بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، لە ساڵانی داهاتوو کارەساتی ژینگەیی و بێ ئاوی لە باشووری کوردستان دروست دەبێت و هۆکاری دروستبوونی ئەو کارەساتەش بۆ ئەو بەنداو و تونێڵانە دەگەڕێنێتەوە، کە لەلایەن ئێران و تورکیاوە دروست دەکرێن و دەبێتە هۆی ئەوەی بە ڕێژەی 50 بۆ 70%ی ئاوی بەنداوەکانی باشووری کوردستان کەمببنەوە.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (هۆت لاین) لە تۆڕی میدیایی ڕووداو، لەبارەی دروستکردنی بەنداو لە ناوچەکانی باشووری کوردستان بۆ گلادانەوەی ئاو ڕایگەیاند "12 بەنداومان دروستکردووە، بەڵام بەگشتی 17 بەنداوی گەورە و مامناوەندی و بچووکمان هەیە، لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی سەتان بەنداو هەیە بۆ گلادانەوەی ئاوی باران و بەکارهێنانی لەکاتی پێویستدا، لەگەڵ ئەوەش 300 شوێنمان بۆ دروستکردنی بەنداو دەستنیشانکرووە".
ئەکرەم ئەحمەد ئاماژە بەوە مەترسی دروستبوونی کارەساتی بێئاوی لە باشووری کوردستان دەدات و دەڵێت "لە ساڵانی داهاتوودا کارەساتی ژینگەیی و بێ ئاوی دروست دەبێت".
بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری دروستبوونی کارەساتی ژینگەیی و بێ ئاوی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بەنداو و تونێڵانەی لەلایەن ئێران و تورکیاوە دروست دەکرێن، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئاوی بەنداوەکانی باشووری کوردستان کەمببنەوە و دەڵێت "ئەگەر بێت ئێران تونێڵی نەوسوو تەواو ببێت، ئەوا 70%ی ئاوی دەربەندیخان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەی سەرپێڵی زەهاو وناوچەی کەرخە، واتە دەبێت فاتیحەی بۆ ڕۆحی بەنداوی دەربەندیخان بخوێندرێت".
ئەکرەم ئەحمەد دەشڵێت "بەهەمان شێوە لەسەر زاب بەرنامەیان هەیە بەشێکی دیکەی ئاوەکە بۆ دەریاچەی ورمێ ببەن. هاوکات ئەگەر لە تورکیا بەنداوی ئەلیسۆ تەواو ببێت، ئەوا 53% ئاوی دیجلە دەبات، لەلایەکی دیکەوە چەندین بەنداو لەسەر خابوور و زابی گەورە دروستی بکات، ئەمانە هەمووی هەڕەشەن لەسەر ئەو ئاوانەی لە کوردستان هەن".
بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیان لەو مەترسی و هەڕەشانە ئاگادارکردووەتەوە، دەڵێت "بەر لە سێ هەفتە لەگەڵ جەنابی وەزیر لە بەغدا بووین و سەردانی پەرلەمانی عێراقمان کردو سەردانی لیژنەی ئاوو کشتوکاڵمان کرد، بە ڕوونی ئەو مەترسی و هەڕەشانەمان پێ ڕاگەیاندن و بە ڕاپۆرت مەترسییەکانی سەر ئاوی سیروانمان ڕوونکردووەتەوە، کە چەند خەتەرناکە".
- 28-03-2016