کەیسی بکوژ نادیار، بووەتە دیاردەیەکی دیاری ئەم ڕۆژانەی #کەرکووک#، لایەنە تورکمانییەکان لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ئاماژە بە کوژرانی 19 کەسیان و لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەو دۆخە، هەڕەشەی کاردانەوەی تووند دەکەن.
عەلی موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی تورکمان ئیلی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق و لایەنە ئەمنییەکان درک بەو مەترسییه بکەن کە لەئێستادا هەیە، ئەوەش بزانن تورکمانەکان بێ دەنگ نابن لەسەر ئەو دۆخە گەر بەردەوامبێت و بکرێینە ئامانج، گەلی توورکمانیش لایەنی سیاسیی و کەسایەتی و جەماوەری خۆی هەیە.
بەپێی ئاماری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، کورد بە 40 کوژراو و ڕفێندراو، بووەتە ئامانجی سەرەکی ئەو زنجیرە کوشتنانەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک ڕوویانداوە، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، بڕیارە پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاند پێشێلکارییەکان لەنێوان داخستنی پارتە سیاسییەکان کوشتن، ڕفاندنی هاووڵاتیان و سووتاندن و داگیرکردنی ماڵی هاووڵاتیان هەیە، هەموو ئەو ئامارانە لای ئێمە تۆمارکراون و دراونەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکایەتیی حکومەت، لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە خۆشحاڵییەوە دەنگ لەسەر ئەوە درا کە پارێزگار بانگهێشتی پەرلەمان بکرێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
لەدوای کشانەوەی پێشمەرگە، هێزەکانی سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵی و #حەشدی شەعبی# لە کەرکووک جێگیربوون، تورکمانی سوننە پێیانوایە بەو ئاڵوگۆڕە، لەجیاتی قازانج زەرەریان کرد. ئەوان ئەگەر جاران ڕەخنەیان لە ئاڵا و درووشمە نەتەوەییەکانی کورد هەبووبێت، ئێستا بەرەوڕووی ئاڵا و درووشمە مەزهەبییەکانی شیعە و مەترسی تەعریبێکی نوێ بوونەتەوە.[1]
#18-02-2018#