نووسینی: #محەمەد هەریری#
ساڵ: 2017
پێشەکی
ئەو بابەتانە لە شێوەی لێکۆڵینەوە بۆ گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان نووسراون، لەنێوان ساڵانی 2005 تا 2017. دەبوایە دەمێک با چاپ کرابایە لە دوو بەرگی کتێبێک، بەڵام لەبەر هەل ومەرجی گشتی گۆڕەپانی فەرهەنگی کوردی، و هەلومەرجی تایبەتی خۆم، نەمتوانیوە ئەو کارە زوو ئەنجام بدەم.
خۆزگە لە کوردستان خانەی چاپ وبڵاوکراوەکان لیژنەیەکی پسپۆری وریایان دەبوو، ئاگاداری هەلومەرجی فەرهەنگی و بیروڕا و ئاڕاستەکانی خوێنەرانیش دەبوون، بۆ ئەوەی بزانن چ کتێبێک پێویستی بە چاپ کردنە وکامەشیان گوناهە کاغەزی تێدا بەخەسار بدرێت! بەڵکو ئەرک و خەمی چاپکردنی ئەو کتێبانەیان لە کۆڵ من و هەر نووسەرێکی جیدی دەکردەوە، نەک بیرکەیتەوە و بنووسیت و کاتت هەمووی ببەخشیت لەسەر حیسابی خۆت وماڵ و خێزانت، ئینجا خەمی ئەوەشت بێت چۆن چاپی بکەیت؟!
بەڕای من ترسناکی بیری سەلەفیەت لە پێش گەندەڵی و مەترسیە سیاسیەکاندایە، چونکە ئەو کاریگەرە تێکدەرەی سەلەفیەت لە بیرو بۆچوون و میزاج و ڕەوشت و کلتوری نەتەوەکەمان جێی دەهێڵێت، زۆر مەترسیدارترە لە کاریگەری نێگەتیڤی هەر حزبێک ودەسەڵاتێکی سیاسی.
من هەرزوو دەرکم بەوە کرد، بۆیە بە شانازیەوە دەڵێم لە کوردستانی عێڕاقدا، یەکەم کەسانێک بووم کە لەناو هەناوی ئیسلامی سیاسییەوە، بیری ترسناکی سەلەفیەتم دایە بەر نەشتەری ڕەخنە. ئەوەش کاردانەوەیەکی زۆری هێنا بەدوای خۆی لە هەڵچوون وجوێن وهەڕەشە و سکاڵا لە دژ تۆمارکردن و تا کۆتایی...
ئەو کاتە زۆر هەستم بە تەنیایی دەکرد، بەڵام ئێستا کە دەبینم دەیان و سەدانی وەک من، هاتوونەتە مەیدان بۆ بەرگرتن بەو بیرە مەترسیدارە، دەزانم کە ڕەنجمان بە خەسار نەچووە!
هەر میللەتێک نوخبەیەک پەیدا نەبێت بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵک، بە مەترسیەکانی بیرە مەترسیدارەکانی لە شێوەی سەلەفیەت، پاش ماوەیەک کۆمەڵگا بەوپەڕی نێگەتیڤیەوە خۆی ڕادەستی ئەهریمەنی ئەو بیرانە دەکات، شەقامی وڵات تەسلیم بە غەوغاییەکی دەبەنگی دینیی سەلەفی دڕندە دەبێت! بەتایبەتی ئەگەر دەسەڵاتێکی بێ خەمی سەرقاڵ بە گەندەڵیت هەبێت! ئینجا جیابیرەکان لەسەر شەقامەکان وەک فەرخەندەی کابول و مەلالە ومەشعەل خانی پاکستان، وەک دڕندە هێرشیان دەکرێتە سەر بە دار وبلۆک و چەقۆ و شمشێر!
کۆمەڵگای پاکستانی وئەفغانی و سۆماڵی و سوری چەند نموونەیەکی باشن لەو بوارە. هیوادارم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە قووڵتر وچاکتر لە بیری مەترسیداری سەلەفیەت تێبگەن، و دەوروبەریشتان ڕووناک کەنەوە بە هەر بیرۆکەیەکی باشی ناو کتێبەکە.
ئەو وتار و لێکۆڵینەوانە بەشێکن لەو نووسینانەی بەندە لەسەر ئەو دیاردەیە گرنگ و ترسناکەی سەلەفیەت، کە بە هەوڵ و کۆششی تاقە کەسی نوسەر کۆکراوەتەوە و ڕیزبەندی بابەتەکان کراوە لە دوو توێی ئەو کتێبە..
ئەو بەرهەمانە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی کرداری لەگەڵ ئەدەبیات و جوڵانەوە ئیسلامیەکان هاتۆتە ئارا. یانی سەرەڕای ئەزموونی کرداری، ئەزموونێکی زۆری تیۆری و خوێندنەوە و بەدواداچوون بۆ وتار وکرداری سەلەفیەت و ئیسلامی سیاسی لە پشت بیروڕاکاندایە.
ئەو وتارانە لە ڕێگای ڕۆژنامە وسایتەکان پەیامی خۆیان گەیاندوە، لە کات و ڕۆژی جیا جیا نووسراون، و لە قۆناغی فیکری جیاواز نووسراون، بۆیە سەرەڕای یەکێتی ناوەرۆکی، لەوانەیە جاروبار دوو ڕای تاڕادەیەک جیاواز لەسەر بابەتێک ببینرێت، بەڵام مێژووی وتارەکان ئاماژە بۆ قۆناغە فیکریەکان دەکەن، چونکە مرۆڤ نابێت کائینێکی نەگۆڕ بێت! هیوادارم توانیبێتم خزمەتێکم کردبێت بەو بوارە، تەنها ئامانجم خۆشبەختی وپێشکەوتنی میللەتەکەمە وهیچی تر...
چاپخانە: شڤان- سلێمانی