$ژیاننامە$
#ئەستێرە کەریم# لە 29-01-1983 لە شاری #سلێمانی# لە دایک بووە و کچی پیاوێکی ڕۆشنبیری شاری سلێمانییە و ناسراون بە کەریم عومەرە سووری عەرەبانچی.. باوکی لە ژیاندا نەماوە بە نەخۆشی شێرپەنجە و خاوەنی دایک و برایەک و دوو خوشکە. ئەستێرە سێیەمین منداڵە لەنێوانی خوشک و براکانیدا. ناوبراو لە بنەماڵەیەکی بەهرەمەند گەورە بووە و خوشکەزای هونەرمەندی گەورەی کورد #عومەر چاوشین#ە کە پەنجا ساڵ خزمەتی شانۆی کوردی کرد و پێگەی ژنانی پڕکردبووەوە.
$چالاکی$
ئەستێرە کەریم منداڵێکی لێهاتوو زیرەک بووە لە ساڵی 1992 وەکوو پێشکەشکاری بەرنامەی پەپولەکان لە کوردستان تی ڤی کەناڵی مەرکەزی دەست بە کار بوو، یەکەمین منداڵ و کچی کوردە لە باشووری کوردستان دەست بەکاربووە لە شاشەی کوردی..خوێندنی سەرەتایی لە شاری سلێمانی تەواوکرد و بەهۆی #شەڕی ناوخۆ# و ململانێی سیاسی ساڵی 1996 ئاوارە بووە لەگەڵ خانەوادەکەی و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک ڕوودەکەنە وڵاتی سووریا. دوای ئەوە دەگەڕێنەوە شاری #هەولێر# و ژیانی خوێندن و کاری ڕاگەیاندنی خۆی دەست پێدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت. دواتر وەک بێژەری سیاسی بەردەوام دەبێت لە کوردستان تی ڤی کەناڵی ئاسمانی و وەکوو یەکەم بێژەری سیاسی بەشی کوردی لە کەناڵی عەشتار تی ڤی کاردەکات...
لە قۆناغی خوێندندا گەیشتە پۆلی دوانزە و لە تاقیکردنەوەکان دەرنەچوو چیتر درێژەی بە خوێندن نەدا. دوو جار هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی کوڕێکی شیرینە بەناوی سان. لە ساڵی 2006 بڕیاری کۆتایی جێهێشتنی کوردستانی داوە بۆ ئەوەی سانی کوڕی ژیانی وەک منداڵی ژیانی خۆی نەبێت! ئێستا لەگەڵ سان لە وڵاتی سوید مافی پەنابەرێتی وەرگرتووە و ژیان دەباتە سەر وەک هەر کەسێکی تر.
$ئەستێرە کەریم و کارو ئامانجی$
لە 15-09-2016 بڕیاری چالاک بوونی دا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە و لە 16-03-2017 یەکەم پەخشی لایڤی خۆی دەستپێکرد لە ڕۆژی کیمیابارانی #هەڵەبجە#دا، بۆ شکاندنی تابۆکان و یاخی بوون لە کۆمەڵگە.ئەستێرە کەریم کە لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە، بە گژ کولتووری داڕزیوی کۆمەڵگە و ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەوارییدا دەچێتەوە کە زادەی کولتووری فیوداڵی و خێڵەکی و ئایینین. یاخیبوونی ئەم ژنە، تووڕەبوونەکانی، یەک فاکت نیشان دەدات کە کۆمەڵگەی کوردیی، کۆمەڵگەیەکە خەسێنەرە بۆ تاک بەتایبەتیی بۆ تاکی ژن، چوونکە هەموو پەنجەرەکانی ئازادیی بەرووی ئەو کائینە زیندووەدا داخستووە کە مێینەیە. هاوارەکانی بریتییە لە حەسرەتی بێدەنگ و خەفەکراوی هەر ژنێکی کورد. ئەو کارەی ئەستێرە دەیکات، ئەو کاردانەوەشی بەرانبەری هەیە، دیمەنی شەڕێکی نەبڕاوەی نێوان هەردوو دیدگای نوێ و کۆنە، شەڕی جێلەقکردنی کولتووری ساناتۆس و جێگیرکردنی کولتووری ئیرۆسە، زاڵکردنی مرۆڤسالارییە بەسەر گەورەسالاریی و پیاوسالاریی و حزبسالاریی. بەهەمەحاڵ ئەو شەڕەی ئەستێرە هەڵیگرساندووە لە دژی پەیکەری فەرهەنگی دواکەوتووی کۆمەڵگە، شەڕی هەر هەموو ئەو مرۆڤانەیە خەون بەئازادیی و نوێباوییەوە دەبینن، هەر لەم ڕوانگەوە پێی وایە دەبێت هەموومان بە فۆرم و بەگوێرەی وزەی خۆمان بچینە ئەو شەڕەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ترادیسیۆن کە تیایدا مرۆڤ پێشنۆرە و سترۆکتۆر بێت.[1][2]