دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 630 هەزار گەشتیار هاتونەتە سلێمانی و نزیکەی سێ هەزار ڤیزەش بە هاوڵاتیان دراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2017، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەمید ساڵح عوسمان، بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی، ئاماری ساڵی (2016)ی ئاشکراکرد و وتی "ساڵی ڕابردوو 631 هەزار و 422 گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی و دەوروبەری، هەروەها 652 هەزار و 616 هاوڵاتی هەرێم گەشتیان بۆ دەرەوە کردووە".
وتیشی "ساڵی ڕابردوو 49 هەزار و 129 ئۆتۆمبێلی گەشتیاران لە ڕێگەی مەرزەکانەوە هاتوونەتە سلێمانی و دەوروبەری، هەروەها 42 هەزار و 376 ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی هەرێمیش چوونەتە دەرەوە".
عەمید ساڵح، ئاشکراشیکرد "ساڵی پار 370 هاوڵاتی سنورداشی ناو هەرێم کراونەتەوە، جگەلەوەش 418 کەسیش سنورداشی دەرەوەی هەرێم کراونەتەوە، هەروەها 112 تەرمی هاوڵاتیانیش لە دەرەوەی وڵات هێنراوەتەوە و 24 تەرمیش نێردراوەتە دەرەوەی هەرێم".
باسی لەوەشکرد "ساڵی ڕابردوو بە 164 ساختەکاری زانراوە و پێنج هەزار و 457 هەواڵی گەیشتن دراوە و چوار هەزار و 459 کەسیش لە هەرێم ماونەتەوە و 18 هەزار و 574 مانەوەش تازەکراونەتەوە، بەگشتی ئه و کەسانەی لە سلێمانی و دەوروبەری ماونەتەوە 23 هەزار و 33 کەس بوون".
بەڕێوەبەری نشینگەی سلێمانی، ڕونیشیکردەوە "پار ساڵ دوو هەزار و 875 ڤیزا بە هاوڵاتیان بەخشراوە و 61 هەزار و 356 پشکنینی خوێنیش بۆ کەسانی بیانی ئەنجامدراوە 364 پەنابەریش وەرگیراون".
- 10-01-2017