کۆمپانیای #ڕۆسنەفت#ی ڕوسی ڕایگەیاند، لە بەرامبەر گرێبەستە نەوتییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بڕی ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلاریان وەک پارەی پێشەکی پێداون.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چارەگی سێیەمی ساڵی 2017دا، بڕی ئەو پارەیەی کە وەک پێشەکی لە بەرامبەر گرێبەستەکانیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا داویانە بە هەرێم گەیشتووەتە 1.3 ملیار دۆلار.
هاوکات کۆمپانیاکە لە بەیاننامەکەدا ئەوەشی وتووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتی ڕۆسنەفت زیادی کردووە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە هەتا تشرینی دووەم داهاتەکەی 790 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا 430 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ شاندێکی هەرێم بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابوریی جیهانی سانت پیتەرسبورگ کە پێکهاتووە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم گەیشتە ڕوسیا و گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسیدا واژۆ کرد.
دواتر و لە مانگی تشرینی یەکەمدا، ڕۆسنەفت ڕایگەیاند، چەند گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدانی پێنج گێڵگەی نەوتی لە هەرێم لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا واژۆ کردووە کە دەتوانن بڕی 670 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنن.
بەپێی گرێبەستەکە کە بۆ پەرەپێدانی پێنج کێڵگەی نەوتییە لە هەرێم، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەرزدەکرێتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
پێشتر کۆمپانیاکە ڕایگەیاندبوو، بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوانان پێشوەختە سێ ملیار دۆلار دەداتە حکومەتی هەرێم بۆ ماوەی 3 ساڵ، جگە لەوە کۆمپانیاکە بەڵێنیداوە کە هەوڵی پەرەپێدان و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بدات.
بەشێکی گرێبەستەکە لەسەر هەناردەکردنی نەوتە لەڕێگەی بۆرییەوە بەجۆرێک، لەڕێگەی سیستمی گواستنەوەی هەرێمایەتی، 700 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەدەستی ڕۆسنەفت دەگات، بەپێی پلانەکەش بۆ کۆتایی ساڵی 2017 بەرزدەکرێتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەنیازن لە داهاتوودا وەبەرهێنان لە بواری غازی سروشتبی هەرێمی کوردستانیشدا بکەن.
بەپێی ئەو گرێبەستە کۆمپانیا ڕوسییەکە تا ساڵی 2019 کڕیاری نەوتی هەرێم دەبێت کە نەوتی خاوی هەرێم ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکات بۆ پاڵاوتنی لە پاڵاوگەکانی تایبەت بە کۆمپانیای ڕۆسنەفت.
ئەوەش ناڕەزایی بەغدای بەدوای خۆیدا هێنا و جەبار لوعێبی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تەنیا حکومەتی ناوەند بۆی هەیە گفتوگۆ و گرێبەستی نەوتی لە کەرتی وزەی وڵاتدا ئەنجام بدات.
هاوکات دوای ئەوەی هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولدا ئەنجامدا، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە، بەو هۆیەشەوە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان کەوتنەوە دەست بەغدا و لە ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێم لە کەرکووک بڕی ڕۆژانە 240 بۆ 250 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
کۆمپانیای ڕۆسنەفت ساڵی 1993 دامەزراوە و کۆمپانیایەکی حکومی نەوتی ڕووسیایە و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش کەسێکی نزیکی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیایە کە کۆمپانیاکە لە بوارەکانی دۆزینەوە و پاڵاوتنی نەوت کاردەکات و نزیکەی 20 هەزار کارمەند تیایدا کار دەکات، ڕۆژانەش زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بیانی ئیمزاکرد، کە تا ئێستا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەبەرهێنان دەکەن، لەنێو ئەو کۆمپانیانەشدا 6 کۆمپانیای گەورەی جیهانیی هەیە کە ئەوانیش، گازپرۆم و بریتیش پترۆڵیۆم و ئێکسۆن مۆبیل و توتاڵ و لوک ئۆیل و شێڤرۆنن.[1]
14-11-2017