گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت ژمارەیەکی زۆر سەرمایەدار و وەبەرهێنەری گەورەی کورد بۆ سەرمایەگوزاری و کڕینەوەی پڕۆژە و کارگە ڕوویان لە ئێران کردووە.
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، بە (رووداو)ی گوت: دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی #داعش#، کارکردن لە زۆربەی پرۆژەکانی کوردستان وەستا، بەم هۆیەشەوە پاشەکشێیەکی گەورە لە وەبەرهێناندا ڕوویدا، بەشێکی زۆر لە وەبەرهێنەران ڕوویان لە تورکیا و ئێران و عێراق و هەندێ وڵاتی ئەوروپی کرد.
لە ماوەی ڕابردوودا ئێران یاسای وەبەرهێنانی هەموار کردەوە و دەرفەتێکی زۆری بە وەبەرهێنەری بیانی داوە کە وەبەرهێنان لە ئێران بکەن. دابەزینی بەهای تمەنیش کاریگەری هەبووە لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران کە بە بڕوای مەلا یاسین: ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ پاشەکشێی زیاتری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
لە دوای هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە ئێران، ئێستا وەبەرهێنی بیانی بەبێ هاوبەش دەتوانێ مۆڵەتی پڕۆژە لە ئێران وەربگرێت و داوای بەناوکردنی موڵکی پرۆژەکەش بکات، جگە لەوە هاوشێوەی ئێرانییەکان دەتوانن قەرز لە بانکەکانی ئێران وەربگرن.
مەلا یاسین دەڵێت: بەهۆی دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار، ئەو وەبەرهێنەرانەی پێشتر ڕوویان لە ئێران کردبوو، زەرەری زۆریان کردووە، بەڵام ئەوانەی ئێستا سەرمایەگوزاری لە ئێران دەکەن یان پرۆژە و کارگە دەکڕنەوە، بۆیان بووە بەخێر و بەرەکەت، چونکە نرخی پرۆژەکان دابەزیوە. حکومەتی ئێرانیش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بەتایبەت لەبواری کشتوکاڵدا، ئاسانکاری زۆر دەکات، تەنانەت دوای تەواوکردنی 10%ی پرۆژەکە پارەیان بە قەرز دەداتێ.
دابەزینی نرخی زەوی و پرۆژەکان لە ئێران و ئاسانکارییەکانی ئێران بۆ وەبەرهێنی بیانی بەگشتی و کوردستانی بەتایبەت، بووەتە دەستکەوت بۆ هەندێ کەس لە هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کڕیار بۆ پرۆژەکان لە ئێران دەدۆزنەوە.
زوبێر عەبدوڵڵا زەڵمی، گەنجێکی دانیشتووی خورماڵە، لەڕێگەی پەیجێکی فەیسبووکەوە ڕیکلام بۆ کڕینەوەی پرۆژەی پەلەوەر، ئاژەڵداری، باخداری، کارگەی قارچک بۆ سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی کوردستان دەکات، لەو ڕێگەیەوە تائێستا چەند پرۆژەیەکی بۆ چەند سەرمایەدارێکی کوردستان کڕیوە.
زوبێر عەبدوڵڵا دەڵێت: بەهۆی ئەو بارودۆخەی تووشی ئێران بووە، نرخی پرۆژەکانی بەگشتی و پرۆژەی پەلەوەر و کارگەی قارچک و باخداری بەتایبەت بۆ نیوەی نرخی پێشوویان دابەزیون. حکومەتی ئێرانیش ئاسانکاری زۆر بۆ وەبەرهێنەری کوردستان دەکات، ئەمەش وایکرد کە ئەم پەیجە دابنێم.
بە گوتەی زوبێر، هەر وەبەرهێنەرێک پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە ئێران جێبەجێ بکات، حکومەت زەویی پرۆژەکەی بەناو دەکات، هەر کاتێکیش بیەوێ پرۆژەکەی فراوان بکات، حکومەت قەرزی دەداتێ، جگە لەوەش غاز و کارەبای بە نرخێکی هەرزان پێدەفرۆشێ و بازاڕیش بۆ کاڵاکەی مسۆگەر دەکات، هەروەها مافی مانەوەش دەداتە وەبەرهێنەر.
