وەک ئاگادارین کە ساڵی 1974 و دوای هەرەسپێهێنانی شۆرشی کورد، ڕژێمی بەعس هەڵسا بە چۆلکردن و سوتاندنی گوندەکانی بارزان و گواستنەوەی خێزانی بارزانیەکان بۆ شاری(دیوانیە)ی خواری عێراق بەزۆرەملێ و دابەشکردنیان بەسەر گوند و ئۆردوگاکان و ناحیەکانی وەک (شافعیە، ئەلفادێر، فەوار) و گوندی (جحێش و مەرجوجە) و ئۆردوگای(1و2)ی (خێریە)دا نیشتەجێی کردن.
ساڵی 1980 ڕژێم بەبڕیارێک سەرجەم بنەماڵە بارزانیەکانی گەڕاندەوە بەمەرجێک کە نەچنەوە بارزان، بەڵکو لە ناحیەی قوشتەپە لە هەردوو کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە) نیشتەجێی کردن لە شەڕی (عێراق-ئێران)دا ئەم ئۆردوگایە لەلایەن فرۆکەکانی ئێرانەوه بۆردومانکرا لەئەنجامدا (20) شەهید و (100) برینداری لێکەوتەوە، پاشان بۆخۆیان هەڵسان بە دروستکردنی خانوو بە قوڕوو دارو حەسیر.
خەڵکەکە خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بوون و ژیانێکی سادە و ساکار دەژیان، ڕژێم بە مەبەستی لەناوبردنیان لە بەرەبەیانی(31-07-1983)دا دەوروبەری هەردوو ئۆردوگای (قودس و قادسیە)ی بەهێزێکی زۆری گاردی کۆماری و هێًزی تایبەت گرت بەسەرپەرشتی تاوانباری گۆڕبەگۆڕ (بەرزان تکریتی). خەڵکی ئەم ئۆردوگایەی لەشیرن خەودا بەدەنگی زنجیری دەبابە و تانک و زرێپۆش
و هلیکۆبتەر لەخەوی شیرن کرد و هەرچی مێرمنداڵ و پیاو بوون کە تەمەنیان لەنێوان (10-90) ساڵیدا بوو دەستگیریان کردن، هەموو شوێنێکیان دەپشکنی هەرچی پاره و زێڕو شتی گرانبەهاش بوایە بەتاڵانیان دەبرد دەنگی گریان و قیژەی ژن ومنداڵ بۆ باوکو ڕۆڵەکانیان ئاسمانی دەهەژاند، هەمان کارەسات لە (10-08-1983) بە سەر ئۆردوگای (بەحرکە-حەریر-دیانا) دا هات، هەروەها ڕژێم لە (01-10-1983) بۆ جاری دووەم ئۆردوگای (قادسیەی) چواردەورەداو ئەوانەی لە پرۆسەی یەکەم دەربازببوون دەستگیریان کردن، ژمارەی سەرجەم قوربانیان (8000) لاوی بارزانی بوون. دوای ئەم تاوانەش ڕژێم چاودێریەکی
توندی خستبوە سەر ژن و منداڵەکانیان بۆ ئەوەی یارمەتی نەدرێن ئاو و کارەباشی لە سەر بڕِین و چەندین منداڵی بچووک لە بەر برسێتی و گەرما و بێ خزمەتگوزاریدا مردن، دواتر سەرجەمیان کوشتن و لە ژێر لمدا و لە بیاباندا له گۆڕی بە کۆمەڵدا کران بە ژێر خاکەوە، کە مەگەر هەر شێرکۆ بێکەسی شاعیری گەورە بتوانێت لە (گۆرستانی چراکاندا) وەسفی ئەو مەرگەساتانە بکات....
ئەم هەموو تاوانانە بەبیانوی کاری هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستانی عراق لەگەڵ سوپای ئێران بۆ هێرشکردنە سەرخاکی عراق لە ناوجەی حاجی ئۆمەران بولەساڵی 1983 دا لە گەرمەی شەڕی عراق ئێراندا،، کە خۆکژی خێڵێکی لێکەوتەوە ودواتر بوە گەلکوژی هەموو گەلی کوردستان..
ئێمە وەک ڕێکخراوی چێودێری کوردۆساید - چاک لامان وایە که ئەو هەشت هەزار لاوە بارزانییە، قوربانییەکی تری دەستی ڕژێمی بەعسن و جینۆسایدێکی تری گەلەکەمانە، کە بە داخەوه هێشتا وەک پێویست لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی کار بۆ ناساندنیان نەکراوە، ئێمە له و بڕوایەداین کە نە حکومەتی هەرێم وە نە پارتی دیموکراتی وکوردستان کە بارزانییەکان سەرۆکایەتی دەکەن نەیانتوانیوە وەک پێویست یارمەتی کەسوکاری قوربانییان بدەن و برینەکانیان سارێژ بکەن، تەنها ئەو گروپە نەبێت کە لە حزبەوە نزیکە. تەنانەت لە سەر ئاستی بەدادگا گەیاندنی تاوانبارانیش هەنگاوی کرداری نەنراوە، جگە له و تاوانبارانەی کە دادگای باڵای تاوانەکان لە بەغدا لەسەر ئەم کەیسە سزای داوان، هێشتا چەندان تاوانباری تری لە دۆسیەدا به ئازادی دەسورێنەوە و بگرە هەندێکیان پلە و پۆستی باڵاشیان پێ دراوە وەک (شێروان حەیدەری) کە ئێستا وەزیری (داد!!)ی حکومەتی هەرێمە و بەڵگەش هەیە لە تێوەگلانی له تاوانی کۆمەڵکوژی بارزانییەکاندا....
شێد بێت گیانی هەشت هەزار لاوی بارزانی
دادگایی بۆ سەرجەم تاوانبارانی کەیسی بارزانییەکان
نا بۆ پارێزگاری و شاردنەوە و پێدانی پلە و پۆست بە تاوانبارانی گەلکوژی
چاودێری کوردۆساید - چێک
2013/7/31