لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا، لە چوار پارێزگای باشوری کوردستان چوار کەس کوژراون و خۆیان کوشتووە.
کوشتن و خۆ کوشتن لە باشوری کوردستان بووە بە دیاردە و ڕۆژانە لە هەواڵی لەو جۆرە بڵاودبێتەوە.
شەوی ڕابردوو لەناو بازاڕی هەڵەبجە، بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێوە، مامۆستایەک بە چەقۆ هاوڵاتییەکی کوشت، کە فەرمانبەر و لە هەمانکاتدا دووکاندار بووە، دواتریش بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
هەر شەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی حوڕییەی شاری کەرکووک کارمەندێکی ئاسایشی پارتی بەنای (سەمیر حەسەن) لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، ڕووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
لەلایەکی دیکەوە، شەوی 15ی ئەم مانگە، لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر ژنێکی تەمەن 20 ساڵ بەناوی (ئامیز عومەر مولود)
%70ی جەستەی سوتا و ئێوارەی دوێنێ گیانی لەدەستدا.
بە وتەی پۆلیسی شارۆچکەکە، ئەو ژنە بەهۆی کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی خۆی سوتاندووە.
لەلایکی دیکەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی سێتوان-ی شاری سلێمانی هاوڵاتییەکی تەمەن 50 ساڵ بە پەت خۆی خنکاندووە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری لە شاری سلێمانی کرا و بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش ئه و هاوڵاتییە نەخۆشی دەروونی هەبووە.
بەگوێرەی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لای خۆی کۆیکردووەتەوە، تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا 63 هاوڵاتی باشوری کوردستان کوژراون و خۆیان کوشتووە.[1]
#18-02-2018#