زەڵمی لە ڕێگەی پەیجەکەیەوە کڕیار بۆ پرۆژەکانی ئێران دەدۆزێتەوە، بە هاوکاریی تیمێکی ئێرانی کاروباری دامەزراندنی کۆمپانیا و بەناوکردنی پرۆژە و وەرگرتنی قەرز لە بانک بۆ وەبەرهێنەرانی کورد دەکات، لەبەرامبەریشدا بڕە پارەیەکیان لێوەردەگرێ یان دەبێتە هاوبەشیان لە پرۆژەکاندا.
زوبێر دەڵێت: بەشێک لە خەڵکی ئێران پرۆژەی پەلەوەر و قارچک و پرۆژەی دیکەیان بەپارەی بانکەکان دامەزراندووە، بەهۆی ئەم بارودۆخەش ناتوانن قەرزی بانک بدەنەوە، بۆیە بە کەمێک قازانج یان بە نرخی خۆی بەشێک یان هەموو پرۆژەکە دەفرۆشنەوە.
عەلی سەعدەدین، دانیشتووی #سلێمانی#یە، پرۆژەیەکی پەلەوەری لە #کرماشان# کڕیوەتەوە، ئەو دەڵێت: لە ڕێگەی پەیجێکی فەیسبووکەوە پرۆژەکەم دۆزییەوە و چوومە ئێران، لەوێ چەندین پرۆژە هەبوون بۆ فرۆشتن، لەوانەش پرۆژەی قارچک و باخداری و پەلەوەر و ئاژەڵداری، من پرۆژەیەکی پەلەوەرم پێ باش بوو کڕیم.
عەلی سەعدەدین پێشتر پرۆژەی بەخێوکردنی مریشکی لە کوردستان هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زەرەری کردبوو وازی لێ هێنا. ئەو دەڵێت نرخی پرۆژەکانی ئێران بەراورد بە کوردستان زۆر هەرزانە، بۆ نموونە ئەو پرۆژەیەی کڕیومانە 40 هەزار مریشک دەگرێت، 5 دۆنم زەوی لەگەڵدایە و مۆڵەتی فراوانکردنی پرۆژەکە تا 100 هەزار مریشک هەیە، ئێمە بە 170 هەزار دۆلار کڕیومانە، تەنیا 85 هەزار دۆلارمان داوە، ئەوەی دیکە بە قیست دەیدەینەوە بانکەکان، لێرە پرۆژەیەکی 10 هەزاری مریشکی بەو نرخە ناکڕی. جگە لەوە لە ئێران نرخی ئالیک و جوجەڵە زۆر هەرزانترە و فرۆشتنەوەی مریشکەکانیش مسۆگەرە، چونکە لەوێ پێشوەختە کۆمپانیاکان گرێبەستی کڕینەوە لەگەڵ کێڵگەکان دەکەن.
عەلی سەعدەددین حەز دەکات سەرمایەکەی لە کوردستان بخاتەگەڕ، بەڵام دەڵێت لێرە حکومەت نەک ئاسانکارییان بۆ ناکات، بەڵکو کرێی کارەبا و باجیان لەسەر زیاد دەکات بۆ نموونە لە ئێران کرێی کارەبا و غاز ئەوەندە کەمە، بەراورد بە کوردستان وەک ئەوە وایە بە خۆڕایی بێ.
لەدوای گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، هەندێ لە شارەزایانی بواری ئابووری پێیانوابوو ئەگەر حکومەتی هەرێم ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئێرانی بکات، ئەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە.
مەلا یاسین دەڵێت: بەداخەوە ئێمە نەمانتوانی سوود لە گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران وەربگرین و کارێک بکەین وەبەرهێنەرانی ئێران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بە پێچەوانەوە، حکومەتی ئێران زیرەکانە لەڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی یەک پەنجەرە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری، توانیویەتی سەرنجی بەشێک لە سەرمایەدارانی کوردستان و عێراق ڕابکێشێ، ئەمەش سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ پاشەکشێی زیاتری وەبەرهێنان لە کوردستان.
بە گوتەی مەلا یاسین، سەرمایەدارانی کوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا بایی نزیکەی 7 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە تورکیا و ئێران و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەندێک وڵاتی ئەوروپی کردووە. 20%ی ئەوە لە ئێران بووە.[1]
#07-01-2019#