هەرێمی کوردستان بووەتە بەشێک لە ئابووری بەجیهانیبووی ئەم سەردەمە. لەوانەیە ڕووداوێک لە کێشوەرێکی دیکە ڕووبدات، بەڵام کاریگەریی گەورە لەسەر کوردستان دابنێ. ئەمە شتێکی نوێ نییە و بووەتە بیردۆزێکی بیرکاری کە بە کاریگەریی پەپوولە (Butterfly Effect) ناسراوە.
وا پێشبینی کراوە کە ساڵی 2019 ئابووریی جیهان ئەگەر نەکەوێتە ناو قەیرانێکی نوێوە، لانیکەم ڕووبەڕووی سستبوونەوە دەبێتەوە کە تا ساڵی 2020 درێژە دەکێشێ. ئەگەر شتێکی لەم چەشنە ڕووبدات کە ئاماژەکانی دەرکەوتوون، ئەوا هەرێمی کوردستان پریشکی ئەو ئاگرەی بەردەکەوێت کە لەو قەیرانە دەکەوێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە وردی ئاگاداری ڕەوشی ئابووریی جیهان بێ، بەتایبەتی کە بڕیارە کابینەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان بە ڕوخسار و دنیابینییەکی نوێیەوە بێتە سەرکار و هێشتاش کردار و هەڵسوکەوتی حکومەتی نوێی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەروونی دەرنەکەوتووە.
لە ساڵی 2014 و لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، زیانێکی گەورەی ئابووری بەر هەرێمی کوردستان کەوت. حکومەتی ناچارکرد ملیاران دۆلار قەرز لە کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بکات و سیاسەتی سکهەڵگوشین پەیڕەو بکات کە کەمتر وڵاتێکی جیهان ئەو بوێرییەی تێدا هەبووە بیکات. پاشەکەوتکردنی مووچە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بەرێژەی 50% لە توندترین سیاسەتەکانی سکهەڵگوشین بوون لە جیهاندا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاری جێبەجێی کرد. تەنانەت کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە بەدرێژایی ساڵی 2018 لەسەر هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرا، بەرەچاوکردنی ئەوەی کە لە 2018دا پشکێکی زۆر لە داهاتە نەوتییەکان بۆ دانەوەی قەرز ڕۆیشتووە.
لە ساڵی 2015وە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستی بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کرد و بەدرێژایی ساڵی 2018ش بەردەوام بوو. ئەمەش گەورەترین مەترسی بۆ وڵاتە گەشەکەرەکانی جیهان کە هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەوان، دروستکردووە. بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و تەنانەت لە ئەوروپا و ئاسیاش کۆتایی بە 10 ساڵ پارەی ئاسان هێنا کە بووبووە بزوێنەری سەرەکیی ئابووری وڵاتە گەشەکەرەکان. بوونی پارەی ئاسان لە 10 ساڵی ڕابردوودا وایکردبوو ئاراستەی بەهێزی وەبەرهێنان لە ئەمریکا و وڵاتە ڕۆژاواییەکانەوە بەرەو وڵاتە تازە گەشەکردووەکان بچێ و ئەوەش لە وەبەرهێنانی کۆمپانیا گەورەکانی جیهاندا لە وڵاتە تازە گەشەکردووەکان ڕەنگی دابووەوە، بەڵام بەردەوامی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کۆتایی بە پارەی ئاسان لە جیهاندا هێنا.
کاریگەرییەکانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ نموونە لەسەر تورکیا، ئێران، ئەرجەنتین و بەرازیل و وڵاتانی گەشەکەری دیکە زۆر بە ڕوونی دیارە. بەهای دراوی ئەو وڵاتانە بەرامبەر بە دۆلار لە 2018 بەرێژەی 30%، 70%، 50% و 12% دابەزیوە. ئەمە بەو واتایەیە کە وەرگرتنی قەرز لەلایەن ئەو وڵاتانە بەرێژەی داڕمانی دراوەکانیان قورستر بووە و بووەتە هۆکاری سەرەکی خاوبوونەوی گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتانە.
