ماوەیەکی درێژ بەسەر شەڕی دژ بە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریی شارەکانی باکووری کوردستان تێپەڕی. هەتا ئێستا 301 کەس کە لە کات و شوێنی جیاواز ژیانیان لەدەستداوە، تەرمەکانیان ڕادەستی خانەوادەکانیان نەکراوەتەوە. 301 تەرمی گۆڕستانی بێکەسان، ئەم جەژنەش به بێکەسی مانەوە.
لە سەرەتای پڕۆسەی شەڕدا کە 24ی تەمووزی 2015 دەستی پێکرد، لە زۆر شاری باکووری کوردستان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری دەستی پێکرد. هەروەها لە چۆڵەوانی و دەشتاییەکانیش دژی هێرشەکانی قڕکردن بەرخۆدان دەستی پێکرد. لەم پڕۆسەیەدا زۆر گەنج و گەریلا ژیانیان لەدەستدا. تەرمی زۆر گەنج و شەڕڤان لە گۆڕستانەکانی بێکەسان نێژران و تا ئێستاش هەر له و گۆڕستانانە ماونەتەوە.
لە 16ی ئابی 2015 تا 1ی حوزەیرانی 2017، لە ئامەد 127، لە مێردین 32، لە جۆلەمێرگ 20، لە شرناخ 13، لە بەدلیس 8، لە ئێلیح 3، لە مووش 4، لە چەولیک 5، لە دێرسم 5 و لە خارپێت-یش جارێک بە ناوی (قەدەغەکردنی هاتووچۆ) دەوڵەتی تورکیا بە چەکی قورس و تەکنیکی پێشکەوتووی شەڕ، بە هەزاران چەکدارەوە هێرشی کردووەتە سەر گەنجانی کورد.
301 تەرم بە بێکەسی پێشوازییان لە جەژنێکی دیکە کرد
لە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریی شارەکان و چۆڵەوانییەکاندا، سەدان ئەندامی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، یەکینەکانی پاراستنی سیڤیل - یەپەسە، تەڤگەری گەنجانی وەڵاتپارێز و شۆڕشگێڕ - یەدەگەها ژیانیان لەدەستدا. سەرەڕای بەدواداچوونی خانەوادەکانیان، بەڵام تا ئێستاش تەرمی سەدان ئەندامی هەپەگە و یەپەسە ڕادەست نەکراونەتەوە. سەدان تەرم لە گۆڕستانەکانی بێکەسان نێژراون.
هێشتا لە گۆڕستانی یەنیکۆی ئامەد 23 تەرم، لە ڕوحا 27 تەرم، لە خارپێت 1 تەرم، لە دیلۆک 7 تەرم، لە جزیر 33 تەرم، لە سلۆپی 17 تەرم، لە شرناخ 42 تەرم، لە ئەرزرۆم 54 تەرم، لە ترابزۆن 6 تەرم، لە وان 6 تەرم لە سێرت 10 تەرم، لە بەدلیس 25 تەرم و لە مەڵەتی 50 تەرم پشکنینیان بۆ نەکراوە یاخوود ئه و خانەوادانەی خوێنیان بۆ پشکنینی DNA داناوە، ئەنجامیان بەدەستنەهێناوە.
سەرەڕای ئەوەی خانەوادەی تەرمەکان زۆر جار بەدواداچوونیان لە دادگەی شارەکان کردووە و بەمەبەستی پشکنینی DNA خوێنیان داناوە، بەڵام تا ئێستاش ناسنامەی 301 تەرم دەستنیشان نەکراوە. ئه و 301 تەرمە کە لە 13 شاری باکووری کوردستانن، ئەم جارەش بە بێکەسی پێشوازییان لە جەژن کرد.[1]
#15-06-2018#