نووسینی: بەختیار عەلی
ئەم کتێبەی بەختیار هاوشێوەی کتێبە فکرییەکانی تری، دەچێتەوە سەر هەمان هێڵ و ڕایەڵی پێویستیی گەشەی هۆشیاری تاک وەک بنەمای ئازادبوون. بەختیار جیاواز لە نوسەرانی تر ئومێد لەسەر هیچ حیزب و جوڵانەوەیەکی نوێی ناو کایەی سیاسی کۆمەڵگەی کوردی هەڵناچنێت، ڕەخنەشی لەنوسەرانی تر هەر لەسەر هەمان بنەمایە.
بەختیار ڕەخنەی دەسەڵاتی کوردی دەکات، بەڵام ئومێدی بە دەسەڵاتی پەرلەمانی نییە کە لە کوردستان چاکسازی بکات، وەک خۆی دەڵێت هەموو هێلکەکان ناخاتە ناو سەبەتەی پەرلەمانەوە.
هاوشێوەی بەشێک لە نوسەرانی تر، ڕیفراندۆم و بانگەشەی دەوڵەتی کوردی وەکو وەهم و خەیاڵات و درۆ، یان وەکو پەردەیەک و توێژاڵێکی تەنکی داپۆشەری دزی و چەتەگەری دەسەڵات دەبینێت، بەڵام نابێت بە بەشێک لە جوڵانەوەی نەخێر، چونکە ئەوکارە بە تەسلیم بوون بەو نەهج و سیستەمە تەماشا دەکات.
بۆ بوون بە بەشێک لە ڕاگرەکانی سیستەم و شەرعیەتپێدانی، بەختیار نمونە بە دەروێش و سۆفییەکان دەهێنێتەوە، ئەگەرچی دەروێش و سۆفییەکان و ڕێبازەکەنیان لە مێژوودا وەکو شۆڕشگێڕ و شۆڕش دەرکەوتوون، بەڵام لەبنەمادا بەرجەستەکەری ڕاستەقینەی ئایدۆلۆژیای دونیای ئیسلامن. هەربۆیە پێیوایە کە زۆرکات سیستەم ڕۆحی خۆی لە فۆرمی کەسانی یاخی و بەرەنگار و لاتەریک (منعزل)ی شێوە شۆڕشگێڕدا بەرجەستە دەکات، کە وەکو بتشکێن دەردەکەون، بەڵام لەڕاستیدا جێگای هەڵگرتن و پاراستن و نمایشی پەیامە تایبەتییەکانی سیستەمن(بڕوانە: کتێبی ئایدۆلۆژیست، لا46)، ئەگەر ئەو کەسانە لەچاوی کۆمەڵگاوە کەسانێکن دژ بە ڕیتمی جێگیر و دۆگمای سیستەم دەجەنگن، بەڵام جەوهەری بوونیان پاراستن و درێژکردنەوەی سیستەمی باڵا و باڵادەستە.
ئا: جەبار ئەحمەد [1]