هەرچەندە لە سەرەتای ساڵی 2018 وە زۆربەی وڵاتانی بەهێزی جیهان، وەک ئەمریکا، چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور گەشەیەکی بەرزی ئابوورییان تۆمار کرد، بەڵام لە نیوەی دووەمی 2018، گەشەی ئابووری وڵاتە گەشەکردووەکان و گەشەکەرەکان بەرەو خاوبوونەوە ڕۆیشت. ئامارەکانی چارەکی چوارەمی 2018 لەسەر گەشەی ئابووریی وڵاتانی جیهان بە وردی ئەوە دەسەلمێنن. جگە لەوەش پەرەسەندنی هەندێ ئایدۆلۆژیای تایبەت کە ڕەنگ و بۆیەکی پرۆتێکشنیزمانە (هەر کەس بۆ خۆی) یان پێوە دیارە، ئاسۆی ئابووریی جیهانی لە 2019 تەمومژاوی کردووە. هاتنەسەرکاری ترەمپ و برێگزێت و بەهێزبوونی پارتە پۆپۆلیستەکان لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ سەرهەڵدانی ئەو ئایدۆلۆژیا نوێیە کە گەورەترین مەترسی لەسەر ئابووری و کاروباری بازرگانیی جیهان دروستکردووە. بۆ نموونە ئەو نیگەرانیانە وایانکردووە خواست بۆ نەوتی خاو لە ساڵی 2018 وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا بەرز نەبێتەوە و ئەوەش لە دابەزینەکانی نرخی نەوت لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕەنگی داوەتەوە.
بمانەوێت و نەمانەوێت نەوتی خاو ئەو کاڵایەیە کە سەرەکیترین بەرهەمی هەرێمی کوردستانە و سەرچاوەی سەرەکی بودجەی حکومەتیشە. ئەگەر نرخی نەوت وەک دوو مانگی ڕابردوو بەردەوام بێت لە داڕمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شۆکێکی دیکەی کورتهێنانی بودجە دەکاتەوە کە دەتوانێت مەترسی جددی بۆ پلانە ئابوورییەکانی دروستبکات. کەمترین کاریگەری ئەوە دەبێت کە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکانی ناتوانێت بەو چەشنەی بەڵێنی داوە لە پێدانی مووچە، بەرێکوپێکی بەردەوام بێت.
رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەم کاتانەدا دەتوانێت وەک پەرژینێک توانای هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوی قەیرانێکی نوێ بەرزبکاتەوە. وەک چۆن هەندێ سەرچاوە لە بەغداوە ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەگەر حکومەتی عێراق ئامادە بێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و نەیبەستێتەوە بە بودجەوە، دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە. ئەگەر ئەمە بکرێت، ئەوەندە گرنگ نابێت کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019دا 12% بێت یان 14% و یان 17% بێ. بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ مووچەخۆران خەرج دەکرێت پشکی هەرە زۆری بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێنێت کە 75%ی کۆی بودجەکەیە. ئەگەر حکومەتی ناوەندی ئەم پشکە لە بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەوا لەڕێی سەرچاوەکانی دیکەوە، بەتایبەت لەڕێی داهاتی ناوخۆوە دەکرێت بەشەکەی دیکەی بودجە واتا بودجەی بەکارخستن و بە ڕێژەیەکی سنوورداریش بودجەی وەبەرهێنان دابین بکرێت.
سستبوونەوەی ئابووریی جیهان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت، دەتوانێت گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان خاوبکاتەوە، قەبارەی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش دابەزێنێ و تەنانەت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاریش. لە هەلومەرجێکی وەهادا باشترین کار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە جددیتر لە ساڵانی ڕابردوو، بەردەوام بێت لە چاکسازییە ئابوورییەکانی و ڕێکخستنی ژێرخانی ئابووریی وڵات. ساڵی 2019 دەبێت ببێتە ساڵی ڕاستەقینەی چاکسازییە ئابوورییەکان بەتایبەت چاکسازییەکانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی و پەرەپێدانی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و ڕێگاوبان. ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی قەیرانی ئابووریدا زۆر وێران بووە، ئەگەر لە 2019دا چاکسازییەکان هێندە جددی نەبن کە هەلێک بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری بڕەخسێنن، ئەوا ئەو چاکسازییانە ناتوانن ببنە هۆکاری بەدیهێنانی ئابوورییەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان.
عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری دیسکی ئابووریی ڕووداو[1]
#09-01-2019#