قەدری جەمیل پاشا لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا (دۆزی کوردستان) بە ناوی خواستەمەنی زنار سلۆپی کە یەکەمجار لە ساڵی 1969بە زمانی ترکی لە بەیڕووت بڵاو بووەتەوە، باسی سەفەری خۆی بۆ مهاباد و دیدار لە گەڵ پێشەوا قازی محمەد و کاربەدەستانی کۆمار دەکا.ئەو دەنووسێ دوای هەشت ڕۆژبە سواری وڵاغ و بە پێیان بەڕێگەی سلێمانیدا خۆی گەیاندووەتە ناوچەی بەردەستی هێزی کوردستان لە بۆکان، لە وێ چووەتە لای پۆدپۆڵکۆڤنیک مستەفا خۆشناو و، ئەو لە گەڵ خۆیدا بردوویەتە سەردانی جەبهەی هەمبەر هێزە ئێرانییەکان، پاشان بە یەکەوە بە ئۆتۆمۆبیل چوون بۆ مهاباد بۆ دیدەنی پێشەوا قازی محەمەد.
قەدری جەمیل پاشادوای حەسانەوە دەچێتە دیداری پێشەوا،لە دیتنی پێشەوا زۆر خۆشحاڵ دەبێ. بۆ بەیانییەکەی ڕا بە یەکەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆن، باسی وەزعی کوردان لە سوورییە و ترکییە دەکەن.
قەدری بەگ لە بەردەوامی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لە مهاباد دێتە سەرباسی ئاڵای کوردستان لە کاتی کۆمار دا و ئەو ئاڵایە دەناسێنێ.
قەدری جەمیل پاشا لە دۆزی کوردستاندا، باس دەکا دوای ڕاوێژ و مەسڵەحەت لە گەڵ پێشەوا قازی محەمەد بڕیار دەدا بۆ پێوەندی لە گەڵ سۆڤێتییەکان بچێتە تەورێزێ.پێشەوا دەینێرێتە لای سەرۆکی نەخۆشخانەی شووڕەوی لە تەورێز.جەمیل پاشا دەڵێ نێوی ئەو دوکتورەی لەوێ چاوم پێی کەوت وەبیرم نایە، بەڵام دەڵێ زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکردم و زۆرم لە گەڵ بە محەبەت بوو. ئەو دوکتورە دەبێ دوکتور سەمەدۆف سەرۆکی نەخۆشخانەی شووڕەوی بووبێ لە تەورێز کە جۆرە پێوەندیکارێک بووە لە نێوان کوردەکان و کاربەدەستانی شووڕەوی دا،وەزیری هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان محەمەد حوسێنی سەیفی قازی لە ڕۆژنامەی کوردستان دا (ژمارە 76 و 79) دوو نووسراوەی بە کوردی و فارسی سەبارەت بە خزمەتی سەمەدۆف بە کوردان بڵاو کردووەتەوە.
قەدری جەمیل پاشا بە سەمەدۆف دەڵێ پێی خۆشە چاوی بە کۆنسوولی شووڕەوی بکەوێ. ئەو بۆ سبەێنێ ڕا کۆسوول دەیبینێ، داوا لە کۆنسوول دەکا ڕێگای بدەنێ (ڤیزای بدەنێ) بچێتە سەردانی کوردەکانی شووڕەوی لە ئەرمەنستان. کۆنسوول لێی دەپرسێ گەلۆ پاسپۆرتی هەیە یان نا؟ ئەویش وڵامی دەداتەوە بەڵێ هەیەتی و کۆنسوول پێی دەڵێ کەوایە دەبێ کاربەدەستانی ئێران بە ڕەسمی ئاگادار بکرێن.قەدری بەگ لە دڵی خۆی دا دەڵێ ئەمن بە قاچاغ هاتووم بۆ سەردانی جمهووری کوردستان و ناکرێ لای ئێرانییەکان خۆم ئاشکرا کەم و ئیتر ئەو داوایە ناهێنێتەوە گۆڕێ.
قەدری جەمیل پاشا دەڵێ بە سەریەکەوە نزیک حەوتوویەک لە مهاباد بووە. نێوبراو لە کتێبەکەیدا دەقی ئەو داوخوازینامەیەی کە وەکوو نوێنەری پارتی دێمۆکڕاتی کوردی سوورییە، بە ئیمزای زنار سلۆپی پێشکێشی پێشەوا قازی محەمەدی کردووە بڵاو کردووەتەوە. ئەو داوخوازینامەیە تەئریخی 21 ئەیلوول ی 1946 واتە 21ی سێپتامبری 1946ی پێوەیە. بە وەڕا دەردەکەوێ قەدری جەمیل پاشا بە ئیحتیمالی زۆر لە نێوان 13 و 21ی سێپتامبری 1946،واتە 21ی خەرمانان تا 28ی خەرمانانی 1325ی هەتاوی لە مهاباد بووە. جێی ئاماژە پێکردنە کە ڕۆژنامەی کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و بڵاوکەرەوەی بیری کۆماری کوردستان لە ژمارەی 92 ی خۆیدا (پێنجشەمۆ 11ی ڕەزبەری 1325ی هەتاوی / 5ی ئۆکتۆبری 1946) بابەتێکی سەبارەت بە ژیان و تێکۆشانی سیاسی قەدری جەمیل پاشا لە ژێر سەردێری " قەدری بەگ جەمیل پاشا، پیاوێکی نیشتمانپەروەری کورد" بڵاو کردووەتەوە، بەڵام هیچ باسی سەردان و سەفەری بۆ مهاباد ناکا و وێدەچێ ئەو بێدەنگی لێ ڕاکردنە لە مەڕ هاتنی بۆ مهاباد لە بەر بارودۆخی سیاسی ڕۆژ بووبێ.
قەدری جەمیل پاش لە کاتی سەردانی لە تەورێز باش ورو یەکی (داخوازینامە) ڕووەو ستالین بە نوێنەرایەتی کوردی ترکییە و سوورییە نووسیوە و داویە بە کاربەدستانی شووڕەوی لە تەورێز کە ئیمزای 20ی ئەیلوول واتە 20ی سێپتامبری 1946ی پێوەیە.
قەدری جەمیل پاشا ئاڵای دەوڵەتی جمهوری کوردستان ئاوا دەناسێنێ:
"حکوومەتی جمهوورییەتی کوردستان لە سابڵاغ، ئەو ئاڵایەی وا " کورد تەشکیلاتی ئیجتیماعییە جەمعییەتی" - کە لە ساڵی 1919 لە ئەستەنبوول پێک هاتبوو- وەک ئاڵای ڕەسمی کوردستان قەبووڵ و ئێعلان کردبوو، بە هێندێک ئاڵو گۆرەوە پەسند کرد بوو. بە دەوری ڕۆژە کەدا کە لە نێوەڕاست ڕەنگە سپییەکەی دابوو، دوو گوڵە گەنم کە قەڵەمێکیان دەنێوان دا بوو وسەریان دەگەیشتەوە یەک و لە سەرەوە یان نووسرابوو دەوڵەتی جمهوری کوردستان " بەرچاو دەکەوت.