کاتژمێر 1:24 دوا نیوەرۆی ئەمڕۆ 29-9-2013، پەلامارێکی تیرۆریستی کرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێم. لەسەرەتادا ئۆتۆمبێلێکی جۆری مینی پاسێک خۆکوژێکی تێدابووە ویستوویەتی بچێتە ناو بارەگای ئاسایش و لەوکاتەدا لەلایەن پاسەوانانی ئاسایش تەقەی لیدەکرێت و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە لەبەردەرگای سەرەکی دەتەقێتەوە و لەوکاتەدا 4 خۆکوژ بە چەک و ڕومانەوە هەول دەدەن بچنە ناو بارەگای ئاسایش هەولێر.
هەرچوار تیرۆریستە خۆکوژەکە لە لایەن پاسەوان و کارمەندانی ئاسایشەوە دەکوژرێن، لەدوای چەند خولەکێک تیرۆریستێک بە ئامبولانسێک لە بارەگای ئاسایش نزیک دەبێتەوە و دوای ئەوەی ڕادەگیرێت خۆی دەتەقێنێتەوە.
لە ئەنجامی ئەم کردارەدا 6 تیرۆریست کوژراون و بەداخەوە لە کاتی بەرگریکردنی قارەمانانەی کارمەندانی ئاسایشدا 6 کارمەندی ئاسایش شەهیدبوون و (42) کەس لە کارمەندی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری شارستانی برینداربوون.
لەکاتێکدا سەرەخۆشیمان لە خانەوادەی شەهیدان دەکەین و ئاواتی هەرچی زووتر چاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازین؛ خەلکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە لەرووبە ڕووبوونەوەی تیرۆریستان ڕژدتر و توندوتۆلترمان دەکەن.
ئەم هێرشە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە هەرێمی کوردستان لەتاقیکردنەوەیەکی مەزنی دیموکراسیدا سەرکەوت و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناحەزانی کوردستان چاویان بەم سەرکەوتنانەی هەرێم هەڵنایەت.
دوای 6 ساڵ ئەمەیان یەکەم کرداری لەمجۆرەیە لە هەرێم ئەنجامدەدرێت، بەڵام بێگومان لەمیانەی ئەم 6 ساڵەدا چەندین جارە هەوڵی لەمجۆرەیان هەبووە کە بە وریایی هێزەکانی ئاسایش پوچەلکراون.
پێویستە لەبیرمان بێت کە هەرێمی کوردستان لەناوچەیەکی ئالۆزدایە و هەوڵی ناحەزان و مەترسیی تیرۆریستان بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان کۆتایی پێنەهاتووە، بۆیە داوا لەهاولاتیانی خۆشەویست دەکەین کە یارمەتیدەر و پشتیوانمانبن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەرو مالیان.
داواتان لێدەکەین کە بنکەکانی ئاسایش لەهەر دیاردەیەکی نامۆ و گوماناوی بەزووترین کات ئاگادار بکەنەوە. هاوکارییتان گەورەترین فاکتەرە بۆ پوچەڵکردنی نیازی گڵاوی تیرۆریستان.
تیرۆریستان شیواز و پیلانی نوێ بەکاردێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە کە بەهاوکاریی هاوڵاتیان هەموو تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ قەلاچۆکردنی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی هەرێم لەهەرشوێنەکەوەبێت.
لەکۆتاییدا داوا لەهاولاتیانمان دەکەینەوە کە پابەندبن بەرێنماییەکانی ئاسایشەوە و هاوکارمان بن چونکە هاوکاریتان گەورەترین فاکتەری یارمەتیدەری پاراستن و بەردەوامیی سەرمایەی بەنرخی ئاسایشی وڵاتمانە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان 29-09-2013