ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرای نەشتەرگەری دەریدەخەن کە حاڵەتەکانی برینداربوون و گیان لەدەستدان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتووە تێیدا هاتووە: "لە ئامارەکەدا حەوت مانگی ئەمساڵی 2015 بەراورد بە حەوت مانگی ساڵی ڕابردوو وەرگیراوە بەشێوەیەک تێیدا هاتووە لە #01-01-2015# بۆ 31-7-2015، 21 هەزار و 199 کەس داخلی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرا کراون، له و ڕێژەیەش هەزار و 651 یان برینداری ڕووداوەکانی هاتوچۆ بوون له و ماوەیەشدا 44 حاڵەت به و هۆیەوە گیانیان لە دەستداوە".
هەروەک هاتووە: "ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو ڕێژەکان کەمتر بووە بەراورد بە ساڵی 2015، بەشێوەیەک هەزار و 414 حاڵەتی برینداری ڕووداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە، هەر له و ماوەیەشدا 36 کەس گیانیان لەدەست داوە".
زیادبوونی ڕێژەی گیان لەدەستدان و برینداربوون بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونی بەشێک لە شۆفێران و هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و خراپی بەشێک لە شەقام و ڕێگاوبانەکان.
- 31-08-2015