دوا بە دوای ئەنجامدانی چەندین پەیوەندیکردن بە وەزارەتی تەندرووستی عێراقی فیدراڵ و بەڕێز وەزیری تەندرووستی عێراقی فیدراڵ لە پێناو یەکخستن و هەماهەنگی لە ڕێککارەکانی خۆپارێزی دژی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و پێشنیازەکانی وەزارەتی تەندرووستی عێراقی فیدراڵ بە نووسراویان ژمارە (559) لە 20/2/2020 لە دوای دڵنیابوون بە تۆمارکردنی 6 حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی کۆرۆنای نوێ و لە نێوانیان 2 حاڵەتی مردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێککارەکان وەک داخستنی کۆلیژ و پەیمانگا و قوتابخانەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە کە ئەمەش لە لایەن نووسینگەی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ئەمڕۆ پشتڕاستکرایەوە، کۆبوونەوەی بە پەلەی لیژنەی باڵای وەزارەتمان بە سەرۆکایەتی وەزیری تەندرووستی و ئامادەکاری بۆ خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە بە هەموو وردەکارییەکانەوە تاوتوێ و گفتوگۆ کرا دەربارەی باری نەخۆشییەکە لە جیهان و ناوچەکە بە تایبەتیش لە کۆماری ئیسلامی ئێران، بە هۆی ئەم ترسناکیانە:
1- زۆری دەروازە و هاتووچۆی نێوان هەرێم و ئەم وڵاتە کە هەزاران کەس لە کاتی سەردانەکان.
2- سەختی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی کە خۆی لە پشکنینەکانی پزیشکی و کەرەنتین کردنیان دەبینێتەوە و هەروەها ڕێوشوێنەکانی تر.
3- باری ئێستای بەشەکانی تری عێراق، کە وا دەکات ئەستەم بێت کۆنترۆڵ بکرێت، ئەگەر بێتوو لە عێراق ئەم نەخۆشییە سەرهەڵبدات.
بۆ ئەم مەبەستە و بە پشت بەستن بە یاسای تەندرووستی گشتیی، ژمارە 89ی ساڵی 1981 و بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنی ئەم ڤایرۆسە پێشنیاز دەکەین:
پێشنیازەکان
1- ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی هەموو ئه و هاووڵاتیانەی کە لە ئێرانەوە دێن بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە گشت خاڵە سنوورییەکان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تا کاتێکی نادیار جگە لە شاندە دیبلۆماسییەکان، کە پشکنینی پزیشکیان بۆ بکرێت.
2- ئەم ڕێگرییە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە کە ئێستا لە کۆماری ئیسلامی ئێرانن، بە مەرجێک پابەندی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندرووستی بکرێن، کە خۆی لە کەرەنتین و چاودێریکردن بۆ ماوەی 14 ڕۆژ دەگرێتەوە.
3- ڕێگریکردن لە گشت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سەردانی کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران تا کاتێکی تری نادیار
#20-02-2020#