زیاتر لە ساڵێکە لە شاری #ئامەد# هەوڵ بۆ کردنەوەی ناوچەی دروستکردنی جلوبەرگ دەدرێت و هەوڵەکە بەرهەمدار بووە. لەو ناوچەیەدا 77 کارگەی دوورینی جلوبەرگ دادەمەزرێن و لە سەرەتایشدا هەشت هەزار گەنج دەکەونە سەر کار.
جاهیت توران کە بازرگانێکی کوردە و لە ئیستەنبووڵ کارگەی دوورینی جلوبەرگی هەیە، بڕیاریداوە بگەڕێتەوە ئامەد و کارەکەی لە زێدی خۆی بکات. لەسەر ڕووبەری نۆ دۆنم کارگەیەکی دروستکردووە و دەیەوێت لە ئامەدەوە جلوبەرگ بۆ ئەوروپا هەناردەبکات.
جاهیت توران، خاوەنی کارگەی جلوبەرگە و دەڵێت، ئەگەر کارگەکەم بکەوێتە کار، نزیکەی 100 کەس کاری تێدا دەکەن. مەکینەکانمان ئەلیکترۆنین، لەبەرئەوە زۆر پێویستیمان بە هێزی مرۆڤ نابێت. دەمانەوێت لە بازاڕی نێوخۆی تورکیا و دەرەوەیشیدا کاربکەین و ئەو جلوبەرگانە بە وڵاتانی ئەوروپا بفرۆشین.
جگە لە جاهیت توران، 26 بازرگانی دیکەیش کە لە ئیستەنبووڵ کارگەی جلوبەرگیان هەیە، دەگەڕێنەوە ئامەد و لەو ناوچەیە کارگە دروستدەکەن. بەو هۆیشەوە هەزار و 290 دۆنم زەوی بۆ ئەو کارگانە تەرخانکراوە. ئەو ناوچەیە دەبێتە ناوەندێکی جلوبەرگ و بە هەزاران کوڕ و کچی ئامەد دەکەونە سەر کار.
حەسەن بەسری گوزەلئۆغلو، پارێزگاری ئامەد ڕایگەیاند، ئەم ناوچەیە لە تورکیا تایبەت و نموونەییە. نزیکەی هەشت هەزار کەس دەخاتە سەر کار. لێرەوە جلوبەرگ بۆ نێوخۆ و جیهان دەدووردرێت و مانگی نیسان لەم ناوچەیەدا دەست بە دوورینی جلوبەرگ دەکرێت.
ناوچەی جلوبەرگی ئامەد بە پشتیوانیی حکومەت و بازرگانان دەرکرێتەوە. بەپێی گوتەی بازرگانان، دوای ئەوەی لەم ناوچەیە دەست بە کار کرا، لە شارە کوردییەکانی دیکە شوێنی لەو جۆرە دەکەنەوە.
محەممەد کایا، سەرۆکی هۆبەی بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد ئاماژە بەوە دەکات، کردنەوەی ناوچەی دوورینی جلوبەرگ بۆ ئێمە زۆر گرنگە. دەبێت حکومەت لە هاندانی ئەو جۆرە کارانە بەردەوامبێت. ئەگەر وابڕوات، ئامەد دەبێتە ناوەندێکی گرنگی دوورینی جلوبەرگ.
لە ناوچەی دوورینی جلوبەرگی ئامەددا مۆدێلی جلوبەرگ دادەهێنرێت و خەڵکی ئامەد دەبنە داهێنەری شیوازی نوێی جلوبەرگ.[1]
#14-01-2020#