سوپای عیراق کە هێزێکی ڕێکخراوی کۆماری عیراقە، لەهێزی وشکایی و دەریایی و ئاسمانی پێکدێت، مێژووی دامەرزاندنی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی #06-01-1921# واتە 98 ساڵ بەر لە ئێستا، کە باس لە دامەزراندنی سوپای عیراق-یش دەکرێت، ناکرێت مێژووی سەربازی و ڕۆڵی ئه و ئەفسەرە کوردانە لە یاد بکرێت کەوا بەردی بناغەی ئەم سوپایەیان داناوه، چونکە نۆ ئەفسەری پلە باڵا لەو 14 ئەفسەرەی کە ڕۆژی 6ی کانونی دووەمی یان دیاری کرد وەک ڕۆژی سوپا کوردبوون.
$رۆڵی کورد لە پێکهێنانی سوپای عیراق$
وەک ئاشکرایە کە سوپای عیراق یەکەم سوپای دامەزرێنراوی عەرەبی بوو کە بووە بە نموونەیەک بۆ هەموو دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتی لە ناو و پلە بەندی سەربازیدا، ڕۆڵی کوردیش لە پێکهێنانی سوپای عیراق دەگەڕێتەوە بۆ دوای کۆتایهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، (1914-1918)و کۆتایهاتنی دەسەڵاتی عوسمانی لەعیراق و کۆنترۆڵکردنی عیراق لەلایەن بەریتانیاوە، یەکەم حکومەتی عیراق لەمانگی ئابی 1920 بەسەرۆکایەتی عەبدولڕەحمان نەقیب پێکهێنرا، له و حکومەتەدا یەکەم ئەفسەری کورد کە پۆستی وەزیری بەرگری حکومەتەکەی نەقیبی وەرگرت جەعفەر عەسکەری بوو.
$نۆ ئەفسەر لە دامەزرێنەرانی سوپا کورد بوون$
1-فەریق جەعفەر مستەفا عەسکەری، سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەی سوپا ئەوکات پلەی فەریق ڕوکن بووه، وە یەکەم وەزیری بەرگری بوو لەیەکەم حکومەتی عیراقی (عبد الرحمان نقیب)دا، جەعفەر عەسکەری چەندین پۆستی باڵاو گرنگی وەرگرتووە، هەروەها خەڵکی ناوچەی عەسکەری سەربە شارەدێی ئاغجەلەری نزیک شارۆچکەی چەمچماڵه.
2-عەقید عەبدولحەمید شاڵچی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر.
3- ڕائد سەعید مەحەمەد.
4-بەکر سدقی عەسکەری ئەندام دەستەی دامەزرێنەرە کە چەندین پۆستی ئەمنی گرنگی بینیوه و پاشان دەبێت بە سوپاسالار (رئیس ئەرکانی الجیش) لەساڵی 1936دا، کەخەڵکی ناوچەی عەسکەری سەربەناحیەی (ئاغجەلەر)ی نزیک شارۆچکەی چەمچماڵن لەگەڵ جەعفەر عەسکەریدا خەڵکی یەک گوندن ئەمەش وایکردوە کە نازناوی عەسکەری هەڵبگرن.
5-تۆفیق وەهبی بەگ، وەکیل قائد دەێت لە دەستەی دامەزرێنەر له و دەمەدا پلەی ڕائیدی دەبێت، هەروەها یەکێک بووە له و ئەفسەرە بەتوانایانەی ناو سوپای عوسمانی کەبەشداری شەڕی (دردەنیل) و شەڕی (شعیبە)ی کردووە، لە کاتێکدا کە ئەفسەر بووە لە ڕیزی سوپای عوسمانی و بە ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی پەیوەندی دەکات بە شۆڕشەکەی شێخی نەمرەوە، پاش هەوڵی دامرکاندنەوەی شۆڕشەکەی شێخ لە لایەن بەڕیتانیەوە دەستگیر دەکرێت، دوای ئازادکردنی لەڕێگە هاوەڵانییەوە پەیوەندی دەکاتەوە بەسوپای عیراقی نوێ-وە.
6- ڕائد عەبدولرەزاق حلمی.
7- نەقیب حەسەن حسێن عەسکەری، بەهەمان شێوە خەڵکی گوندی عەسکەره و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بووە.
8- نەقیب محەمەد ئەمین زەکی بەگ، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و دەرچووی کۆلێژی سەربازی و کۆڵێژی ئەرکان بووە لە سوپای عوسمانی، بەهۆی لێهاتووییەوە لە ڕیزەکانی سوپای عوسمانیداو ئه و وتارو لێکۆڵینەوانەی کە لە ئەستەمبوڵ بڵاویان دەکاتەوە سەبارەت بە جەنگی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و جەنگی ناپلیۆن زۆر بابەتی تر کاریگەری تەواوی خۆی دادەنێت لە سەر (مستەفا کەمال ئەتاتورک) و گرنگی زۆرپێدەدات.
9-. (نوری سەعید پاشا) جێگری سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەر دەبێت کە ئەو کات پلەکەی فەریق ڕکن بووە یەکەم سوپاسالاری(رەئیس ئەرکانی جەیش)ی عیراقی بووە، پاشان دەکرێت بە وەزیری دەرەوەی عیراق چەند جارێکیش دەکرێت بە سەرۆک وەزیرانی عیراق و لادەبرێت، بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی عیراق وه لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیک و ئینتیدابی بەریتانیدا، بەڵام بە لێهاتوترین سەرۆک وەزیران دادەنرێت لە مێژوی عیراقدا، خەڵکی گوندی زەردکی – دەشتی ساڵەیی کە 30 کم دوورە لە باکور ڕۆژهەڵاتی #کەرکووک#ەوه، هەروەها هاوسەری نوری سەعید خوشکی جەعفەر عەسکری بووه.
$ئەفسەرانی کورد لە شۆڕشەکانی عیراقیشدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە$
جگە لەدامەزراندنی سوپای عیراق، ئەفسەرانی کورد لەشۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، لەساڵی 2003 ئەفسەرانی کوردو هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لەڕووخانی ڕژێمی بەعس و پەیوەندیکردنەوە بەسوپا، تەنانەت پێکهێنانەوەی سوپای عیراق جارێکی تر لەسەر دەستی ئەفسەرانی کوردو عەرەب بووە.
$بەشداریکردنی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە لە دامەزراندنەوەی سوپای عیراق بۆ جاری دووەم$
لەکاتی ڕزگارکردنی عیراق لە ساڵی 2003دا پاش دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عیراقی لەلایەن حاکمی سەربازی ئه و کاتەی عیراق، ئەمریکا بڕیاریدا سوپای عیراق دابمەزرینێتەوە بە پێکهاته و شێوەیەکی جیاواز لەوەی پێشتر، یەکەکانی پێشمەرگە کارەکتەری سەرەکی ناو پڕۆسەکەبوون، لە سەرەتادا تەنانەت ئاسایش و ئەمنیەتی پارێزگای بەغدا لە %80ی بە دەست کوردەوە بوو و زۆرێک لە فەرماندەی فرقەکان و پۆستە گرنگەکان بەدەست کوردەوەبوون وەک سوپا سالاری عیراق، فەرماندەی دەزگای هەواڵگری و فەرماندەی هێزی ئاسمانی عیراق کورد بوون، بەڵام بە هۆی هەڵەی سیاسی و نەبوونی هیچ ئنتیمایەکی ڕۆحی وەک تاکی کورد بۆ ئەم سوپایە، هەروەها ئه و سوپایه زیاتر ئاڕاستەی خۆی ڕووە و مەزهەبی تایەفەگەری گۆڕی و وایکرد تا پێش ڕوداوەکانی پێکهێنانی عەمەلیاتی دیجلە ڕێژەی کورد بوو بە لە %3 لە ناو وەزارەتی بەرگری هەروەها هێزی پێشمەرگە سەلماندی که تەنها ماڵی ئارام بۆ ئەفسەرانی کورد ئه و هێزەیە کە بتوانێت پارێزگاری کەر بێت لە هەموو پیرۆزیەکانی گەلەکەمان وە بشی سەلمێنێت کە ئەوەی بە سوپای عیراق ناکرێت هێزی پێشمەرگە زۆر بەجەسورانە دەتوانێت شەڕی گەورەترین و دڕندەترین هێزی وەحشیگەری جیهان بکات.
PUKmedia تایبەت
$سەرچاوەکان:$
• د. فاضل البراک (دورالجيش العراق في الحکومة الدفاع الوطني) دراسة تحليلية نقدية مقارنة1987
• حازم مفتي (عیراق بین العهدین طارق هاشمي و بکر صدقي) 1990
• ستيفن همسيلي لونکريک، وەرگێڕانی. سلیم گە تکریتی (العراق الحدیث) جزء الثاني
• دليل العراق سنة 1936
• عبد الرزاق الحسني (تاريخ العراق الحديث) طبع السابعة 2008
• عبد الرزاق الحسني (تاريخ الوزارات العراق) مجلد الثاني طبعة الخامسة الموسعة و المزيدة، سنة 1978و مطبعة دار الکوتب بيروت.
• وزارة الدفاع والمقر العام (تارخ القوات العراقية المسلحة الجزء الثاني) الطبعة الاولي 1991.
• مذکرات بغداد: مراجعة في تاريخ الصراع الطائفي والعنصري 672 م-2007 م
• تاریخ القوات المسلح العراقیه، جزء ثالث طبعة الثانية 1996
• سەردار جەباری (بکر سدقی عةسکەری و بیری دەوڵەتی کوردی) تویژینەوەی مێژویی و سیاسی.[1]
#07-01-2019#