کتێبی (ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە - کتێبی کارڵ) بڵاوکرایەوە
ئەم کتێبەلە نووسینی خانمە نووسەری دانیمارکی: نایا مارییا ئایت و ئالان پەری کاری وەرگێڕانی لە دانیامرکییەوە بۆ کردووە. ئەم کتێبە بە فرۆشراوترین کتێبی نێودەوڵەتی ناوبانگی دەرکردووە The international bestseller کە پتر بۆ 13 زمان وەرگێڕدراوە و خاوەنی دوو خەڵاتی جیهانییە. نووسیار[1] مافی وەرگێڕانی بۆ کوردی وەرگرتووە و بە ڕەزامەندی نووسەر چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
لە مانگی مارسی ساڵی 2015 دا کارڵ، کوڕی خانمە نووسەری دانیمارکی (نایا ماریيا ئایت) لە تەمەنی بیستوپێنج ساڵیدا بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیان لە دەست دەدات.
(ئەگەر مردن شتێکی بردوويت بۆی بگەڕێنەوە) باس لە دووەمین ساڵی دوای بیستنی ئەم هەواڵە جەرگبڕە دەکات. ئەم هەواڵە بە جۆرێک کار لە نووسەر دەکات، شۆکی دەکات و دواتر بە نووسینی ئەم کتێبە وردە وردە هێور دەبێتەوە. سەرلەبەری ئەم کتێبە باس لە چۆنیەتيی ژیان لەدوای لەدەستدانی منداڵێکەوه دەکات. هەروەها باس لەوەش دەکات کە چۆن لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، خەم پێوەنديی نێوان دوو کەسی لێکنزيک لە واقيعدا دەگۆڕێت. ئەم کتێبە لەبارەی لەدەستدان و خۆشەویستییەوە دەدوێت.
لەبارەی ئەم کتێبە ئالان پەری دەڵێت:
”کاتێک بۆ یەکەم جار ئەم کتێبەم خوێندەوە، سەرنجی ڕاکێشام. ناونیشانی ئەم کتێبە شێواوی پێوە دیارە وەک چۆن ناوەڕۆکی کتێبەکەش فراوان و واڵایە. ئەم کتێبە زۆرترین ژانری ئەدەبی دەگرێتە خۆی: تاوێک شیعرە و تاوێک گێڕانەوە و یاداشتە، تاوێکیش ڕۆمانە. بەگشتی زیاتر دەنێوە گێڕانەوەی دەقی واڵادا خۆی دەبینێتەوە. خوێنەر دەتاسێنێ و بەر هەستیارترین بابەت بارگاوی دەبێت، ئەویش بابەتی (مردن) ە. نووسەر بە شێوازی خۆی شیوەن و ماتەمینی خۆی دەنووسێتەوە، کە دەکرێت سود لە ئەزموون و شێوازی تەکنیکی ئەم کارە ئەدەبییە وەربگرین. ئەمە بێجگە لەوەی ئامادەبوونی دەقی چەندین نووسەری تر لە بارەی لەدەساتدنی کەسانی ئازیزانی خۆیان. ئەم کتێبە بۆ من زۆرترین کات و وزە و چێژی پێ بەخشیم و دەتوانم بڵێم دەبێتە دڵخوازترین کتێب کە کاری وەرگێڕانم بۆ کردبێت”