شەوی 5/6 ی نیسانی 2015 هەڤاڵ حەیدەر قاسم شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی و ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عیراق و فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی شەنگال لە کۆمەڵگەی خانکێ ی سەر بەقەزای سمێڵ لەلایەن هێزێکی پارتی دێموکراتی کوردستانەوە دەڕفێنرێت، لەساتە وەختێکدا کە شەنگال بەدەستەوە دەدرێت و ئێزیدییەکان بە ژن و پیاو پیرو گەنج و مناڵەوە قەتل و عام و بێسەرو شوێن دەکرێن، حەیدەر شەشۆ و هەڤاڵەکانی دەچنە چیای شەنگال و چەکی بەرگری و بەرخودان لەشان دەکەن و چەندان شەهیدو قوربانی دەدەن بۆ پاراستنی شەنگال و ئێزیدییەکان و خاکی کوردستان، جێگای سەرسوڕمان! و پرسیارە؟ لەبری ئەوەی ئەوانەی شەنگال و ناوچەکانی تریان بەدەستەوەدا سزا بدرێن کەچی بەرگریکاران لەشەنگال و ئێزیدییەکان دەڕفێنرێن و بە تاقم و دەرچوو لەیاسا ناودەبرێن.
لە کاتێکیشدا کە هەرێمی کوردستان پێوستی بە یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەو مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە هەنووکەیی و چارەنووسسازەکان هەر لەشەڕی داعش و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا دەگاتە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و دەستور، ئەم جۆرە کردەوانە ئەنجام دەدرێن، کە بێگومان ئاسەواری خراپی لێدەکەوێتەوە، هەر بۆیە ئێمە وەکو ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی هەڤاڵ حەیدەر قاسم شەشۆ و هاوڕێکانی دەکەین و هەر دەرەنجامێکیش کە لەم کردەوەیە بکەوێتەوە ئۆباڵەکەی لەئەستۆی ئەو لایەنەیە کە کردارەکەی ئەنجامداوە.
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
7-4-2015