لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا، پلاتفۆرمەکانی یارسان و هۆرام، داگیرکردنی شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین-یان شەرمزار کرد، و داوایان کرد، کە هەموو کەس و لایەنەکان هەڵوێستیان هەبێت و دژی ئەو کودەتایە بووەستنەوە.
دەستەی بەڕێوبەری پلاتفۆرمی یارسان، هەروەها پلاتفۆرمی هۆرام، لە دوو ڕاگەیەندراودا هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلی کورد لە باکوری کوردستان و داگیرکردنی شارەوانییەکان، هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەی 'یارسان'دا هاتووە: کودەتای فاشیزمی دەوڵەتی تورک دژبە گەلی کورد بەردەوامە و لە نوێترین کردەوەی نادیموکراتیی و دژبە ئازادییدا، سێ شارەوانی ئامەد، مێردین و وان-ی داگیرکردووە و نوێنەری دیکتاتۆریان تێدا جێگیر کردووە.
لە بەردەوامیدا ئاماژە بە بێدەنگی وڵاتان کراوە و هاتووە: وەک دەستەی بەرێوبەرایەتی پلاتفۆرمی یارسان ئەو کارە شەرمەزار دەکەین و ڕایدەگەینین کە بێدەنگی بە واتای پەسەندکردنی دیکتاتۆری و سەردانەواندنە، پێویستە تاک بە تاکی کورد و ئازادیخوازان لە بەرامبەر ئەم کردەوانە هەڵویستی جددییان هەبێت و بە هەر شێوەیەک ناڕەزایەتی خۆیان نیشان بدەن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی پلاتفورمی هۆرام-دا هاتووە: ڕژێمی ئاکەپە بە کودەتایەکی دیکە جارێکی دیکه شارەوانی ئامەد، مێردین و وانی داگیرکرد، کە بەدەست هەدەپەوەبوون، هاوکات سەدان چالاکی دەسبەسەر کرد، ئەم کارە نایاساییە لە لایان حکومەتی ئاکەپەوە بە تەواوەتی دژی ئیرادەی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازە و کێشەکان لە ناو تورکیەدا قوڵتر دەکاتەوە.
هەروها هاتووە:ئەم هێرشانه لە کاتێکدا دەکرێ کە سەرۆک ئاپۆ لە دوایین دیداریدا هەروەها تەڤگەری ڕزگاریخوازی گەلی کورد بانگەوازی چارەسەری دیموکراتییانه و ئاشتیانه دەکەن، هەربۆیە ئەم کردەوە نایاسایی و دژە دیموکراتیانه ئەوە نیشان دەدات کە ئەردۆغان و حکومەتی ئاکەپە نەک تەنیا بە دوای چارەسەرییەوە نین، بەڵکو تەنیا ڕێگایەکیان گرتووەتە بەر، ئەویش قڕکردنی گەلی کورد و سەرکوتی گەلە ئازادیخوازەکان و نوێنەرانیانه.
لە کۆتاییدا پلاتفۆرمی هۆرام ڕایگەیاندووە: ئێمە ئەم هێرش و داگیرکاریانه وەک هێرش لە سەر گەلی کورد دەزانین و سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوانه داوا لە گەل و هەموو هێزە ئازادیخوازەکان بە تایبەت لایەنە کوردیەکان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت.