هەولێر لۆ وایلێهات ؟!
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
عجیب أمور، غریب قضیة.. لە دوای 65 ساری تەمەن لەو شارەدا، ئێستا خۆم بە غەریب دەزانم!.
شارەکەم وەها گۆڕایە بەحار دەیناسمەوە.
گەڕەکی وا پەیدا بووە نە دەزانم ناوی چییە، نە دەشزانم کەتیتە کێندەرێ!.
چروچاوی وەها دەبینم نەدەزانم لە چ شار وراتەکی هاتییە، نە دەشزانم لۆ چ هاتیتە شارەکەم!.
جاران گەڕەکەکانی هەولێر هەموویان خوشک و برا بوون. #تەعجیل# و #عارەبان# جمک بوون پێکەوە بەسترابوون.
#تەیراوە# لە تەنیشتەوە دەستی لەناو دەستی #خانەقا# بوو.
#سەیداوە# و #سێتاقان# لەناو هەناوی یەکتریدا بوون.
#ئیسکان# و #ئازادی# دوو برای گیانی بەگیانی بوون.
#شۆڕش# و بەستەپیازە شەورۆژ دەست لەملانێی یەکتریان دەکرد. منداری سەعدوناوە و مینارە پێکەوە لەکۆرانێ گەمەیان دەکرد.
قەراتیش وەکی داکەکی بەسۆز حەموویانی لەباوەش دەگرت.
گەڕەک یەک خانی بوو، یەک سەربانی هەبوو.
خانییەکان وەکی چەند ژوورەک بوون لەناو یەک خانی گەورەدا. بڕۆن تەماشای خانییەکانی تەعجیل و عارەبان و خانەقا و تەیراوە و سەیداوە و سێتاقان بکەن دەبینن بەینی خانی و خانی نیو مەتر نابی.
منداری گەڕەک لەومار لۆ ئەو مار گەمەی خۆیان دەکرد.
نیوڕانان یەک سفرە دادەخرا، شیوی مە لۆ سفرەی جیران ، هیی ئەوانیش لۆ سفرەی مە.
قەیسەری دوو هەزار دوکانی لێبوو، بەران دوکاندارەکان حەموویان یەکتریان دەناسی، دەیانزانی ئەو دوکاندارە کوڕی کێیە و، داکی کێیە، چەند کوڕ و چەند کچی هەیە..
تەلەبەی متوەستەی ئەربیل دەیزانی مودیرو مامۆستاکانی متوەستەی زازاو جمهوری کێن.
دەیزانی مامۆستا زوبیر بیلال لەکام متوەستە دەرسی تاریخ دەرێتەوە، مامۆستا تۆماش لەکام ئیبتدائی دەرسی ئینگلیزی فیری تەلەبەکان دەکا.
لەدائیرەکان پێویستیت بە واستە نەبوو، چونکی حەموو مۆزەفەکان خزم وناسیار بوون.
دەتزانی مودیرەکانیان وەختی عەسران لەکام چایخانە و لە دوکانی کام برادەرەکانی دادەنیشی و لەلای کام حەلاق سەری دەتراشی.
سبەینێ حەتا ئێوارە پیاسەی ناو بازاڕم دەکرد هەموو ئەهلی شارم دەناسی..
حەداد و نەجار و خەیات و بەقار و کەبابچی و چایچی حەمبار و چەخماخچی و بەناو وەستای کاشی و لاعیبی تۆپانێ، ڕیازی ومەلای مزگەفت، شوڕتە و مەئموری مەرکەز، دختۆرو فەڕاشەکەی، هونەرمەندو شاعیرەکان.
حاجی نامیق بەقاڵ ئەمنی نەدەناسی، بەس بمگۆتبایە کۆری فڵانم یەکسەر ماچی دەکردم.
جەلال خەلیل ئەمنی لەگەر کوڕەکانی نیازی و سەردارو تاریقی بدیتبایە دری پێ خۆش دەبوو. سەید سەلیم لەگەر بابم وەکی ئامۆزا وابوون، عەبۆ قاوەچی و ئەمین چایچی شاگردەکانیان وەکی کوڕیان تەماشا دەکرد.
مام صدیقی سینەما حەمرا مەمەدو عارەبانەکەشی لەسەر دەست ڕادەگرت و خزمەتی دەکردن.
تەماشای هەر لایەکت بکردبایە غەریبەیەکت نەدەیت مەگەر زۆر بەدەگمەن ئەویش ئەگەر لۆ مەسایف هاتبان.
لە بازاڕ بڕۆیشتبای سەتان سەلامت لەخەرکی دەکرد و سەتان کەسیش سەلامیان لێ دەکردی. حەموو خەرکت دەناسی، ناویشت نەزانیبایە بەدەموچاو دەتناسییەوە. تەماشای هەر دوکانەک و چایخانەیەک و کۆرانەکت بکردبایە خەرکەکە ئاشنا بوون.
بەدرێژایی ڕۆژ بەئارامی لەناو شار دەگەڕای، شەوانیش تا درەنگ بەئاسوودەیی سەردانی مارە خزمانت دەکرد، قەت ڕۆژەک لەرۆژان گێت لە تاوانەکی کوشتن ودزی نەدەبوو.
کاسبکار ڕۆژی نیو دینار یان سێ ڕوبعی دەستبکەتبایە هەردوو دیوی دەستی خۆی ماچ دەکرد و شوکرانەی خوای دەکرد..
کەس تەماحی لەماری کەس نەدەکرد.. کەس لەدووی نامووسی کەس نەبوو.
کوڕی گەڕەک خۆی لەسەر کچە جیرانەکی بەکوشت دەدا بەس لۆ ئەوەی کەسەک تەعلیقەکی ناشیرینی لێ نەداتن. تەنانەت شەقاوەکانیشمان پیاو بوون، قەڵغانەک بوون لۆ ئەهلی گەڕەک.
مۆزەف دەستپاک بوو، کاسب خواناس بوو، کوڕ و کچی شار بەحەیاوشەڕەف بوون.
لەناو ئامانەدا ژنەک بەسەر کەتبایە جێیەکەی خۆتت لۆ چۆل دەکرد.
لە چایخانەکان لە تەنیشت پیاوی پییر دانەدەنیشتی..
لەمەجلیسی پیاوە گەورەکان لەلای پێلاوەکان دادەنیشتی.
لەتازیەکان بەپێوە ڕادەوەستای، لە حەفلەی ژنهینانیش شیوت دادەنا و ئاوت دەگێڕا.
ئەوانە حەمووی قییەم وئەخلاقەک بوون کە لەباپیرەکانمانەوە گواسترانەوە لۆ بابەکانمان، لەوانیشەوە گەیشتە جیلی ئێمە. ئەوانەش وەنەبی تایبەت بە کەسانەکی دیاریکراو بن.
ئەو قییەم وئەخلاقە لەسەیداوە وسێتاقان و کوران لەگەر تەعجیل وعارەبان و سەعدوناوە و شۆڕش، بەستەپیازە و ئیسکان و ئازادی حەمووی وەکی یەک بوون، چونکی شارەکەمان خۆی بە ئەخلاق بوو.
ئێستا ئەو قییەم وئەخلاقانە لەگەر ڕووخاندنی گەڕەکانی هەولێر و هاتنی خەرکی غەریبە و براو بوونەوەیان لەناو شارەکەمدا کۆتایی هات.
ئێستاش ئەو خەرکە بیگانەیە لە شارەکەم بڕۆنەوە، حەموومان یەکتری دەناسینەوە.
بە داخەوە ئەوەی هۆلاکۆ پێی نەکرا لەداگییرکردنی شارەکەم ئێستا خەرکە بێگانەکان داگییریان کرد. باقی وەلسەلام..[1]