لە ئەنجامی چالاکیی گەریلاکان لە بەدلیس سێ سەربازی تورک کوژراون و چواریش برینداربوون، هەروەها لە ئەرزینگانیش چەند سەربازێک کوژراون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- #هەپەگە#، لەبارەی چالاکیی گەریلاکان و شەڕ و پێکدادانەکان لە بەدلیس و ئەرزینگان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەنجامەکانی ئەو چالاکییانەی خستەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپای تورک ڕۆژی 16ی ئەیلول ئۆپەراستۆنێکی لە دەڤەری شەهید مزگینی سەربە بەدلیس دەستپێکرد، 17ی ئەیلول ئەو ناوچانەی بۆردوومان کرد، لە کاتی بۆردومانەکەدا لە نێوان گەریلاکانمان و هێزەکانی سوپای تورکدا شەڕ و پێکدادان ڕوویدا، لەو شەڕەدا سێ سەربازی سوپای تورک کوژران و چواری دیکە برینداربوون، هەروەها گەریلایەکی ئێمەش شەهیدبوو، ناسنامەی ئەو هەڤاڵە شەهیدەمان بەم زووانە بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین.
هەپەگە هەروەها ڕایگەیاندووە: 15ی ئەیلول لە گەلیی ماگاچوری سەربە چاگلایانی ئەرزینگان لە نێوان گەریلاکانمان و سوپای تورکدا شەڕێک ڕوویدا، لەو شەڕەدا گورزی توند لە سوپای تورک درا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان نەزانراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: ڕۆژی 15ی ئەیلول هەڤاڵ ڕۆژهات (سەعید ئیلمین) لەکاتێکدا لە کۆزلوکی سەربە ئێلیه ئەرکەکانی ئەنجام دەدا، کەوتە دەستی دوژمنەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: سوپای تورک بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، 18ی ئەیلول کاتژمێر 10:00ی بەیانی فڕۆکە جەنگییەکان گردی کارتالی سەربە گەڤەریان بۆردومانکرد، کاتژمێر 04:45 خولەکی پاشنیوەڕۆش مەتینایان بۆردومانکرد، هەروەها 17ی ئەیلول لە کاتژمێر 10:00 بۆ 12:00ی نیوەڕۆ دەڤەرەکانی کونیشکا و شەهید ڕوستەمی سەربە زاپ و گەلیی کەستای سەربە مەتینایان بۆردوومان کرد.[1]
#19-09-2018#