مامۆستایانی سەربەرز
فەرمانبەرانی بەڕێز
دوای بەدواداچون و ڕاگۆڕینەوەمان لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی یاسایی سەبارەت بە فۆڕمی ئەستۆپاکی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەرنجی خۆمان لەم چەند خاڵەدا دەخەینەڕوو:
1 وەرگرتنی بەڵێنامە لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەو شێوەیە پێچەوانەی حیکمەت و حوکمەکانی مادەی (3 و 5) یاسای ژمارە (4) ساڵی (1999) پەرلەمانی کورستانە (یاسای ناوبراو لە وەقائیعی ڕەسمی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە).
2 دەستەی دەستپاکی لە بڕگەی سێیەمی مادەی (27) ڕێنمایی ژمارە (1) ساڵی(2016) ی تایبەت بەڕەفتاری پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی هەرێم ئاماژەی بەوە داوە، گەرهاتوو فەرمانبەر بەبڕی کەمتر لە (100000) سەد هەزار دینار دیاری (بەرتیل) وەربگرێت ئەوا پێویست ناکات ڕونکردنەوە بدات به سەرو خۆی.
ئەم بڕگەیە دەرگا بۆ گەندەڵی دەکاتەوە و پێچەوانەی ئاشکرای ئەحکامی مادەی (307) یاسای سزادانی عێراقی و ئەحکامی مادەی (5/یانزەهەم) لەیاسای بەرزفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14) ساڵی (1991)، هەروەها پێچەوانەی مادەی (13) لە پەیڕەوی ژمارە(1) ی ساڵی (2011) ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە.
3 داواکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەران کە پابەندبن بە حوکم و بنەماڕەوشتیەکانی ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەریەتی کەرتی گشتی کە لە ڕێنمایی ژمارە (1) ی ساڵی (2016) ی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە، ئەمیش بە پاڵپشت بە مادە (36) ی ڕێنماییەکە، لە کاتێکدا خودی ڕێنماییەکە زیادەیە و تەنها کۆپی هەریەک لە پەیڕەوی ڕێسا و ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەرێتی هەرێم و مادەکانی (4 و 5) ی ئاسای بەرزەفتکرنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14) ساڵی (1991) ی هەمووار کراوە.
4 دەستەی دەستپاکی چۆن داوای واژوو لەسەر فۆڕمێک دەکات، لە کاتێکدا ڕێنمایی و پاشکۆی فۆڕمە ناگەیەنێت بەمامۆستایان و فەرمانبەران وە مامۆستایان و فەرمانبەران نازانن ڕێنمایی ژمارە (1) ساڵی (2016) چی تیانوسراوە کە داوایان لێ دەکرێت پابەند بن پێوەی.
5 داوا لە ئەنجومەنی دادوەری وەکو بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم دەکەین بەزووترین کات سەرنجی خۆیان لەسەر ئەم فۆڕمە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بخەنەڕوو.
لە کۆتاییدا داوا لەدەستەی دەستپاکی دەکەین لە جیاتی پەنابردن بۆ ئەم کارە زیادە و لاوەکیانە کار لەسەر ئەو سەدان دۆسیەی گەندەڵیانە بکەن کە هەرێمیان تووشی قەیرانی دارایی و نەهامەتی کردووە.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
#سلێمانی#، #هەولێر#، #کەرکووک# #هەڵەبجە#، ڕاپەڕین و #گەرمیان#، #کۆیە#، #چەمچەماڵ#، سیدسادق، تەکییە، #شارەزوور#
#19-02-2019#