فەرهەنگ فەرەیدون
بەڕێوەبەری ئەنستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەپێی ئه و داتایانەی کە لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تا پۆلی نۆی بنەڕەتی 50 هەزار و 567 منداڵ وازیان لە خوێندن هێناوە.
د.سەروەر عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ئەنستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان خەندانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئه و داتایانەی کە لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستمکەوتووە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تا پۆلی نۆی بنەڕەتی 50 هەزار و 567 مناڵ وازیان لە خوێندن هێناوە، هەر بەپێی ئه و داتایەش کەمترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای سلێمانی بووە".
وتیشی: "بەپێی داتایەکی دیکە کە لە وەزارەتی ئەوقاف وەرمگرتووە تەنیا هاوینی 2013 (40) هەزار و هاوینی 2014 (60) هەزار منداڵ لە مزگەوتەکان خوێندوویانە".
د.سەروەر عەبدولڕەحمان، ئەوەشی خستەڕوو: "مەسەلەی ئایینداری مافی تاکەکانە و دەبێت ڕێگەی لێنەگیرێت، بەڵام ئه و مزگەوتانە هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەرەوە نییە چەندەها مامۆستای ئایینی هەیە بیری توندڕەوی بڵاودەکەنەوە، لە ڕابردووشدا کاریگەرییەکەیمان بینی کە زۆر کەس بەهۆی هەندێ بەناو مامۆستای ئایینییەوە چوونە ناو داعش".
کەمال نوری، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بێ ئاگایی خۆی له و ژمارە خوێندکارەی لە خوێندن وازیان هێناوە دەردەبڕێت و دەڵێت: "من ئه و ژمارەیەم نەبیستووە بەداخەوە زۆر مەترسیدارە کە ئه و ژمارە خوێندکارە له و ماوەیەدا وازیان لە خوێندن هێناوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت لێکۆڵینەوە له و بارەیەوە بکرێت و هۆکارەکانی دەستنیشان بکرێت، هەروەها یاسایەک هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئه و خێزانانەی بەهەر هۆکارێک بێت ناهێڵن منداڵەکانیان بەردەوام بن لە خوێندن".
- 09-02-2015