وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی کوردستانی بەڕێز کە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی گەلی کوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا.
کوردستانیانی خۆشەویست..
ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامن کردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگا، ئامانجی سەرەکیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، سەرۆکایەتی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکاری و پەڕگیرییەک. بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بەردەوامیدان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەکانی دەخوازێت.
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان
#28-05-2019#