ساڵی 1971 لە شاری سنە لە دایک بووە. لە کورتە فیلم و هەروەها فیلمە بڵندەکانی سینەماکاری بەتوانای کورد بەهمەن قوبادی وەکوو یاریدەدەری دەرهێنەر و بەرپرسی سەحنە هاوکاری کردووە، لەوانە: فیلمی سینەمایی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"، فیلمی سینەمایی "گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم"، فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەفڕن"، فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" و هەروەها یاریدەدەری چەندین کورتە فیلمی دیکەی بەهمەن قوبادی.
ئومید ڕاستبین بۆخۆشی چەندین کورتە فیلم و هەروەها زنجیرەی بەرنامەی تەلەفیزیۆنی ساز کردووە، کە بریتین لە: کورتە فیلمی کارتۆنی "وحدت" واتە "یەکگرتوویی" ساڵی 1994، کورتە فیلمی "گنجشکک" واتە "چۆلەکەکە" ساڵی 1995، کورتە فیلمی "شکرت خدایا" واتە خودایە سپاس" ساڵی 1976، کورتە فیلمی ئەزموونی "تنگنا" واتە "تەنگانە" ساڵی 1997، کورتە فیلمی چیرۆکی "کبوتر من" واتە "کۆتری من" ساڵی 1998، کورتە فیلمی دیکۆمنێتی "دڵگەش" سەبارەت بە فەرەنجی ساڵی 2001، کورتە فیلمی دیکۆمنێتی "ئاوات" سەبارەت بە زەماوەندی پیری شالیار ساڵی 2002، "زنجیرە بەرنامەی تەلەفیزیۆنی هەڵپەڕکێی کوردی" کە لە ساتەلایتی کوردستان بڵاوکرایەوە ساڵی 2006 و هەروەها کورتە فیلمی دیکۆمێنتی چیرۆکی "ماە اردلان" واتە "مانگی ئەردەڵان"، سەبارەت بە کەسایەتی و ژیانی شاعیرەی بە ناوبانگی کورد "مەستوورەی ئەردەڵان" ساڵی 2007.
سینەماکاری سنەیی ئومید ڕاستبین وەکوو یاریدەری دەرهێنەر لە گەڵ زۆربەی دەرهێنەرەکانی کورد و ئێرانی کاری کردووە و دوایین کاریشی یاریدەدەری دەرهێنەر بووە لە فیلمی سینەمایی "شوێن پێی ماندوو" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئیبراهیم سەعیدی کە وەرزی پاییز و زستانی ساڵی پار لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان ل لایەن وێنەگری ناوداری ئێران بایرام فەزلی وێنە گیراوە.