بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ڕوداوەکانی هاتوچۆ بەراورد بە ساڵی ڕابردو لە زیادبوندایە و ژمارەی قوربانیان و ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو ڕوداوانەوە گیانیان لەدەستداوە دو هێندەی ساڵی ڕابردوە.
ئەمڕۆ دو شەممە، مقەدەم شۆڕش کاکە، بەڕێوبەری هاتوچۆی کۆیە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ڕوداوەکانی هاتوچۆی شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2013) خستەڕو، کە تێیدا (115) ڕوداوی هاتوچۆ لە سنوری قەزاکە تۆمار کراوە و بونەتە هۆی گیانلەدەستدانی (13) هاوڵاتی.
ئەوەشی خستەڕو له و ڕوداوانەدا (130) هاوڵاتی بە شۆفێر و سەرنشین برینداربون و (609) ئۆتۆمۆبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە و بە بڕی (189) ملیۆن دینار سزادراون.
بەپێی ئامارەکانی هەمان بەڕێوەبەریەتی ژمارەی ڕوداوەکان لە هەڵکشاندان بەشێوەیەک کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردودا (105) ڕوداو تۆمار کراون تێیاندا حەوت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و (102)ی دیکەش برینداربون.
ئا/ ئاری سابیر
- 01-07-2013