لە 1927 لەدایکبووە، لەپۆلی پێنجەمی سەرەتاییەوە وازی لە خوێندن هێناوە، هەر لە منداڵییەوە سەرقاڵی ئیشی بەقاڵی بووە و دواجار لای حاجی دەروێشی بەقاڵ شاگرد بووە، پاشان لای #ڕەشە جەنجەڕ# تا ساڵی 1974 کاری کردووە. بەهۆی سرووشتی ئیشەکەیەوە لای ڕەشە جەنجەڕ زۆربەی کاتەکانی لە #شارەزوور#، #تاران# و #بەغدا# بەسەر بردووە. هەرچەندە لە قۆناغی سەرەتاییەوە لەقوتابخانە دورکەوتۆتەوە، بەڵام دەستوخەتێکی ئێجگار نایابی هەبووە. زمانی عەرەبی و فارسی بەڕەوانی زانیوە، زمانی #هیندی#شی زانیوە لەبەرئەوەی کاتی خۆی لەحەبانییە لەگەڵ هیندییەکانی ئینگلیزدا سەربازبووە، ساڵی 1975 تاکاتی کۆچکردنی موختاری گەڕەکی گۆیژە بووە، ڕۆژی 19-08-2008 بۆ هەتایی ماڵاوایی لەژیان کردووە.خاوەن دەنگێکی بەسۆز و زوڵاڵ بووە، دەنگێک پڕ لەحوزن و ماتەم، ڕەنگێکی تایبەت لەدەنگ و چریکە، بە جۆرێک لەرەی دەنگە ژێیەکانی زۆر بە سانایی بەهەستمانا گوزەر دەکات و دەچنە قوڵایی ڕۆحمانەوە. ئەو تەنیا تۆمارێکی دەنگی خۆی بەشێوەی مەقام و لاوانەوە بۆ بەجێهێشتووین کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1956و بەهۆی ئەم مەقامەوە لەلایەن ڕژێمی ئەو سەردەمەوە تووشی لێپێچینەوە دەبێت و ماوەیەک زیندانی دەکرێت. پێدەچێت بەرهەمی دیکەیشی هەبووبێت و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا لەناو چووبێت.
#بەنگینە#ی شاعیر بەشیعر شین بۆ کۆچی دوایی #شێخ مەحمودی حەفید# دەگێڕێت، جێگای ئاماژەپێکردنە مامۆستا #مەحمود ئەحمەد محەمەد# لە رۆژنامەی #هاوکاری#ی ژمارە 866 ڕۆژی (20-11-1986) بەشێکی لەو هۆنراوەیە بڵاوکردۆتەوە:
ئەی دڵ کۆستی وا هەر نەبینراوە
بۆ هەڵناقرچێی بەدەم جەفاوە
هاوار سێبەری نیشتمانم ڕۆ
سەرداری گەلی کوردستانم ڕۆ
شەڕی دەربەندوبەردە قارەمان
بووە بەمێژوو بۆ گەلی کوردان
باقی حسێن ئەم شیعرەی بەنگینەی بەشێوەی زۆر جوان چریکاندووەو زۆر بەجۆش و کوڵەوە بەشێوەی مەقام هۆنراوەکەی چڕیوە، لەو تۆمارە دەنگییەدا کۆتا دوو دێڕ لەلایەن باقی حسێن-ەوە بۆ هۆنراوەکەی بەنگینەی زیادکردووە کە دەڵێت:
بەنگینەو (بەقاڵ) بابگرین بەکوڵ
وا شەماڵ بردی بۆنی خونچەو گوڵ
(لەتیف) خەم نەخۆی کەچویتە زیندان
کاری یەزدانەو دێیتەوە ناومان