم بەتێکۆشانی سیاسی کردووەو بێ پسانەوە تا ئەمرۆ تێیدا بەردەوامم.
ساڵی 1977 یەکەمین چیڕۆکم نووسیوە.لەنێوان ساڵانی 1980 تا 1989 چەندین هۆنراوەو کورتەچیڕۆکم لەسەر شێوەی نامیلکە لە شاخ چاپ و بڵاوکراونەتەوە. ساڵی 1991 کۆمەڵەچیڕۆکی ئەستێرەی دارژاو لەناوەندی بڵاوکردنەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە#ورمێ# چاپکراوە. هەر ئەو ساڵە بڕیار بوو ڕۆمانی (نووژەن) کەساڵی 1988 نووسراوە، لەو ناوەندەدا چاپ بکرێ، بەڵام لەگەڵ ڕاپەڕین گەڕامەوەباشووری کوردستان، سەرئەنجام دوای چاوەڕوانیەکی زۆر هاوینی 2005 کەوتەبەردەستی خۆێنەرانەوە.هەروەها بابەتی سیاسی و وێژەیی جۆراوم لەرۆژنامەو بڵاوکراوەکانی سەردەمی شاخ و هەندەراندا دەرگەی ڕووناکیان لێکراوتەوە. ماوەیەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نووسەرانی کوردستان بووم. دوای ڕاپەڕینیش بابەتی سیاسی و لێکۆڵێنەوەبۆ ڕۆژنامەکان دەنووسم و لەکاری سیاسیشدا چالاکم. ماوەی ساڵێک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بووە.