سەرجەم بڕیارەکانی وەزیری خوێندنی باڵا :
بڕگەی یەکەم: ئەو زانکۆیانەی کە پەیڕەوی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەکەن بەم شێوەیەی خوارەوە بڕیاردرا:
1. ئەژمارکردنی هەموو ئەو کریدیتانەی کە خوێندراوە و تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020).
2. ئەو کریدیتانەی کە نەخوێندراوە ئەوا دابەش دەکرێت بەسەر سیمیستەرەکانی داهاتوو لە ساڵی خوێندنی (2020-2021) و لە سیمیستەرەکانی ساڵانی داهاتوو دەخوێندرێت، چونکە بە گوێرەی سیستمی بۆڵۆنیا ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە ڕێگەپێدراوە بە پێی بنەماکانی کۆکردنەوەی کریدیت.
بڕگەی دووەم: سیستەمی ساڵانە و سیستەمی کۆرسات: بەم شێوەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێت:
1. هەموو بەشەکان (زانستییەکان و مرۆڤایەتییەکان) ئەنجامی تێرمی یەکەمیان بۆ ئەژمار دەکرێت بۆ مەبەستی دەرچوون یان دەرنەچوونی ساڵی خوێندنی (2019-2020).
2. ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە لە ئەنجامەکانی تێرمی یەکەم دەرنەچوون یاخود تاقیکردنەوەیان نەکردوە، ئەوا زانکۆکان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی زانستی یاخود هەر میکانیزمێکی تری گونجاو هەڵسەنگاندن ئەنجام ئەدەن، بەبێ ئەوەی قوتابیان و خوێندکاران بگەڕێنەوە نێوکامپەسی زانکۆکان.
3. ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە بەئەنجامەکانی تێرمی یەکەم دەرچوون ئەوا سەرپشکن کە دوبارە بەشداربن لەو هەڵسەنگاندنەی کە بە ڕاپۆرت و میکانیزمەکانی تر ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر خوێندکارێک بیەوێت نمرەکانی بەرزبکاتەوە لە پێناو پاراستنی کێبڕکێی زانستی.
4. سەبارەت بە توێژینەوەی دەرچوونی قۆناغە کۆتاییەکان ئەوا نمرەکان دابەش دەکرێت لە نێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و یەک مامۆستای تری هاوپسپۆر کە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکە ئەنجام ئەدات.
5. سەبارەت بە قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی کۆلیجەکانی پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان ئەوا دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەکان بۆ تەواوکردنی لایەنی پراکتیکی وانەکانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام ئەدرێت لەبری تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی خوێندنی (2019-2020).
بڕگەی سێیەم: بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەی سەرەوە دەسەڵات ئەدرێت بە زانکوکان بۆ دارشتنی ووردەکاری جێبەجێکردن لەپێناو ڕەچاوکردن و پاراستنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نێوان زانکۆکان.
بڕگەی چوارەم: زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش ئەم بڕیارانەی سەرەوە جێبەجێ دەکەن.
بڕگەی پێنجەم: سەبارەت بە قوتابیان و خوێندکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا ئەوا بەپێی بڕیارەکانی پێشو و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان بەردەوام ئەبن.
لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی و سەرکەوتن بۆ یەکەبەیەکەی خوێندکاران و قوتابیان دەخوازم و لە ناخەوە سوپاسی دایک و باوک و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەم کە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەکانیاندا ماندوو بوون و درێغییان نەکردوە،
هەروەها جارێکی تر پڕ بەدڵ سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەکانی #وەزارەتی خوێندنی باڵا# و زانکۆکان دەکەم کە هەمیشە لە پێناو خزمەتکردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی نیشتیمانەکەماندا درێغیان نەکردوە.
لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک.
د. ئارام محمد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
#26-05-2020#