بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
خەڵکی جوامێرو شکۆمەندیی کوردستان..
بەناوی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، پشتیوانیی خۆمان بۆ هەر ناڕەزایەتیی و چالاکیی و خەباتێکی ئاشتیانە بە میکانیزمێکی مەدەنیانە دوور لە توندوتیژیی و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دووپاتدەکەینەوە، هەر خەباتێکی مەدەنیی لەناوخۆدا بەتەواوکەری خەباتی نیشتمانیی سەرسنورەکانی کوردستان دەبینین، داواکاریی خەڵک بۆ دابینکردنی موچەو باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و بوژاندنەوەی بازاڕو بوجەی پێویستی پڕۆژەکان و، چەسپاندنی دادپەروەریی و سەروەریی یاساو قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی و بەهەدەرنەدانی سامانی گشتیی، بەڕەواو شیاوو مافێکی سروشتیی و دەستووریی دەزانین، داخوازیی و ناڕەزایەتییەکان بە داخوازیی و ناڕەزایی تەواوی هەرێمی کوردستان دەزانین نەک تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو.
بە توندی ئیدانەی هەر بەریەککەوتن و توندوتیژیی و چەک بەکارهێنان و تەقەکردنێک و تۆمەتبەخشینەوەو چونە سەر بارەگای لایەنە سیاسییەکان و دام و دەزگا گشتیی و تایبەتییەکان و، فشارو ڕێگرتن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین، نابێت ڕێ بدەین بە ئامڕازو مەبەستی ناڕەوا، ڕەوایەتیی داواکاریی و ئامانجەکانمان لێبشێوێن و لە بیرمانبەرنەوە.
ئەرکی پاراستنیان بە ئەرکی سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر هەموو خەڵکی کوردستان دەزانین. داواکارین بەزووترین کات حکومەتی هەرێم وەڵامی داوای ڕەوای خەڵک و موچەخۆرانی کوردستان بداتەوە تا چیتر پرۆسەی خوێندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستمی گشتیی تووشی وەستان و قەیرانی گەورەتر نەبنەوە، تا ئەم سەنگەرانەی هەمیشە سەنگەری پشتیوانیی هێزی نەبەزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و دەبن، دووچاری شکستی ناوخۆیی و نەهامەتیی نەخوازراویی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نەبنەوە.
خەڵکی کوردستان شایانی بەخشش و خزمەتکردنی زیاترن، ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە لە خەمی بەهێزکردنی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەن و حکومەتە خۆجێییەکاندابن، هیچ درزو دەرفەتێک بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی نیشتمانیی و کۆمەڵایەتیی نەهێڵنەوە، گیانی خۆنەویستیی و لێبوردەیی و یەکترقبوڵکردن بەهێزتربکەنەوە.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دژی هەر بەرتەسککردنەوەیەکی ئازادییەگشتییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و سەنگەرلەیەکترگرتن و ڕژانی ناڕەوای خوێنی کوردە بە دەستی کورد، لێرەوە هاوخەمیی خۆمان بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی ڕادەگەیەنین و تەمەننای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
دەخوازین هەموولایەک بە گیانی بەرپرسانەی تێکۆشانی پێشمەرگەو بەگیانی خۆنەویستانەی قوربانیدانی شەهیدانەوە لە خەمی خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستاندا بن.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
11-10-2015